(هه‌شته‌م)
چیم له‌م به‌شانه ناو نه‌ناوه و ناونیشانم بۆ دیارى نه‌كردوون، به‌ڵام ده‌مه‌وێت ئه‌م نووسینى به‌شى هه‌شته‌مه ناو بنێم (خۆڵ و كۆتر!)
با ڕوونى بكه‌مه‌وه بۆ ئه‌م ناونیشانه‌م هه‌ڵبژاردووه، له‌خۆڕا بووه، یان مه‌به‌ستم هه‌بووه.
له خواره‌وه هەندێك شت ده‌ڵێم:
یه‌كه‌م: له‌مه‌وبه‌ر باسى جیاوازیى نێوان (پێشكه‌وتن) و (گه‌شه‌كردن)م كرد و ده‌زانم زۆر به‌باشى په‌یامه‌كه‌م نه‌گه‌یاندووه و ده‌مه‌وێت ده‌رفه‌تم بده‌یتێ، ئه‌گه‌ر پێم بكرێت، ڕوونترى بكه‌مه‌وه كه مه‌به‌ستم چییه.
دووه‌م: وا ده‌مه‌وێت ناونیشان دابنێم و ناونیشانى (خۆڵ و كۆتر)م هه‌ڵبژاردووه و جا بزانه مه‌به‌ستم چییه؟
په‌راوێزێك بۆ خاڵى یه‌كه‌م
شكستهێنان له باسكردنى جیاوازیى نێوان (پێشكه‌وتن) و (گه‌شه‌كردن)دا و ههوڵۆكهیهك بۆ گه‌یاندنى په‌یامه‌كه.
دامه‌زراوه‌ى (مۆنك)، كه پێناسه‌كه‌ى كهنهدیاییه، كتێبێكى سه‌نگینى ده‌ركردووه به ناونیشانى (ئایا باشترین رۆژانى مرۆڤ به‌ڕێوه‌ن؟)
سروشتى كارى ئه‌م ده‌زگایه، كه كتێبهكهیشى به‌رهه‌م هێناوه، به شێوازى ڕاپڕسییه. هێندێك لایه‌نگرن و هێندێك دژ. مرۆڤ لایه‌نگرى هه‌رچی بن و دژى هه‌رچی بن هه‌ر مرۆڤن و قه‌در و به‌هایان به ڕا و بۆچوونیانه‌وه نییه.
كتێبه‌كه پڕگرنگه و گومان ده‌باته سه‌ر نرخ و به‌هاى زانست و ئێمه‌ومانانیش، كه سى ساڵێك پێش ئێستا بیرمه‌ندێكى وه‌ك (هایدیگه‌ر)مان به كورد ناساندووه و له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم له گۆڤارى (بوون)، له خه‌مى ئه‌وه‌وه بووین هۆشمه‌ندى بده‌ین، كه به‌م ئاڕاسته‌یه‌دا شتى ترسناك چاوه‌ڕوانمان ده‌كات، ئه‌مه‌ش وام لێ ده‌كات، به شه‌رمه‌وه بڵێم "كاكۆ پڕ باشمان كردووه".
كتێبه، كه ده‌چێته‌وه سه‌ر بۆچوونه‌كانى ( هایدیگه‌ر))ى بیرمه‌ند و فیلۆسوفى بهنام و ده‌نگى ئه‌ڵمانیایى، سه‌باره‌ت به ته‌كنۆلۆجیا كه له ساڵى 195دا وه‌ڵامى پرسیارى ئه‌م سه‌رده‌مه ده‌داته‌وه، كاتێك خه‌ڵكانێك ده‌ڵێن "ته‌كنۆلۆجیا چۆنیه‌تیى به‌كارهێنانى بڕیار ده‌دات و ده‌كرێت سوودى لێ وه‌ربگیرێت، یان زیان"
هه‌ر دوانێك ئێستا ده‌رباره‌ى پێشڤه‌چوونى ته‌كنۆلۆجیا بێت و سه‌باره‌تى بڵێن، هه‌مان قسان ده‌كه‌ن و گوایا ڕاست ده‌بێژن، به‌ڵام كه بیرمه‌ندى وه‌ك (هایدیگه‌ر) دێته گۆ و كه ڕامان قسه ده‌كات، ده‌ڵێت: "ئه‌مه هیچ ڕاست نییه”، چونكه ته‌كنۆلۆجیا بۆچوونى مرۆڤ له‌سه‌ر خۆى و بوونى و په‌یوه‌ندیى به ده‌وروبه‌ر و ڕوانینى سه‌باره‌ت به جیهان ده‌گۆڕێت.
