”شاسوار عەبدولواحید: من ھەڵە بووم و ناماقووڵیم كرد!“
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 20/06/2022

”شاسوار عەبدولواحید: من ھەڵە بووم و ناماقووڵیم كرد!“

لەبەرئەوەی بە وەكالەتی ھەندێك لە بەرپرسانی ئەم وڵاتە زیاتر خەریكی شوقە و چاڤی لاند و یاریی كورسی - كورسی و بەنزینخانە بووە و كەمتر سەری پەرژاوەتە سەر دەستوور و بابەتە سیاسی و نێودەوڵەتیەكان، بۆیە ھەر كاتێك شاسوار عەبدولواحید قسە لەسەر سیاسەت و كاروباری سیاسی دەكات، یەكسەر بۆت دەردەكەوێت كە لەم بوارەدا چەند كۆڵەوار و دەستكورتە و بەزەییشت بەو كۆمەڵگەیەدا دێتەوە كە زمان و بیچم و بۆدیی وەك شاسواری تیا بەرھەم دێت.

ئەوەتا شاسوار داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حكوومەتی عێراق دەكات كە لەدوای 1–10ی ئەمساڵەوە ھیچ جۆرە مامەڵەیەك لەگەڵ پەرلەمان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا نەكەن! چونكە ھەروەك شاسوار دەڵێت: ”ئەگەر ھەڵبژاردن نەكرێت ئیتر دوای 1–10ی ئەمساڵ پەرلەمان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان متمانەی خەڵك لەدەست دەدات!“

ھەروەك ئەوەی لە سەرەتادا ئاماژەم پێ دا، لەبەرئەوەی ئەم شاسوارە لە دنیای سیاسەتدا ھەژارە و دەوڵەمەندیەكەی تەنیا لە دنیای شوقە و بەنزینخانە و دەستبڕینی خاوەن پشكەكانی چاڤی لانددایە، ئەوەتا بە دەست و پێوە تێكەوتووە، چۆن؟ ئێوە سەیر كەن:

1- شاسوار بە حكوومەتی عێراق و دامەزراوەكانی عێراق دەڵێت ئەگەر لە ھەرێمی كوردستان ھەڵبژاردن نەكرێت ئیتر لە دوای 1 – 10 ی ئەمساڵ ھیچ جۆرە مامەڵەیەك لەگەڵ پەرلەمان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان نەكەن چونكە ئیتر دوای 1 – 10 پەرلەمان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان متمانەی خەڵكی كوردستان لەدەست دەدات!

ئەوە لە كاتێكدایە كە بە گوێرەی بڕگەی 2 (ب) لە مادەی 72ی دەستووری عێراق دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژی دوای یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی نوێی دوای ھەڵبژاردنەكانی عێراق، سەركۆماری نوێ بۆ عێراق ھەڵبژێردرێت، دە باشە با ئنجا شاسواری بەنزین و چاڤی لاند بچێت لە 9–1–2022 كە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراقی تیا ھەڵبژێردرا ھەتا 19–6–2022 كە ئەم فەرماییشتەی فەرمووە، حساب بكات بۆ ئەوەی بزانێت چەند ڕۆژ بەسەر ئەو 30 ڕۆژەدا ڕۆییشتووە كە بە گوێرەی بڕگەی 2 (ب)لە مادەی 72ی دەستوور دەبوایە لەو 30 ڕۆژەدا سەركۆماری نوێی عێراق ھەڵبژێردرایە؟ جا شاسوار بەم عێراقە دەڵێت ئەگەر ھەڵبژاردن لە ھەرێمی كوردستان نەكرێت ئیتر لەدوای 1–10 مامەڵە لەگەڵ پەرلەمان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان مەكەن!

2- ھیچ بڕگە و مادەیەكم لە دەستووری عێراقدا نەبینیوە كە ئەگەر ھەرێمی كوردستان لە وادەی یاسایی خۆیدا نەتوانێت ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمان بكات، ئیتر نابێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حكوومەت و دامەزراوەكانی عێراق ھیچ جۆرە مامەڵەیەك لەگەڵ پەرلەمان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكەن، جا ئەگەر لە دەستوورەكەی شاسوار و چاڤی لاند و دەستووری بەنزینخانەكەیدا بڕگە و مادەیەكی وەھا ھەبێت ئەوەیان نازانم!

3- ئەوپەڕی ھەژاری و دەستەپاچەیی سیاسیی شاسوار عەبدولواحید لەو دێڕەی ناو فەرماییشتەكەیدا دەردەكەوێت كە دەڵێت: ”ئەگەر 1–10–2022 ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان نەكرێت، ئیتر پەرلەمان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان متمانەی خەڵك لەدەست دەدات، ئافەرم شاسوار دەست ھەڵبڕە! تۆ بڵێ بۆچی؟ ئەوە لەبەرئەوەی كە تۆی ئۆپۆزسیۆن! تەنیا بەم دێڕە دانت نا بەوەی كە پێشتر و ھەتا ئێستا و ھەتا 1–10-2022ش پەرلەمان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان متمانەی خەڵكیان ھەبووە و ھەیە و دەمێنێت! چونكە ئەوەتا ھەر خۆت دەڵێیت ئەگەر ھەتا 1 - 10 ھەڵبژاردن نەكرێت دوای ئەوە ئنجا پەرلەمان و حكوومەتی ھەرێمی كودستان متمانەی خەڵك لەدەست دەدات!

جا ئەگەر پێشتر و ئێستا و ھەتا 1-10-2022 پەرلەمان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان متمانەی خەڵكیان ھەبووبێت و ھەبێت ئەی باشە تۆ بۆچی ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان و دژی حكوومەتێكیت كە متمانەی خەڵكی كوردستانی ھەبووە و ھەیە؟ جا كە پەرلەمان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەر وەك خۆت دانت پیا ناوە متمانەی خەڵكی كوردستانیان ھەبووە و ھەیە و ھەر بە قسەی خۆیشت و لانی كەم ھەتا 1- 10ی ئەمساڵیش متمانەی خەڵكیان دەمێنێت ئەی ئیتر تۆ بە ناوی چ خەڵكێكەوە دژی پەرلەمان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بوویت؟

ھەر لەسەر بنەمای ئەم دانپیانانە كەواتە ھەموو ئەو ماوانەی كە شاسوار وەك نوێنەری خەڵك خۆی خستووەتە بازاڕەوە و گوتوویەتی من نوێنەری خەڵكم نەك پەرلەمان و حكوومەت! ھەڵە بووە و ناماقووڵیی كردووە. یەعنی ھەر لەسەر بنەمای ئەم دانپیانانەی خۆی، شاسوار دەڵێت من ھەڵە بووم و ناماقووڵیم كردووە كە پێشتر گوتوومە پەرلەمان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھی خەڵك نیە و متمانەی خەڵكی كوردستانیان نیە!