موسلم محەمەد: ئەنەکەسە توانیی دۆزی کورد لە ڕۆژئاوا بباتە سەر مێزە نێودەوڵەتییەکان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

موسلم محەمەد: ئەنەکەسە توانیی دۆزی کورد لە ڕۆژئاوا بباتە سەر مێزە نێودەوڵەتییەکان

موسلم محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی (باسنیوز)دا باسی ڕەوشی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێ، ئێستاش سووریا شوێنی نفووزی وڵاتانە و ناتەبایی و ناکۆکییش لەنێوان لایەن کوردییەکاندا هەیە.

باسنیوز: دوای هەمووی ئەو سیراعاتانە، ئێستا جیوگرافیی سیاسیی وڵاتان و نفووزیان لە سووریا چۆنە؟

موسلم محەمەد: هەموویان دەزانن سووریا بووە بە مەیدانی هێزی وڵاتان و تەسفیەی حساباتی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و لە سەرەتاوە سووریا بەسەر سێ بەشدا دابەش بوو؛ یەکەمیان بەشی ڕۆژهەڵاتی فورات بۆ ئەمریکا و ڕۆژئاوای فورات بۆ تورکیا و ناوچەکانی ڕژێمیش بۆ ئیران-ڕووسیا، بەڵام لەم دواییانەدا ئەمریکا ئەو سزای (قەیسەر)ەی بەسەر سووریایدا سەپاندووە، ویستی لەسەر ئەو ناوچانەی هەڵگرێت کە لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمدا نین، ئەمریکا ویستی ئەو سزایە لەسەر ڕۆژائاوا و ڕۆژهەڵاتی فورات هەڵگرێت و گەنجینەی ئابووریی ئەمریکا دەرفەتی بە کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان دا لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای فورات وەبەرهێنان بکەن، بەمەش وا هەست دەکرێت، ئەمریکا دەیەوێت ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای فورات بکاتە یەک هێڵ بۆ خۆی.''

باسنیوز: ١١ ساڵ دوای شۆڕشی سووریا، ئێستا دۆخی سووریا لە چ قۆناغێکی سیاسیدایە؟

موسلم محەمەد: ئێستا ڕەوشی سووریا لە دۆخی بەڕێوەبردنی ئاڵۆز و قەیرانەکان (الادارة الازمة)دایە، ١١ ساڵ دوای شۆڕشی سوووریا هێشتا ئەو وڵاتە نەکەوتووەتە قۆناغی چارەسەریی قەیرانەکانی (حل الآزمات) کە دەبوایە دوای ئەم چەند ساڵە بکەوتایەتە قۆناغی چارەسەری.

باسنیوز: تورکیا ‌هەڕەشە دەکات ئۆپەراسیۆن لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە ببات، ئەم هەڕەشانە چۆن دەبینن، جددین؟

موسلم محەمەد: ئێستا هەڕەشەی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردی و عەرەبییەکان، دوو جۆرە هەڕەشەن: هەڕەشەی یەکەمی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی تلڕفعەت و مونبیجە و هەڕەشەی دووەم لەسەر عەین عیسا و کۆبانێیە، ئەم هەڕەشانەش تا ئێستا جددی نین، چونکە تورکیا تا ئێستا گڵۆپی کەسکی لەلایەن ڕووسیا و ئەمریکاوە بۆ هەڵنەکراوە، بەمەش ئێستا ڕەوشی سووریا، ڕەوشی (شت بە شت / المقایضات)ـە و هێشتا شتێک بەدەست لایەنی تر نەکەوتووە، تاوەکوو ڕێگە بە تورکەکان بدات هەڕەشە لەم ناوچانە بکات.

باسنیوز: دوای لەدەستدانی عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی، پێویستە ئیدارەی خۆسەری چی بکات و چۆن بە خۆیدا بچیتەوە؟

موسلم محەمەد: ئێستا ئەوەی پێویستە لە ناوچە کوردییەکان بکرێت، چونکە ئێستا دۆخی ناوچە کوردییەکان خراپە چ لەڕووی دەستگیرکردنی سیاسەتڤانان و خراپیی دۆخی ئابووری و ڕەوشێ هەرێمی کوردی دەرباز بن و هەڕەشەی وڵاتەکان، بەڵام هێشتا پەیەدە ئەو نیەتە نییە، پێداچوونەوەیەک بە خۆیدا بکات.

باسنیوز: ئەی باشە چوار ڕێککەوتن کرا و هەموویان جێبەجێ نەکران، هیچ ئۆمێدێکی ڕیککەوتن ماوە لە نێوان لایەنە کوردییەکاندا؟

موسلم محەمەد: سێ ڕیککەوتن لە هەرێمی کوردستان کران؛ هەوڵێر ١ و ٢ لەژێر سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانیدا و ئەوەی تریش لەژێر سەرپەڕشتیی ئەمریکییەکاندا، بەڵام ئێستا بۆ هەموان دیار کەوت کە بڕیاری پەیەدە لەدەست خۆیدا نییە و نایەوێت ڕێککەوتن بکرێت.