ئا ئه‌مه‌یه ئێستا ڕووبه‌ڕووى ده‌بینه‌وه.
(پۆل فیرلۆ) بیرمه‌ندێكى گرنگه، به‌ته‌نگ هونه‌ر و زانستى خێراییهوهیه، له پرۆژه و كتێبه‌كانیدا خۆی بۆ (درۆمالۆجیا) ته‌رخان كردوو (كه زانست و لۆجیكى خێراییه)، ئه‌و ده‌بێژێت: "خێرایى سروشتى ڕووداو و كردگار وه‌رده‌چه‌رخێنێت، به جۆرێك، ده‌بنه پێچه‌وانه‌ى تایبه‌تمه‌ندى و سروشتى خۆیان."
كتێبێكى پڕ بایه‌خى هه‌یه به ناونیشانى (سیاسه‌ت و خێرایى)، ساڵى 2018 وهغرى كردوو و دوایین كتێبیشى به ناونیشانى (خێراكهرى مه‌زن)ه و زۆریشى له‌مبارەیە‌وه هۆنیوه‌ته‌وه.
چۆن باسى بكه‌م و نازانم چۆن په‌یامى بگه‌یەنم، كه سه‌باره‌ت ئه‌وه‌یه خێرایى سروشتى ڕووداو و پێكهاته‌ى شته‌كان ده‌گۆڕێت.
با هه‌وڵێك بده‌م، بزانم ده‌یپێكم؟
هێلكه‌یه‌ك بخه سه‌ر ئاگر و گڕى ئاگرەكه سه‌د جار به‌رز بكه‌ره‌وه، له‌جیاتى گورزێك دار، ده و زیاترى پێوه بنێ، چى به‌سه‌ر دێت؟
بێگومان هێلكه‌یه‌كى كوڵاوت ده‌ست ناكه‌وێت و هێلكه‌كه ده‌بێت به شتێكى تر (قه‌ره‌برووت)ى ناو ده‌نێیت،(زڵفنج)، یان چى ناو ده‌نێیت ناوى بنێ، به‌ڵام تۆ هێلكه‌یه‌كى كوڵاوت ده‌ست ناكه‌وێت.
به زانایه‌كى مه‌زن و به ده‌نگ و نامێ وه‌ك (ئه‌نشتاین)یان گوت: "ئه‌رێ به‌ڕاست تیوره‌ى رێژەیی چییه؟"
گوتى: "بۆ چه‌ند چركه‌یه‌ك په‌نجه‌ت بخه‌ره ئاوێكى لهكوڵهوه، واده‌زانى ته‌مه‌نێكه. ده سه‌عات له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌تدا دانیشه، وا ده‌زانى چه‌ند چركه‌یه‌كه. تیوره‌ى رێژەیی ئا ئه‌مه‌یه."
خێرایى و تیژڕه‌وى ئه‌وه‌یه ناوى ده‌نێین (پێشكه‌وتن) و به دیوێكى تریشدا (نوێگه‌رى) و (پاش نوێگه‌رى)ه، به‌ڵام بریتى نییه له (گه‌شه‌كردن) و ته‌لیسم واتاى بۆ شێوازى ژیانمان نه‌هێشتووەته‌وه.
ئه‌م شێوازى ژیانه‌ى ده‌یگوزه‌رێنین، بۆچى بووه به‌وه‌ى زانایه‌كى مه‌زنى وه‌ك (ئه‌نیشتاین) ناودێرى بكات به‌وه‌ى "وه‌ك ئه‌وه وا بێت په‌نجه‌ت له ئاوى كوڵاودا بێت"، فه‌ڕ و به‌ها و سوودى ئه‌مه چییه؟
مرۆڤى ئه‌م سه‌رده‌مه، كه گوایا پێشكه‌وتووه، هه‌ر ڕاده‌كات و ناسره‌وێت. (زیگمۆن باومان) بیریارێكى تر‌ى بهنام و ده‌نگه، زنجیره كتێبێكى داناوه بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له‌م ده‌ور و دنیایه‌مان (شله نوێگه‌رى و نوێگه‌ریى ڕه‌ق و ترسى شل و ڕ‌ۆشنبیرى و خۆشه‌ویستیى شل) باسى له پڕوپووچیى شێوازى ژیان و پووچیى په‌یوه‌ندیى كرمهڵایهتیى مرۆڤى سه‌رده‌مى پێشكه‌وتن و نوێگه‌رى و پاش نوێگه‌رییه. باومان ده‌ڵێت: "نوێگه‌رى واتاى مه‌حاڵى سره‌وتنه، كه تۆ نوێى، واتاى ئه‌وه‌یه له بزوات و جووڵەی به‌رده‌وامدا بیت" به كوردییه‌كه‌ى خۆمان ماخۆلانته.
