د.موشیر گەڵاڵی، سەركردەی پێشووی كۆمەڵ: ئەركە لەسەرمان حکوومەتی ھەرێم و دەستکەوتەکانمان بپارێزین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

د.موشیر گەڵاڵی، سەركردەی پێشووی كۆمەڵ: ئەركە لەسەرمان حکوومەتی ھەرێم و دەستکەوتەکانمان بپارێزین

”ژنھێنانەکەی مامۆستا عەلی باپیر زیانی بۆ کۆمەڵی دادگەری دەبێت“

لەم دیمانەیەدا لەگەڵ (باسنیوز)، موشیر گەڵاڵی، بەپرسی پێشووی مەڵبەندی ھەندەرانی کۆمەڵی دادگەری رایدەگەیەنێ، ئەو حزبانەی لەناو حکوومەتدا خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن، کاتێک پۆستێک یان وەزارەتێک وەردەگرن، دەبێ لەناو وەزارەتەکەی خۆیاندا چاکسازی بکەن. سەبارەت بە رۆڵی حزبە ئیسلامییەكانیش دەڵێت: ”ئیسلامییەکانی کوردستان ناتوانن چاکسازی بکەن.“

(باسنیوز) خوێندنەوەتان بۆ بارودۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان چۆنە؟ پێویستە پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، چی بکەن بۆ ئەوەی یەکڕیزیی نێوماڵی کورد بپارێزن؟

د.موشیر گەڵاڵی: ھەرچەندە بەھۆی بارودۆخێکی تایبەتەوە ماوەی حەوت ساڵە خۆم لە چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانی پاراستووە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ناسکدا ھەنگاو دەنێت، کاتی ئەوە ھاتووە، ھەموو حزبەکان ڕێگاەچارەیەکی شایستە و گونجاو بۆ ئەم بارودۆخە بدۆزنەوە، ھەروەھا چاکسازی لەناو سێکتەرەکانی کۆمەڵگەدا بکرێت، دواجار ئەو حزبانەی لەناو حکوومەتدا پێگەیان ھەیە، پێویستە پاڵپشتیی چاکسازی بکەن و دژی گەندەڵی بوەستنەوە، بۆ ئەوەی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان تێکنەچێت، چونکە ئەم قەوارەی ئێستا ھەمانە، من وەکوو موسڵمانێک پێم وایە وەکوو چۆن ئەركە نوێژ بکەین و ڕۆژوو بگرین و خوای گەورە لە خۆمان ڕازی بکەین، ئاواش پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەموو دەستکەوتەکانمان بپارێزین، بەڵام ناکرێت دەسەڵات پۆست بدات بە ھەندێک کەس و دەمکوت بن، ھەروەھا ئەو حزبانەی لەناو حکوومەتدا خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانی، کاتێک پۆستێک یان وەزارەتێک وەردەگرن، دەبێ لەناو وەزارەتەکەی خۆیاندا چاکسازی بکەن، بۆ ئەوەی لانی کەم گەندەڵی کەم بێتەوە.

(باسنیوز) ماوەیەکی زۆرە لە کۆمەڵی دادگەری دابڕاویت، ئێستا لەناو گۆڕەپانی سیاسیدا ئەدای کۆمەڵی دادگەری چۆن دەبینیت؟

