میدیایەكی عێراقی: دەمەقاڵی كەوتۆتە نێوان كازمی و مالیكی و خەزعەلی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

میدیایەكی عێراقی: دەمەقاڵی كەوتۆتە نێوان كازمی و مالیكی و خەزعەلی

”بەو هۆیەوە كازمی كۆبوونەوەكەی جێهێشتووە“

بە گوێرەی هەواڵێكی میدیاكانی عێراق، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەشداری لە كۆبوونەوەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی كردووە، بەڵام دواتر توڕە بووە و كۆبوونەوەكەی جێهێشتووە.

لەمبارەیەوە كەناڵی (وەن نیوز)ی عێراقی لە گەشتی هەواڵەكانی خۆیدا بڵاوی كردۆتەوە، مستەفا كازمی چۆتە كۆبوونەوەیەكی هێزە عەرەبییە شیعییەكان كە سەرجەمیان بەشدار بوون جگە لە رەوتی سەدر، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراق، مستەفا كازمیش وەك یەكەمین كۆبوونەوەی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، بەشداریی كردووە، بەڵام دوای كاتژمێرێك لە كۆبوونەوەكە، دەمەقاڵی و شەڕە قسە لە نێوان نووری مالیكی و قەیس خزعەلی (سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی) لە لایەك و مستەفا كازمی لە لایەكی دیكە درووست بووە، بەڵام كەناڵەكە هۆكاری دەمەقاڵێیەكەی ئاشكرا نەكردووە.

هەر لەمبارەیەوە، ئەمڕۆ سەدان پەیجی عێراقی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) یەك نووسینی هاوشێوەیان بڵاو كردۆتەوە لەبارەی شەڕەقسەكە و سەرجەمیان هۆكارەكەیان بۆ چەند خاڵێك گەڕاندۆتەوە كە یەكێكیان ئەوەبووە، خەزعەلی داوای لە مستەفا كازمی كردووە، بەشداریی لە كۆنگرەی وزەدا نەكات كە بڕیارە لە شاری ریاز لە عەرەبستانی سعوودیە بەڕێوە بچێت، بەڵام كازمی رەتی كردۆتەوە و گوتوویەتی: ”ئەم كۆنگرەیە وزەی پێویست بۆ عێراق دابین دەكات تاوەكوو ناچار نەبین پشت بە دەوڵەتێكی دیاریكراو ببەستین“.

هەر بەپێی ئەو زانیارییە نافەرمییانەی لە پەیجە عێراقییەكاندا بڵاو كراوەتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا مالیكی بە كازمی گوتووە ئەگەر لەو كۆنگرەیەدا بەشداری بكات، ئەوا دوای لادانی لە پۆستی سەرۆك وەزیران، سەرجەم بڕیار و ڕێككەوتنەكانی هەڵدەوەشێننەوە، بەو هۆیەشەوە دەمەقاڵێیەكە گەرمتر بووە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە تاوەكوو ئێستا چ نووسینگەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق یان ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، چ نووسینگەكانی مالیكی و خزعەلی، هیچ ڕوونكردنەوەیەكیان لەبارەی ئەم شەڕە قسەیە و دروستیی هۆكارەكانی بڵاو نەكردۆتەوە.

بۆ بینینی ڤیدیۆیەك لەمبارەیەوە، كلیك لێرە بكە