مرۆڤ له‌م سه‌رده‌مه‌دا هه‌ر ڕاده‌كات و ناسره‌وێت، ئه‌م ڕاكردنه به شوێن چیدایه؟ ئه‌گه‌ر به شوێن به‌خته‌وه‌ریدایه ( به‌خته‌وه‌رى) له ئێستا و ئێره‌دایه و له چ شوێنى دیكە نییه، خه‌یاڵى تۆیه بڕستى لێ بڕیویت و ناسره‌ویت و ههڵپهته و ڕاكهڕاكته.
له (كه‌لار)ه‌وه به‌خێرایى ده‌گه‌یته كه‌سێك له (سان دیاگۆ)ى (كالیفۆرنیا)یه و قسه و باس و ڕاز و نیاز ده‌گۆڕنه‌وه و لێك نزیك ده‌بن و ده‌بنه هاوڕاز و سه‌وداسه‌ر. كه‌ستان ناتوانێت وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره بداته‌وه، چۆن بوون به دۆست و هاوڕاز و كه‌سیشتان نازانێت دوایى، كه لێكتر بزر ده‌بن، چى هۆكارى دوورییهكهیه، نه تۆ بۆ ئه‌و، نه ئه‌و بۆ تۆ هیچتان بۆ یه‌ك پێ ناكرێت. دراوسێكه‌ت بهتهنیشتتهوهیه و به‌ته‌نگته‌وه دێت و دۆست و برا و خوشك و هاوسه‌رت بهتهنیشتتهوهتن و له خۆشى و ناخۆشیدا فریات ده‌كه‌ون، تووڕه و قهمتهرى له‌گه‌ڵیاندا، گوایا ئه‌مه نوێگه‌رییه و پێشكه‌وتنه!
جاران پێغه‌مبه‌ره‌كان ڕێبه‌ر بوون، پێش ئه‌وان كه پێغه‌مبه‌ر نه‌بوون، كوردى خۆمان ئه‌وه‌ى له سه‌روو پێغه‌مبه‌ره‌وه دایاننابوون و به شایانى لاساییكردنه‌وه ناویان ده‌هێنان ئه‌وانه بوون (چاكەكار و چاك گوفتار و چاكه‌خواز بوون)، ئێستا ڕێبه‌ر كێن و لاسایى كێ ده‌كه‌ینه‌وه؟
كۆمه‌ڵێك نه‌خۆش، بوون به خاوه‌نى پاره و پووڵ و جیهان به‌ڕێوه ده‌به‌ن و به دهردووننهخۆشیى خۆیان، جیهان نا، ئه‌ستێره‌كه‌مان و گهردوونیشیان تووشى دهردوودوو كردووه.
چه‌ند نه‌خۆشێك، كه ده‌رده‌دارى چاوچنۆكیین، له‌سه‌ر ئاستى جیهان ناووناوبانگیان هه‌یه و خاوه‌نى میدیان و بره‌و بە وێنه‌ى خۆیان ده‌ده‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌شى ملیاران ده‌خۆن و ملیاران دۆلاریان كه‌ڵه‌كه كردووه.
یانى چى ئه‌زیزم چه‌ند نه‌خۆشێك، كه له سه‌دا یه‌ك كه‌مترى ئه‌م هه‌موو مرۆڤه‌ى گۆى زه‌وین، ده‌ستیان به‌سه‌ر داهات و سامانى مرۆڤایه‌تیدا گرتووه؟
نیوه‌ى سه‌رجه‌م سامانى جیهان، ئه‌وانه‌ى خاوه‌نین، له سه‌دا یه‌كن.