د.موشیر گەڵاڵی: کۆمەڵی دادگەری و حزبە ئیسلامییەکانی دیکە بەرەو لاوازی دەڕۆن، من جارێکیان بە مامۆستا عەلی باپیرم گوت، مامۆستا پۆستی ئەمیرایەتی لەناو پەیڕەو و پڕۆگرامی کۆمەڵدا سەقفێکی زەمەنیی ھەیە؟ گوتی، نەخێر! منیش لە وەڵامدا گوتم، ئەی باشە لەناو کۆمەڵ ئەو ھەموو کەسایەتییە بەھێزە ھەیە، دڵنیام ئەگەر سێ جاری دیکە ھەڵبژاردن بکرێتەوە، ھەر جەنابت بۆ پۆستی ئەمیرایەتی دەردەچیت. لەناو فکری ئیسلامی لە سەردەمی مەعاویەدا پۆست بووە بە بنەماڵەیی، معاویە کوڕەکەی خۆی بە شمشێر سەپاندووە بەسەر خەڵکدا، دەی باشە مامۆستا عەلی باپیر ئەگەر جەنابت ئەو کوتەکە نەشکێنی کێ بۆمان بشکێنێت؟ چۆن ڕوومان بێت ڕەخنە لە یەکێتی و پارتی و حزبەکانی دیکە بگرین. زیاتر لە ٥٠ ساڵە بە پارتی دەڵێن حزبی بنەماڵە، جاران یەکێتی بە پارتیی دەگوت حزبی بنەماڵە، دەی باشە ئێستا کامیان زیاتر بنەماڵەیین، یەکێتی یان پارتی؟ ئەگەر بێینە سەر ئیسلامییەکان، مامۆستا عەلی باپیر خۆی دەڵێت لەناو کۆمەڵ سەقفێکی زەمەنی بۆ پۆستی ئەمیری كۆمەڵ نییە، بەڵام لێناگەڕێت خەڵک خۆی بۆ ئەو پۆستە ئامادە بکات، شەوی کۆنگرە، یان ڕۆژی کۆتایی کۆنگرە دەڵێن کێ دەیەوێت خۆی بۆ پۆستی ئەمیری كۆمەڵ ھەڵبژێرێت؟ بەڵام ئەوە گاڵتەکردنە بە ئەقڵی خەڵک، چونکە کەس ڕووی نایەت بڵێت من خۆم ھەڵدەبژێم، بۆیە خودی حزبە ئیسلامییەکان بوون بە حزبی بنەماڵە. یەکگرتووی ئیسلامی پێشتر ھەنگاوێکی جوانی نا، بەڵام هەر زوو ئەوانیش پەشیمان بوونەوە و گەڕانەوە بۆ دۆخی جارانیان، بۆیە ئیسلامییەکانی کوردستان ناتوانن چاکسازی بکەن.

(باسنیوز) لە کاتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و شەڕی تیرۆریستانی داعش، لەلایەن کۆمەڵی ئیسلامییەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بوویتەوە، ھۆکارەکەی بۆچی دەگەڕایەوە؟

د. موشیر گەڵاڵی: بە ھۆکاری ئەوەی پاڵپشتیم لە پڕۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کرد، لایەنگرانی کۆمەڵ ڕەخنەیەکی زۆریان لێ گرتم و زۆر تۆمەتیان بۆ كردم، گوایە من بووم بە پارتی، یان لەژێر کاریگەریی ئەو حزبەدا پاڵپشتیم لە ڕیفراندۆم کردووە، لەکاتێکدا ئەوە ئەسڵ و ئەساسی نییە و تاوەکوو ئێستا لەژێر کاریگەریی ھیچ حزبێکی سیاسیدا نەبوومە.

(باسنیوز) ھۆکاری لاوازبوونی حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟

د. موشیر گەڵاڵی: زەنگی مەترسی بۆ ئیسلامییەکانی کوردستان لێ دراوە، چونکە بیروڕای جیاواز قبووڵ ناکەن، لەناو حزبە ئیسلامییەکاندا دەسەڵاتەکان لەناو کۆمەڵێک کەسی دیاریکراو تاپۆ کراون، ئەوە پیشکەوتن نییە دوو حزب یان سێ حزبی ئیسلامی لە ھەڵبژاردنەکاندا کورسییەک یان دوو کورسی زیاد بکەن و ئەوی دیکە خۆی بە براوە بزانێت، کۆمەڵی دادگەری لە ھەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی کوردستاندا توانی کورسییەکانی زیاد بکات و خۆی بە براوە لە یەكگرتوو دەزانی، کێشەکە ئەوەیە ئیسلامییەکان خۆیان بە یەکتری بەراورد دەکەن، نەك بە حزبەکانی دیکە، بەڵام ئەوە سەرکەوتن نییە، بەڵکوو پاشەکشەی حزبە ئیسلامییەکانی کوردستانە.

(باسنیوز) کۆمەڵی دادگەری لە کۆنگرەی چوارەمدا پاشگری (ئیسلامی)ی لێ کردەوە، بەڕێزتان ئەمە تا چەند بە هۆكاری شکستی کۆمەڵ دەزانن؟