باسنیوز: ئەنەکەسە دوای ئەوەندە ساڵ توانیویەتی چی بکات لە ڕووی سیاسیی و دیپلۆماسییەوە؟

موسلم محەمەد: ئەنەکەسە بەندە بەو بڕیارانە و بڕیاری ٢٢٥٤، ئەو بڕیارەی هێزە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەری ڕەوشی سووریا داویانە و ئەنەکەسە توانیی دۆزی کورد لە چەند هەرێمێکی بچووکی کوردییەوە بباتە سەر مینبەری هێزە نێودەوڵەتییەکان و لەسەر مێزی گفتوگۆی سیاسەتمەدارە جیهانییەکان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و ئێستا ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە دوو لیژنەی نێودەوڵەتیدا لەبارەی چارەسەری ڕەوشی سووریا بەشدارە؛ ئەویش (دەستەی نووسینەوەی دەستووری سووریا و دەستەیی دانوستانکار).

باسنیوز: ئەنەکەسە بەشدارە لە مەحفلە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ نووسینەوەی دەستوور، بەڵام هێشتا ئەنجامێک دیار نییە، بۆچی؟

موسلم محەمەد: دواین گەرە کۆبوونەوەی کۆمیتەی دەستوور لە گەڕی هەشتەمدا بێئەنجام دەرکەوت، چونکە ڕژێمی سووریا خۆی لەو کۆبوونەوانە دەدزێتەوە و دەیەوێت تەمەنی خۆی درێژە پێ بدات و نایەوێت بڕیاری ٢٢٥٤ جێبەجێ بکرێت، یان دەستوور بنوسرێت، پێشنیاری نووسینەوەی دەستوور پێشنیاری (تورکی- ئیرانی- ڕووسی) بوو بۆ ئەوەی ئەوان بەدیلێک بۆ بڕیاری ٢٢٥٤ دروست بکەن، ئەو بڕیارەی کە لەژێر نفووزی هێزە نێودەوڵەتییەکاندا درابوو لەپێناو چارەسەری ڕەوشی سووریا، چونکە بڕیاری ٢٢٥٤ بریتی بوو لە (گۆڕینی ڕژێم و دانانی حکوومەتێکی ڕاگوێزراو (حکومة انتقالیة) و نووسینی دەستوور و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن)، کەچی دواتر ڕەوشنووسێکی دەستوور نووسرا و خۆیان لە دروستکردنی حکوومەتێکی ڕاگوێزراو دزییەوە، بەڵام وەک ئەنەکەسە بەردەوام بووین لە ئۆپۆزسیۆندا لەبەر ئامادەبوونی  هێزە نێودەوڵەتییەکان و بۆ ئەوەی کورد وجوودی هەبێت، ڕاستە تا ئێستا بێئەنجامە و نیەتیان درێژکردنەوەی تەمەنی ڕژێمی سووریایە.

باسنیوز: کە گوێ لە لایەنی دیکە دەگرین، ئێوە تۆمەتبار دەکەن بە زۆر شت و دەڵێن ئەنەکەسە شتی تەعجیزی دەڵێت بۆ ڕێککەوتن، ئەمە ڕاستە؟

موسلم محەمەد: لەو ئاڵۆزییانەی نێوان (ئەنەکەسە و پەیەنەکە)دا ئێمە شتێکمان بۆ خۆمان نەگوتووە؛ ئەنەکەسە دەڵێ با سەربازیی ناچاری هەڵبوەشێنرێت و منداڵان نەڕفێنرێن و چالاکوان و سیاسەتمەداران دەستگیر نەکەن و زێندانییە سیاسییەکان ئازاد بکەن و سیستمێکی خوێندن بە پێوەری یونسیف دروست بکرێت بۆ کەرتی پەروەردە لە ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی بڕوانامەکان دانیان پێدا بنرێت، بەڵام بەداخەوە ئەوان خۆیان دەدزنەوە، داوامان کردووە سەرکردەکانی قەندیل دەستێوەردان لە نێوخۆی ئێمەدا نەکەن و دەرکەون لە ناوچەکانمان و ئەو بەڕێوبەرایەتییە کاتییەی ئێستا هەیە ئەنەکەسە و هەموو لایەنەکان تێیدا بەشدار بن، ناکرێت تەنیا لایەنێک خۆی بسەپێنێت و هەموویان بەڕێوە ببات، دەبێت پێشمەرگەی ڕۆژ کە ڕۆڵەی ڕۆژئاوای کوردستانن، بگەڕێنەوە و پارێزگاری لە ناوچەکانیان بکەن.