پاره‌یان لێ كردووین به خوا و كه‌س خواى نییه جگه له پاره و ئه‌گه‌ر بشڵێت خوام نییه، كافرت ده‌كه‌ن، چونكه باوه‌ڕت به خواى پاره نییه.
ئه‌ى پاره نییه ئه‌م هه‌موو نه‌هامه‌تی و بێدادییه به‌سه‌ر مرۆڤدا دێنێت، كه هیچ خوایه‌ك قبووڵى نییه؟
(یوڤاڵ نوه هه‌رارى) مامۆستایه‌كى ئیسرائیلییه و وانه سه‌باره‌ت بە مێژووى ئاینده ده‌ڵێته‌وه و من له لایه‌نگرانى نیم، به‌ڵام ده‌ربڕینێكى پڕجوانى هه‌یه و ده‌ڵێت: "ئێمه هه‌موومان وه‌ك مرۆڤ هاك كراوین"
(هاككردن) بریتییه له چى؟
"هه‌رچى زانیارى له كۆمپیوته‌ر و لاپ‌تۆپ و ته‌له‌فۆنه زیرهكهكهدایه دهىبهن"
هاوڕێ هاككردن ئه‌مه نییه. باسى هاككردن و دزى و جه‌رده‌یى و خراپه‌ت بۆ بكه‌م، ئه‌مه له‌چاویا هه‌ر هیچ نییه، ئه‌زانى چیت لێ ده‌كه‌ن؟
بیركردنه‌وه و ره‌فتار و كردار و گوفتارت ده‌دزن، به جۆرێك ئاڕاسته‌ت ده‌كه‌ن كه پڕ شاشیت و وا ده‌زانى چه‌وت و چهوێڵیت ڕاستییه.
شتێكت ده‌وێت وات لێ ده‌كه‌ن نه‌ته‌وێت، شتێكت ناوێت وات لێ ده‌كه‌ن بته‌وێت. ده‌چیت كیلۆیه‌ك ته‌ماته بكڕیت، بیست شت ده‌كڕیت، كه پێویستت پێى نییه.
به ڕێگایهكتدا ده‌به‌ن ڕێگاى تۆ نییه و به‌بێ ئه‌وه‌ى به خۆت بزانیت ته‌فره دراویت.
جارێ هه‌ر هیچم سه‌باره‌ت جیاوازیى نێوان (پێشكه‌وتن) و (گه‌شه‌كردن) نه‌گوتووه، ئاو له‌دووى بێڵم بێت، په‌یامه‌كه‌م باشتر دهگهیەنم.
په‌راوێزێك بۆ خاڵى دووەم
بیرت نه‌چێت، ئه‌م په‌راوێزه سه‌باره‌ت ناونیشانى نووسینه‌كه‌یه، كه سه‌باره‌ت (خۆڵ و كۆتره).
له‌بن داركاژهكهدا ڕاكشابووم، بۆ ڕاو تفهنگێگ له‌پشت سه‌رمه‌وه بوو. (دیوانى حه‌مدى)م ده‌خوێنده‌وه، ده‌مویست ئه‌م شیعره‌ى ئه‌زبه‌ر بكه‌م. جا چۆن تا مردن بیرم ده‌چێته‌وه؟
مونتههاى به‌رزى به دیقه‌ت تێدهفكرم پهستیه
ئیبتیداى حاڵى عه‌ده‌م دیاره نه‌تیجه‌ى هه‌ستیه،
میحنه‌تى په‌ستى و بڵندى، زه‌حمه‌تى هه‌ستى و عهدەم،
ده‌ردى بێ ده‌رمانن و ده‌رمانیان هه‌ر مه‌ستیه
با جارێ په‌راوێزێك بۆ ئه‌م شیعره بنووسم:
• (هه‌ستى) به فارسى واته (بوون).
• (حه‌مدى) ئه‌م شیعره‌ى سه‌باره‌ت (بوون و نه‌بوون)، له سییه‌كاندا نووسیووه. (مارتن هایدیگه‌ر) فیلۆسوفى ئه‌ڵمانیایى هێشتا كتێبی (بوون و كات)ى نه‌نووسیوه و (ژان پۆڵ سارته‌ر)ى فیلۆسوفى فه‌ره‌نساییش كتێبى (بوون و نه‌بوون)ى نه‌هۆنیوه‌ته‌وه و (كۆڵن وڵسن)ى بیرمه‌ندى ئینگلیزیش كتێبى (بێ پهروایى) دانه‌ناوه.