د.موشیر گەڵاڵی: بێ شک ئەوە زیانی بە کۆمەڵ گەیاندووە، کە ناوەکەیان گۆڕیوە، ئەو کاتەی لە کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی چەند کەسێک بە سەرۆکایەتیی مامۆستا عەلی باپیر جیا بوونەوە،  من لە لەندەن بووم لای دکتۆر ئەحمەد چەلەبی، ڕۆژێک بە ئەحمەد چەلەبیم گوت، تۆ دەمێکە دەڵێی ئێوە ناتوانن دژی سەرکردایەتیی کۆن ھەڵوێست وەربگرن و جیا ببنەوە، فەرموو ئەوە ئێمە سەرکردایەتییەکی نوێمان ڕاگەیاندووە، ئەحمەد چەلەبی لە وەڵامدا گوتی زۆر چاکە، بەڵام من دوو داواکاریم ھەیە بیگەیەنە بە مامۆستا عەلی باپیر، ئەوکاتە مۆبایل نەبوو بە مۆبایلی سورەییا تەلەفۆنم بۆ مامۆستا عەلی باپیر کرد، گوتم مامۆستا عەلی باپیر، دکتۆر ئەحمەد چەلەبی پیرۆزبایی ئەو دەستکەوتە دەکات، بەڵام دوو داواکاریی ھەیە، یەکەم دەڵێت بە ھیچ شێوەیەک ناوی خۆتان مەگۆڕن، چونکە بزووتنەوەی ئیسلامی لە یاسای ئازادیی عێراقدا سوودێکی باشی لێ دەبینن، بەو مانایەی، نەیارەکانتان ناتوانن بەھۆی ناوەکەتانەوە ئێوە لەناو لیستی تیرۆر دابنێن، بەڵام مامۆستا عەلی باپیر، لە ناوچەی ھەورامان لەناو خەڵکدا باسی ئەرێنییەكانی ناوی کۆمەڵی دەکرد، ئەگەر ناوی کۆمەڵ بکەیت بە عەرەبی مانای (جەماعەت) دەگەیەنێت، ئەگەر بیکەی بە ئینگلیزی مانای (گرووپ) دەگەیەنێت، بەڵام ئەو ناوە لە ھەموو ئەورووپا و ئەمریکا ناوێکی بێزراوە، بەڵام ئەوکاتە ناوی (کۆمەڵ) بەڵایەک بوو بۆ بزووتنەوەی ئیسلامی، لەبەرئەوەی ھەموو گرووپە توندڕەوەکان وەکوو ئەوان حەزیان لە وشەی (گرووپ و جەماعەت) بوو، بەڵام دواجار بەھۆی ناوی کۆمەڵ تووشی زیانێكی زۆر بووینەوە، دوای ٢٠ ساڵ لە دامەزراندنی کۆمەڵ، لەبری ئەوەی وشەی کۆمەڵ بگۆڕن، پاشگری ئیسلامییان لێ کردەوە! لەکاتێکدا کێشەکە ناوی کۆمەڵ بوو، نەک دەستەواژەی ئیسلامی، بەڵام ئەوە ھەڵەیەکی زۆر ستراتیژی بووە و بینیمان چۆن ئەو حزبە لە ھەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی عێراق شکستی ھێنا. تەنانەت حزبە بچووکەکان پێش کۆمەڵی دادگەری كەوتنەوە، ھەروەھا وشەی (دادگەری) بۆ کۆمەڵ شەفاعەت ناکات، چونكە ئەگەر بۆ داھاتوو چاکسازییەکی باش لەناو خۆیاندا نەکەن، ڕووبەڕووی شکستی گەورە دەبنەوە، ھیوادارم دەروێشەکانی کۆمەڵ بەھۆی ڕەخنەکانمەوە قسەی نەشیاوم پی نەڵێن و ڕەخنەکانم وەک کەسێکی دڵسۆز قبووڵ بکەن.

(باسنیوز) رەخنەیەك لەنێو كۆمەڵدا هەیە، زۆربە دەپرسن، بۆچی عەلی باپیر لە زۆربەی پۆستەكان زاواکەی كاندید دەكات؟ ئەمە بە ڕەوا دەبینیت؟

