وەزیری دارایی رایگەیاند، عێراق كێشەی لە كەرتی ژینگە و بیابانبوون و لاوازی بەرهەمی كشتوكاڵیدا هەیە.
عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی لە وتارێكدا لەمیانی كۆڕبەندی وزە لە بەغدا گوتی: "نابێت عێراق بە هەناردەكردنی نەوت ڕازی بێت و پێویستە گرنگی بە هەناردەكردنی وزە بدات و گرنگی بە كەرتی كارەبا بدات، چونكە ئێستا كەرتی كارەبا لە دۆخێكی خراپ دایە".
ئاماژەی بەوەشكرد، لەماوەی 25 ساڵی داهاتوودا خواست لەسەر وزە دەگۆڕێت، "دەبێت ئامادەكاری بۆ ئەم كەلتوورە بكەین و گرنگی بە ژێرخانی ئابووری بدەین و پێویستە دیزاینی سیاسەتی ئابووری بەپێی بارودۆخی جیهان دابڕژرێت ئەمەش كارێكی ئاسان نییە".
وەزیری دارایی عێراق روونی كردەوە،عێراق كەمترین وڵاتە لە بەرهەمهێنانی نەوتدا، دەشڵێت: "دەبێت بیر لە گواستنەوەی سەرمایە بۆ وەبەرهێنان و پاراستن بكەینەوە، دەرفەتێكی گەورە هەیە بۆ وەبەرهێنان لە كەرتی كارەبا و بۆ ئەوەی عێراق ببێتە بەرهەمهێنەری وزەی كارەبا، سەرەڕای ئەو گرفتانەی ئێستا لە بەرهەمهێناندا لە عێراقدا هەیە، هەروەها دەبێت ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن كە بەرۆكی كەرتی كارەبای گرتووە".
گوتیشی: "پێویستمان بە پەرەپێدانی سەوز هەیە، بەو پێیەی كێشە لە كەرتی ژینگە و بیابانبوون و لاوازی لە بەرهەمی كشتوكاڵیدا هەیە، هەروەها دەبێت بیر لە وەبەرهێنان بكەینەوە لە سیاسەتی سەوز لە عێراق و كاریگەرتر دەبێت لەسەر ئەو واقیعی وڵات".
جەختی كردەوە، "دەبێت لە رێگەی تۆڕێكی وزەوە كاربكرێت و سەرچاوەیەكی نوێ بەكاربهێندرێت و نابێت هەڵەكانی رابردوو دووبارە بكەینەوە و دەبێت لە بازاڕی وزەدا پێگەی خۆمان بگۆڕین".