ئەمڕۆ یەكشەممە سەركردەیەكی ڕەوتی سەدر رای گەیاند موقتەدا سەدر بە تەواوی دەرگای بەڕووی ناوبژیكەراندا داخستووە لەبارەی دانوستاندنی سیاسییەوە و ئێستا بە تەواوی خۆی لە سیاسەت دابڕاندووە.
میدیاكانی عێراق لە زاری سەرچاوەیەكی ناو دەستەی سیاسیی رەوتی سەدریان گواستەوە كە موقتەدا سەدر خۆی لە سیاسەت دابڕاندووە و دەرگای بە ڕووی ناوبژیكەرانیشدا داخستووە لەبارەی دانوستاندنی سیاسییەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.
سەرچاوەكە دووپاتی كردووەتەوە كە رەوتی سەدر پابەندی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسییە و سوورە لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی كوتلە پەرلەمانییەكەی و هیچ پاشگەزبوونەوەیەك لە بڕیارەكەدا نییە.
سەرچاوەكە ئاماژەشی بەوە داوە كە لە چەند رۆژی داهاتوودا موقتەدا سەدر روو لە سعوودییە دەكات بۆ ئەنجامدانی حەج.