جا تۆش، كه ئه‌ڵمانیایى و فهرەنسایى و ئیگلیزیش ده‌زانیت، له‌به‌رئه‌وه‌ى خۆت كوردى نازانیت، هه‌ر بڵێ "كورد هیچ نییه"
هێندێك جار كه نه‌زانیت خراپى و بێنرخیى جیهان نییه. ئه‌زیزم تۆ خۆت پڕوپووچیت..
جارێكیان (مه‌وله‌وى) نووسیویه‌تى:
"نه‌زان چوو زانۆ قه‌درى جه‌واهیر"
با بێمه‌وه ژێر داركاژ و چیرۆكى تفه‌نگى ڕاوهكه. كۆترێكى (گاپه‌ل) به‌سه‌ر باڵاى به‌رزى داركاژهكهوه بوو, ده‌ستم دایه تفه‌نگ و خستمه سێره و قهرهوڵى تفه‌نگه‌وه و پێكام و كوشتم!
سه‌رقاڵ بووم به كاروبارى باخدارییه‌وه، دره‌نگ بیرم هاته‌وه سه‌ر كۆترى كوژراو و نان و پیازێكم خوارد و دوایى زانیم من ژهمێكم خۆراك هه‌بووه و كۆترى كوژراوم فه‌رامۆش كردووه.
ئه‌رێ به‌ڕاست چیم كرد؟ خۆ من نان و چاو پیازم هه‌بوو، ئه‌ى ئه‌م كۆتره‌م بۆ كوشت؟
كۆڵێ سه‌رزه‌نشتى خۆم كرد، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ى كۆترم كوشتووه، به‌ڵكوو له‌به‌رئه‌وه‌ى كۆترێكم كوشت و نه‌مخوارد و جیڕهى خواردنم هه‌بوو!
ئێستا كه ئه‌م چیرۆكه ده‌گێڕمه‌وه، زۆر كەس ده‌ڵێن "چییه ئه‌م مرۆڤه، كه شیعر ده‌خوێنێته‌وه و گوایا بیر ده‌كاته‌وه و خۆ به نووسه‌ریش ده‌زانێت، كه‌چى كۆتر ده‌كوژێت"
له‌ڕاستیدا من كۆتر و ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌رم زۆر كوشتوون، تیاتاندایە، ئێستا بۆ كوشتنى كۆترێك تانه و پلار له من ده‌ده‌ن، نه‌ك له‌مه زیاترتان كردووه، ڕۆحى مرۆڤتان كێشاوه و ئێستاش هه‌ر ده‌یكه‌ن و خۆشتان به دۆستى كۆتر و ئاژه‌ڵ ده‌زانن و نكۆڵى له تاوانهكانیشتان ده‌كه‌ن!
با باسى جیاوازییهكهتان بۆ بكه‌م. من كۆترێكم كوشت، تا مردن داواى پۆزش ده‌كه‌م و خۆم به شه‌رمه‌زارى ده‌زانم، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ى كۆتر پیرۆزه و نابێت بكوژرێت، به‌ڵكوو له‌به‌رئه‌وه‌ى كوشتم و نه‌مخوارد. تا ده‌مرم داواى لێبوردن له مام كۆتر ده‌كه‌م و ده‌شڵێم "بمبووره، ئه‌م كاره به‌شێك له چاوچنۆكیم بووه."
