دونیا ئیبراهیم.. خانمە هونەرمەندێك بەردەوام روو لە لوتكە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

دونیا ئیبراهیم.. خانمە هونەرمەندێك بەردەوام روو لە لوتكە

 

دونیا ئیبراهیم، خانمە هونەرمەندێكی لێهاتووی لەدایکبووی ساڵی 1977ی شاری خانەقینە، دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە بەشی دیزایین و بەرگەدووریی، هەر لە سەرەتای تەمەنی منداڵییەوە دەستی بە وێنەکێشان و کاری هونەری کردووە، جگە لەوەش، لە کاری دەستیدا كارامەیە و هەر شتێک لە دەوروبەری خۆی دەبینێت کاری جۆراوجۆریان لێ دروست دەکات.

هەر بۆیە دونیا توانی ناسناوی (هونەرمەندێکی نوێگەر) بەدەست بێنێت. ئەمەیش لەبەرئەوەی خۆی قاڵبی دروستکردنی کەسایەتییەکانی نێو فیلم کارتۆنی منداڵان و ئەنیمەیشنەکان و هەموو جۆرەکانی گوڵ بە هەویری سیرامیک دروست دەکات. ژمارەی تابلۆ و کارە دەستییەکانی خاتوو دونیا هەژمار نەکراوە و تا ئێستا لە زۆربەی پێشانگا هونەرییەکان بە شێوازی راستەوخۆ و ئۆنلاین لەناوەوە و دەرەوەی وڵات بەشداریی کردووە و کۆمەڵێک بڕوانامەی رێزلێنان و خەڵاتی بەدەست هێناوە، (باسنیوز) لە گفتوگۆیەكدا بە پێویستی زانی تیشک بخاتە سەر کارەکانی ئەم خانمە هونەرمەندە.

سەرەتا، دونیا ئیبراهیم سەبارەت بە هاتنە ناو دونیای هونەریی خۆی بۆ (باسنیوز) گوتی: ”من لە منداڵییەوە وێنە دەکێشم و کاری دەستی دروست دەکەم، لەنێو خێزانێکدا گەورە بووم کە خولیای هونەرییان هەبوو، باوکم هونەرمەند بوو و وێنەی دەکێشا، بۆیە ئارەزووم بۆ لای وێنەکێشان رۆیشت و توانیم تیایدا سەرکەوتوو بم، هەتاکوو ئێستایش بەردەوام تابلۆ دەکێشم و کاری دەستی دروست دەکەم و لەوە دڵنیام کە رۆژێك دەبم بە هونەرمەندێکی جیهانی.“

ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەش دا: ”تابلۆکانم بە (زەیت، خەڵووز و ئیکرلیک دەکێشم، تەنانەت وێنەی رەش و سپییشم هەیە)، بەڵام کارە دەستییەکانم بە (هەویری سیرامیک و كلێنس و کاغەز و دار) ئامادە دەکەم.“

دونیا، پێوەند بە كار و پرۆژەی داهاتووی، گوتی: ”هەوڵ دەدەم لە ئایندەیەکی نزیکدا خولی هونەری بۆ کچان و ژنانی شاری خانەقین بكەمەوە، بۆ ئەوەی بتوانن لە رێگەی دەستڕەنگینی و كاری هونەرییەوە بژێویی خۆیان دابین بکەن.“