پەکەکە تۆمەتی سیخووڕی دەداتە پاڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

پەکەکە تۆمەتی سیخووڕی دەداتە پاڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان

چاودێرێکی سیاسی: پەکەکە پڕ بووە لە میت و سیخووڕ و هێزێکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە

پەکەکە بۆ داپۆشینی شکستەکانی خۆی و لەپاڵ ئەو هەموو كێشەیەی بۆ خەڵكی كوردستانی باشووری هێناوە، دەیەوێ تۆمەتی سیخووڕیکردنیش بداتە پاڵ خەڵکەکەی، کە گوایە ئەوە خەڵکە زانیاری لەسەر بنکە و بارەگا و ئۆتۆمبێلەکانی پەکەکە دەداتە میتی تورکیا.

چاودێرێکی سیاسیی شارەزاش لە سیاسەتی پەکەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە پەکەکە خۆی پڕ بووە لە میت و سیخووڕ و هێزێکی شکستخواردووی لەکۆنتڕۆڵ دەرچووە.

میدیاکانی پەکەکە، بۆ داپۆشینی ئەو شکستە گەورەیەی لە باکووری کوردستان دووچاری هاتوون و ژمارەی چەکدارەکانی بەراورد بە ملیۆنان كورد، بۆ تەنیا 5 هەزار چەکدار کەم بووەتەوە و رۆژانەش لێرە و لەوێ لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان کادیر و سەرکردەکانی لەلایەن درۆنەکانی تورکیاوە دەکرێنە ئامانج، بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو شکستانەش، میدیاکانی پەکەکە تۆمەتی سیخووڕیکردن دەدەنە پاڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان و پارتە سیاسییەکان.

بەڵام چاودێرانی سیاسی لەمبارەیەوە دەڵێن، کە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی قامشلۆ، شنگال، چەمچەماڵ و کەلار دەرخەری ئەو راستییانەن، کە هەواڵگرییەکانی تورکیا و دەزگای سیخووڕیی دیکە بەتەواوی گەرای خۆیان لەناو هێزەکانی پەکەکەدا داناوە، بە شێوەیەک، ئێستا لە هەر پێنج چەکداری پەکەکە، رەنگە دوانیان كەسانی سادەی سەرسام بن بە ئایدۆلۆجیای پەکەکە و عەبدوڵا ئۆجەلان، بەڵام سیانەكەی دیکە یەکیان میت و دووی دیکەیان ئیتڵاعاتە.

لەمبارەیەوە، بڕیار محەممەد، پەیامنێری پێشووی (رۆژ نیوز)ی پەکەکە لە بابەتێکیدا لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی: ”ڕووداوەکانی ئەم دواییەی بەسەر پەکەکەدا هاتوون، دەرخەری ئەوەن، کەوا دەزگا هەواڵگرییەکانی تورکیا بۆ نموونە دەزگای میت، سیخووڕی لەناو هێزەکانی پەکەکەدا هەیە، بە شێوەیەک، چرکە بە چرکە زانیارییان لەسەر شوێن و جووڵەی کادیرانی پەكەكە پێ دەگات، هەر بۆیە پێم وایە، پەکەکە دەزانێت لەنێو کادرەکانی خۆیدا، کەسێک یان کەسانێک بە شێوەی نهێنی کاری سیخووڕی لە دژی پەکەکەدا دەکەن.“

ئەو رۆژنامەنووسەی پێشووی میدیای پەکەکە، ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لە ماوەی رابردوودا زۆرینەی ئەوانەی لەناو پەکەکەدا کراونەتە ئامانچ، خەڵکی هەرێمی کوردستان، یان خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بوون، کەمترین خەڵک ئەوانەی بەر بۆردومانەکان کەوتوون خەڵکی باکووری کوردستان بوون، کە رەنگە تورکیا ئەوە بۆ دروستبوونی دووبەرەکی بکات.

لای خۆشیانەوە، د.ئاراس عەبدوڵا، چاودێری سیاسی و شارەزا لە سیاسەتی پەکەکە، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، پەکەکە سەرەڕای ئەو ماڵوێرانییەی، کە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان هێناویەتی، ئێستا دەیەوێ ئەو شکستانەی بەسەریدا هاتووە، بە تۆمەت دروستکردن بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و پارتە سیاسییەکان بەوەی، کە سیخووڕی بەسەر کادیر و سەرکردەکانیەوە بۆ تورکیا دەکەن، پەردەپۆش بکات، بەڵام ئەو بابەتانە مەگەر تەنیا بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵکانی خۆیان بێت، چونکە ئەوە روونە، کە دەستی میت و دەزگای سیخووڕی دیکە بە جۆرێک کۆنتڕۆڵی پەکەکەیان کردووە و بەو شێوەیە ئاراستەی دەکەن، کە لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بێت.

گوتیشی: ”پەکەکە ئێستا هێزێکی شکستخواردووی لەکۆنتڕۆڵ دەرچووە، هێزێکە شوێنی خەباتی لە باکووری کوردستانە و ئێستا لەو چەندین ملیۆن کوردە، تەنیا وەکوو سەرچاوەکانی زانیاری، باسی دەکەن پەکەکە 5 هەزار چەکداری ماوە، ئەو خەڵکەیشی لە هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵات و رۆژئاواوە کەوتوونەتە دوای پەکەکە، رۆژ بە رۆژ لە سیاسەتی پەکەکە دەگەن و بەجێی دەهێڵن، ئەوەتا سەیری خەڵکی باکوور بکەن، بزانن لەو هەڵبژاردنانەی کە دەکرێن پەکەکە چەند دەنگ دەهێنێت؟“

ئەو چاودێرە سیاسییە، جەختی لەوەش کردەوە، پەکەکە لە سیاسەتی پێشووی و ئەو ئامانجانەی بەناویەوە دامەزراوە، بەتەواوی لایداوە، گوتی: ”پەكەكە نە لە شوێنی خەباتی خۆی ماوە، نە لەسەر سیاسەتی خۆی ماوە، ئێستا هێزێکە پڕە لە دەزگای سیخووڕی و بۆ بەرژەوەندییە ئیقلیمییەکان ئاراستە دەکرێت و ئاراستەی ئێستای دژ بە حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستانە، لەبەرئەوە، بەرلەوەی تۆمەت بۆ خەڵک و پارتە سیاسییەکانی کوردستان دروست بکات، باشترە بڕوات سەیرێکی ناوخۆی خۆی بکات، بزانێت لە چ دۆخێکدایە.“