پۆلێك هاوڕێى ڕاوچیم هه‌بوون، خۆیان شیرین بوون، كه له‌گه‌ڵیان ده‌چوومه ڕاو سه‌یرم كرد به بێباكى ڕۆحى ئاژه‌ڵ ده‌كێشن، نه برسییانه و نه پێویستیان به‌وه‌یه تێر بن. لێیان دوڕدوونگ و تووڕه بووم و پشتم لێیان كرد. گوتیان: "بۆچى هاوڕێ، چما خراپه‌مان چییه؟"
گوتم: "ئه‌مه كه‌ى ڕاوه دۆستان، ئاژه‌ڵیش شتى وا ناكات، پێویستتان به شتێك نییه و ده‌یكه‌ن، دڕنده و ئاژه‌ڵ به‌پێى پێویستى ڕاو ده‌كه‌ن، ئه‌م چاوچنۆكییهتان له چییه، چما مرۆڤ نین؟"
سێ ساڵێك پێش ئێستا وتارێكى (تۆماس فرێدمان)ى نووسه‌رى ئهمریكاییم خوێنده‌وه، مانگێك پێش ئێستا ئه‌م جوامێره سه‌باره‌ت باس و خواسى ئه‌ستێره‌كه‌مان له‌گه‌ڵ (جۆ بایدن)ى سه‌رۆكى ئه‌مریكا، به خۆشنوودى له گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌ودا هاته ده‌ره‌وه، نازانم سه‌رۆكى گه‌وره وڵاتێك، كه به‌رپرسیارى تێكدانى هه‌موو بههادارییهكانى ئه‌ستێره‌كه‌مان و گه‌ردوونه، ده‌بێت به‌هاى خۆشنوودى له‌گه‌ڵیدا چى بێت؟
با به خراپ بیر نه‌كه‌ینه‌وه و بێمه‌وه سه‌ر وتاره‌كه‌ى (تۆماس فریدمان)، كه ئه‌م ڕۆژانى خۆڵبارینه به یادیان هێنامه‌وه.
ئه‌و له وتاره‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "گاڵته‌م به عه‌ره‌ب و كورد و فارس و تورك و ئیسرائیلییه‌كان دێت، كه سیاسه‌ت ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر هێندێك بابه‌ت توندئاژۆن و پێك نایه‌ن، چونكه له ساڵانى داهاتوودا بارودۆخى كه‌ش و ژینگه واى لێ دێت، كه‌س سیاسه‌تى بیر نامێنێت و وشكه‌ساڵى و بێئاویى وه‌ها ڕوو له خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌كات، ئه‌م كێشانه ده‌بنه قسه‌ى قۆڕ"
هه‌رچه‌ند خۆڵ ده‌بارێت، باسى وتاره‌كه‌ى فریدمان بۆ دۆسته‌كانم ده‌كه‌م. بۆ بیانییه‌كان له ئۆرۆپى و ئه‌مریكاییه‌كان هه‌واڵى ناخۆشترم پێیه و باسى خۆیان و ئاكارى چاوچنۆكى و قۆڕیهتیى خۆیان و قهسهیان ده‌كه‌م و ئاوها بۆیان ده‌ئاخڤم: "به‌م شێوازه، كه هاوسه‌نگیى ئه‌ستێره‌كه‌مان و گهردوونتان تێكداوه، ئێوه خۆتان ده‌بن به په‌ند، په‌نجا ساڵێكى تر نابات ئه‌و ده‌ریایانه‌ى پێیه‌وه دهتاننازى و بۆ داگیركارى و چاوچنۆكى گه‌له كهشتیتان لێ بار ده‌كرد، ده‌بنه هه‌ڵم و باران و سه‌هۆڵبه‌ندان واده‌كات نوایهكتان بۆ ژیان نه‌مێنێت، ساردیى وڵاتهكهنیشاتان وا ده‌كات له‌جیاتى باران، سه‌هۆڵ و زوقمتان به‌سه‌ردا ببارێت و دهریاكانتان قوتتان بدات و بێمروهتى و بێدادی و چاوچنۆكیتان واتان لێ ده‌كات ببنه كۆیله، زۆرتان له تیڤییه‌كانه‌وه ئێمه‌تان كرده بابه‌تى هه‌واڵ و سه‌یرتان ده‌كردین، خۆتان ده‌بنه بابه‌تى هه‌واڵ"
(یوسف قهرهزاوى)، بیرمه‌ندى گه‌وره‌ى ئیخوان موسلمین و (ئه‌یمه‌ن زه‌واهیرى) بیرمه‌ندى (سه‌له‌فیه‌تى جیهادى) ده‌ڵێن: "باكمان به هیچ نییه و هه‌ر به‌و وەچهخستنهوهیە ئۆروپا داگیر ده‌كه‌ین"
بۆ ئه‌وه‌ى په‌یام بگه‌یەنم بابەتەكەم زۆرى ماوه، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى بڵێم بۆچى ئه‌م به‌شه‌م ناو ناوه (خۆڵ و كۆتر)، ده‌مه‌وێت بڵێم لهبەرئهوهى لهساى پێشكه‌وتن و گوتارى نوێگه‌ریدا هاوسه‌نگیى گه‌ردوون تێك چووه. هاوسه‌نگیى سروشت تێك دراوه، كێشه‌كه ئه‌وه نییه مرۆڤ كۆتر و كه‌روێشك و به‌راز ڕاو ده‌كات، كێشه‌كه چاوچنۆكییه.
