كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

گوتەبێژی پێشووی هەسەدە: ئەو چەكەی ئەمریكا دەیداینێ، پەكەكە هەمووی دەبردە قەندیل

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد: فێڵکردن لە ئەمریکا هەڵەیەكی گەورەیە و کوردی رۆژئاوا باجەکەی دەدات

بەپێی قسەی سەركردەیەكی پێشووی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) كە پەیەدە سەرپەرشتییان دەكات، ئەو چەکەی ئەمریکا، کە بە ناوی شەڕی داعش دراوەتە هێزەکانی (هەسەدە) لە سووریا، لەلایەن پەکەکەوە براوەتە قەندیل. ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە)ش ئاماژە بەوە دەكات، کە سیاسەتی فێڵکردن لە ئەمریکا گەورەترین هەڵەیە و هەموو کوردی رۆژئاوا باجەکەی دەدات.

”ئەمریکا چەکی بە ئێمە دەدا، پەکەکە دەهات و هەمووی دەبرد“

ئەوە گوتەی تەلال سلۆ، گوتەبێژی دەستلەکارکێشاوەی هێزەکانی (هەسەدە)یە، کە ئێستا لە تورکیا دادەنیشێت و لە رۆژئاوای کوردستان دوای دەستلەکارکێشانەوەکەی، لە دەستی هێزەکانی پەکەکە هەڵاتووە. لە چەند رۆژی رابردوودا، لە دیمانەیەکیدا بە ڕۆژنامەی (ئیندیپێندیت)ی تورکی راگەیاند، کاتێک ئەمریکا چەکی دەدا بە پێکهاتەی (هەسەدە) لە رۆژئاوای كوردستان، پەکەکە دەهات و هەمووی دەبرد.

سلۆ هەروەها دەڵێت: ”ئەمریکا بۆ پێدانی چەک واژۆی لە بەرپرسەکان دەویست، من بە ناوی تورکمانەوە ئیمزام دەکرد و چەکم وەردەگرت، (گابریەل کنۆ) بە ناوی سریانییەکان و (شێخ بەندەر) بە ناوی عەشیرەتی عەرەبی ئیمزای دەکرد و چەکیان وەردەگرت بۆ (هەسەدە)، بەڵام دوای ئەوەی ئەمریکییەکان دەڕۆیشتن، کەسێک لە قەندیلەوە بە ناوی (سەفکان پەکەکەیی) دەهات و هەموو چەکەکانی دەبرد.“

”فێڵکردن لە ئەمریکا هەموو کوردی رۆژئاوا باجەكەی دەدات“

عیماد برهۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، تاکە هێزێک لە رۆژئاوای کوردستان، کە ئێستا مابێت و کورد لەو ناوچانە بپارێزێ، هێزەکانی ئەمریکایە، ئەو سیاسەتە فێڵکارییەی پەکەکە لە پەنای هەسەدەوە لە ئەمریکا دەیکات، ئەمڕۆ بێ یان سبەی، هەموو کورد باجەکەی دەدات.

برهۆ گوتیشی: ”پەکەکە بارودۆخێکی بۆ رۆژئاوای کوردستان دروست کرد، کە هیچ ئومێدێک نەبێت، ئێستا ئەگەر هێزە ئەمریکییەکان لە رۆژئاوای کوردستان نەبن، ئەوا بەزوویی ئەو ناوچەیە لەلایەن وڵاتانی زلهێز و رژێمی سووریاوە دەستی بەسەردا دەگیرێت، بەداخەوە کە پەکەکە هەسەدەی بۆ دەستکەوتنی چەک بەکار هێناوە، لەکاتێکدا پەکەکە لەلایەن ئەمریکاوە لە لیستی تیرۆردایە، لەبەرئەوە رەنگە ئەوە ببێتە هۆکارێک بۆ بەتەواوی دوورکەوتنەوەی ئەمریکا لە هەسەدە و رۆژئاوای کوردستان و بەوەش هەموو کورد باجی ئەو فێڵکردنەی پەکەکە لە هێزەکانی ئەمریکا لەپەنای هەسەدەوە دەدات.“