میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویان كردووەتەوە، لەم هەفتەیەدا دەسەڵاتدارانی ئێران، هاووڵاتییانی ئیسرائیلی لە ئیستانبوڵ دەكەنە ئامانج، بۆیە داوا دەكەن ئیسرائیلییەكان ئیستانبوڵ بەجێ بهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، ئەوانەشی ماونەتەوە لە هۆتێل نەیەنە دەرەوە.
ڕۆژنامەی (Haaretz)ی ئیسرائیلی بڵاوی كردووەتەوە، دەزگای هەواڵگری زانیاریی پێ گەیشتووە كە ئێران لەم هەفتەیەدا هاووڵاتییانی ئیسرائیلی لە ئیستانبوڵ دەڕفێنێت، یاخود دەیانكوژێت.
ئیسرائیل داوای لە هاووڵاتییانی كردووە لە ئیستانبوڵ، بەپەلە بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، گەر نەشگەڕاونەتەوە، با لە هۆتێل نەیەنە دەرەوە و دەرگاش بۆ هیچ كەسێك نەكەنەوە.
بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی (DW)ی توركی، دەزگای هەواڵگریی توركیا و ئیسرائیل، لە ئیستانبوڵ بەدوای ئەو كەسانەدا گەڕاون كە بەنیاز بوونە هاووڵاتییانی ئیسرائیلی بكەنە ئامانج، بەڵام هیچ سەرەداوێكیان دەست نەكەوتووە.
وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، لە توركیا نزیكەی دوو هەزار ئیسرائیلی هەیە.