ئه‌گه‌ر مرۆڤ كۆتر نه‌خوات، دانه‌وێڵه نامێنێت و كۆتر مرۆڤ قڕ ده‌كه‌ن. هه‌رچى بوونه‌وه‌ر و دار و درەخت و پێكهاته‌ى سروشته، به‌شێكه له ڕاگرتنى هاوكێشه‌ى سروشت و چاوچنۆكیی ئه‌م هاوكێشه‌یه لاسه‌نگ ده‌كات و دهمانگەیەنێته كاره‌سات.
نازانم چۆن كۆتایى پێ بهێنم، به‌ڵام، ده‌زانم هه‌موو جارێك چۆن ده‌ست پێ بكه‌مه‌وه.
به منداڵه‌كانم گوتبوو ناوكى زه‌یتوون و قۆخ و قه‌یسى و هه‌ڵوژه و میوه‌كانى تر فڕێ مه‌ده‌ن، كه چوون بۆ سه‌یران و گه‌شت به‌ژێر خاكیانهوه بكه‌ن و بیانچێنن. وایانكردبوو و زۆریشان كۆكردبووه‌وە، كه‌چى كه من هێندێك ده‌چێنم، گوتیان: "ئه‌مه كه‌ى كارى تۆیه؟"
نه‌متوانى بۆیان باس بكه‌م، كه ئه‌م خۆڵهى ده‌بارێت به‌هۆى ئه‌وه‌یه‌وه، چاوچنۆكى هاوسه‌نگیى ژینگه‌ى تێكداوه و باران كه‌م بووەته‌وه و پیت و پێكهاته‌ى خاك تێكچووه و زه‌وى نیگه‌رانه و خاك سروشتى بووه به خۆڵ و پیت و فه‌ڕى نه‌ماوه و ده‌بێته تۆز!
چه‌ند ساڵێك به‌ر له ئێستا سه‌باره‌ت قهڵاچۆبوون و فه‌وتى نه‌ژادى دیناسۆره‌كان، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى زانستیى گرنگم خوێنده‌وه، ده‌ره‌نجامه‌كه‌ى ده‌ڵێت: "به‌هۆى خۆڵبارینه‌وه له‌ناو سییه‌كانى دیناسۆرهكاندا تۆزێكى زۆر نیشتووە و ئه‌مه‌ش واى كردووه ڕه‌چه‌ڵه‌كیان نه‌مێنێ"
تان و پۆى خاك جگه له چاوچنۆكى، له به‌هه‌ده‌ردانى سامانى ئاو و شێواندنى ژینگه‌دا، نه‌مانى چاندن و سه‌ربڕینى دره‌خت و دارستان تێكى داوه.
(زه‌رده‌شت) زانا بووه، نه‌ك پێغه‌مبه‌ر. چاكه‌خواز و گهردووندۆست بووه، نه‌ك ئاژه‌ڵدۆست و ئاژه‌ڵ دۆست به‌و شێوه‌یه‌ى پێشكه‌وتن و نوێگه‌رى به دروشم و په‌رچه‌مى درۆزنانه، بۆ خۆده‌رخستن پڕوپاگاندەى بۆ ده‌كه‌ن. ئه‌و گوتوویەتى: "ئه‌وه‌ى دوازده دره‌خت نه‌چێنێت، له نه‌وه‌ى من نییه"
زۆر ده‌چێنم و باكم به‌وه‌وه نییه به‌ره‌كه‌ى بۆ من نییه. خه‌بات لاى من ئه‌مه‌یه. ئه‌مه‌ش چاكه‌خوازییه، كهب هرى بۆ هه‌مووان هه‌یه و دروشم و گوتار نییه.
هێندێك پۆزش بۆ پاسى و ده‌سته‌پاچه‌یى خۆمان دێنینه‌وه و ده‌ڵێین: "هیچمان له‌به‌رامبه‌ر خراپیى زلهێزه‌كاندا پێ ناكرێت."
زۆر ناڵێم و ده‌ڵێم: "كهمۆكهیهكمان له چاكهكارى پێ ده‌كرێت، با ئه‌وه بكه‌ین"