وەڵامێك بۆ (بۆچی)یەكەی عەبدولسەتار مەجید
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 19/06/2022

وەڵامێك بۆ (بۆچی)یەكەی عەبدولسەتار مەجید

دوای ئەوەی لە باسی گەنم بووەوە و ھانی جووتیارانی ھەرێمی كوردستانی دەدا، كە گەنمەكانیان بە حكوومەتی عێراق بفرۆشن نەك بە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و بە حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی دەگوت (ئەم و ئەو!) ئێستا ئەم عەبدولسەتار مەجیدەی پێشتر كۆمەڵی ئیسلامی و ئێستا دادگەر! پەڕیوەتەوە بۆ بابەتە نێودەوڵەتییەكان و سەروەریی دەوڵەتان! و دەڵێت: ”بۆچی كوردستان بووەتە جێگەی تەراتێنی وڵاتان؟“ ئنجا ھەر خۆی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی خۆیدا دەڵێت: ”لەبەر ئەوەی ئێمە میللەتێكی بێ خاوەن و بێ خەمخۆرین و ھیچ كەس بەرپرسی ئەم خاك و خەڵكە نییە و نیوەی ئەم خاك و خەڵكە قەتڵ و عام بكرێت و نیوەكەی دیكەیشی دوژمن بیبات، لای ئەو نە بای دیوە و نە باران، چونكە پۆست و پارە حەرامەكەی پارێزراوە!“

وای دەبینم، چونكە ئەو ئەركەی كە بۆ عەبدولسەتار و حزبەكەیان داڕشتووە، تەنیا بریتییە لە دژایەتیكردنی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان، ئیتر ئاگایان لەوە نەماوە، كە لە ڕووی دەستوورییەوە كێ ڕەسمی سیاسەتی دەرەوەی عێراق دەكات و كێ پلان بۆ سیاسەتی گشتیی دەوڵەت دادەڕێژێت و ئەمانە ئەركی كێن؟ ئەگینا ئەگەر ئەم ڕاستییە دەستوورییانە لە عەبدولسەتار مەجید ون نەكرایە، دەبوایە ئەو قسانەی ئاراستەی حكوومەتی عێراق بكردایە، نەك حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، چونكە:

1- بە گوێرەی بڕگەی یەكەمی مادەی 80ی دەستووری عێراق، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سیاسەتی گشتیی دەوڵەت دادەڕێژێ و ھەر ئەم ئەنجوومەنی وەزیرانەی عێراقیش، سیاسەتی گشتیی دەوڵەت جێبەجێ دەكات.

2- بە گوێرەی بڕگەی یەكەمی مادەی 110ی دەستووری عێراق، دەسەڵاتە فیدراڵییەكانی عێراق ڕەسمی سیاسەتی دەرەوەی عێراق دەكەن و ھەر ئەم دەسەڵاتە فیدراڵییانەش بەرپرسن لە دانوستاندنی تایبەت بە ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە.
كەواتە:

3- بە گوێرەی دەقی ئەو دوو مادەیەی دەستوور، ئەگەر ھێزی ھەر دەوڵەتێكی دەرەوەی عێراق تەراتێن لە ھەر بەشێكی عێراقدا بكات، بە ھەرێمی كوردستانیشەوە - چونكە بە گوێرەی دەستوور ھەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق- ئەوا حكوومەتی عێراق بەرپرسە لەم تەراتێنانە، كەواتە حەق بوو عەبدولسەتار مەجید ئەم پرسیارانە ئاراستەی حكوومەتی عێراق بكات، كە بۆ نموونە، بۆچی میلیشیا چەكدارە وەلائییەكان، لە ھەر كوێیەكی عێراق بیانەوێت تەراتێن دەكەن و لە ناوچە كوردستانییەكانیشەوە مووشەك و درۆن ئاراستەی ھەولێر دەكەن؟ ئەی بۆچی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان تەراتێن دەكات و ھەندێك جاریش دێتە ناوچە ئاوەدانییەكانی ھەرێم و بیانوو دەداتە توركیا بۆمبارانیان بكات و درۆنیان بنێرێتە سەر؟

ئەی بۆچی پێنج ساڵە حكوومەتی عێراق نایەوێت ئەو بۆشاییە ئەمنییەی، كە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان دروست بووە، لەگەڵ پێشمەرگە پڕی بكاتەوە و ئەو ناوچانەی بۆ تەراتێنی داعشی تیرۆریست بەجێ ھێشتووە؟ سەبارەت بە حەرام و حەڵاڵیی پۆست و پارەش، نازانم ئایا عەبدولسەتار مەجید پارەی مانگانەی خانەنشینییەكەی وەك وەزیر و خانەنشینەكانی دیكەیان لە پەرلەمان و پارە و پۆستی ئەندام پەرلەمانەكانی ئێستای خۆیشیان لە پەرلەمانی كوردستان، یان ئەو پارەیەی كە عەلی باپیر خۆی دەڵێ لە حزبەكانی وەردەگرین، بە پۆست و پارەی حەرام دەزانێت یان حەڵاڵ؟ ئەگەر حەرامە، بۆچی ئەم پارە حەرامە وەردەگرن؟ ئەگەر حەڵاڵیشە ئەی بۆچی دەڵێت حەرامە؟