د.موشیر گەڵاڵی: کاک عەبدولستار مەجیدم خۆش دەوێت، لەسەر کێشەیەکی دیاریکراوی خۆم لەناو دانیشتنێکدا ھەڵوێستی جوامێرانەی ھەبووە، کەسێکی ڕووڕەش لە دانیشتنێکدا باسی منی کردووە، لە ٢٦ ئەندامی سەركدایەتی ٢٥ کەس دژی من دەنگیان داوە! ئەوانە لەسەر چ ئەساسێک لە دژی من دەنگیان داوە؟ لەکاتێکدا ئەوکاتە من لەوێ نەبووم، دەبوایە کەسێکی ناو دانیشتنەکە تۆزێک ئیمان و غیرەتی جووڵابوایە و تەنیا بیگوتایە، لەبەرچی تاوانێکی لەو شێوەیە بۆ موشیر گەڵاڵی دروست دەکەن؟ بەڵام گەورەترین تاوانی گەورەی کاک عەبدولسەتار مەجید ئەوەیە زاوای مامۆستا عەلی باپیرە، چونكە ترسی خەڵک زۆرە لەوەی بنەماڵەیی لە حزب دروست ببێت، کاتی خۆی دکتۆر سەباح بەرزنجی، كە لەناو کۆمەڵ ھەر ئەو کەسایەتییەمان ھەبووە پڕۆفیسۆر بێت، بەڵام لە کۆنگرەیەکدا تەنیا دوو دەنگی ھێناوە! گەورەترین تاوانی دکتۆر سەباح بەرزنجی ئەوەیە، کوڕی مامۆستا شێخ محەمەد بەرزنجییە، چونکە ھەمووی زاوا و کوڕی خۆی دادەنێت، من حەز دەکەم لێرەدا نموونەیەک بھێنمەوە، کاتی خۆی لە سەردەمی بزووتنەوەی ئیسلامی، ھەمیشە باسی چاکسازی و گۆڕانکاری دەکرا، باسی ئەوە دەکرا، کە دەبێت دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەناو بزووتنەوەی ئیسلامیدا ھەبێت، زۆر جار ڕەخنە لە بنەماڵەی مامۆستا مەلا عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری کۆچکردووی بزووتنەوەی ئیسلامی دەگیرا، گوایە حزبەکەیان کردووە بە حزبی بنەماڵە، بەڵام دواتر خەڵک تەقییەوە و بزووتنەوەی ئیسلامی جیابوونەوەی تێ كەوت و کۆمەڵ ڕاگەیاندرا، بێ گومان خەڵک بۆ ئەوە دوای کۆمەڵ کەوت، كە ئەو ڕەخنانەی پێشتر ڕووبەڕووی بزووتنەوە دەبوونەوە، کۆمەڵ دووبارەیان نەکاتەوە، بەڵام ئێستا کادیرە دڵسۆزەکانی کۆمەڵ جگە لە (دەروێشەکان)، ھەمان ڕەخنەی پشوو لە کۆمەڵی دادگەری دەگرن.

(باسنیوز) لە کۆنگرەی سێیەمی کۆمەڵی دادگەری، بەھۆی تۆمەتێکەوە گەلەکۆمەکێ لەدژی ئێوە هاتە ئارا، ئایا ئەو تۆمەتانە راست بوون؟ ئەی چی بەو سەرکردانەی كۆمەڵ دەڵێیت؟

د. موشیر گەڵاڵی: برایانی کۆمەڵ تۆمەتی زۆریان بۆ دروست کردووم و زۆریان ئازار داوم، دواڕۆژی ماڵ و منداڵەکەمیان فەوتاند، چونکە زۆ ناخۆشە دوای مردنم، خوانەکردە خەڵک بە منداڵەکانم بڵێن، باوکت فڵانە شتی کردووە، لەکاتێکدا ئەوە ئەسڵ و ئەساسی نییە، بەڵام ئەو کاتەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووم، خەڵکی دۆعای زۆریان بۆ کردم و خوای گەورە مۆڵەتی ئەوەی پێدام ژیانم بۆ بگەڕێنێتەوە، بۆیە گەردنی ھەموو کەسێکم ئازاد کردووە، بە خودی مامۆستا عەلی باپیریشەوە، بەڵام بەھۆی ئەو کێشەیەی کە تووشم بووە، خراپترین ھەڵوێست ھەڵوێستی مامۆستا عەلی باپیر بووە، چونکە ماوەیەکی زۆر ھیچ داوایەکم لە برایانی ئیسلامی نەکردووە، بەڵام داواکارییەکم لە خودی مامۆستا عەلی باپیر کرد، بەگوێرەی دەسەڵاتەکانی دەیتوانی چارەسەری کێشەکەم بۆ بکات، ھەرچەندە بەڵێنی پێدام، بەڵام بەڵێنەکەی نەبردە سەر، بۆیە دوای نەخۆشکەوتم گەردنی ھەموویانم ئازاد کردووە و ئێستاش گەردنیان ئازاد دەکەم.

(باسنیوز) ماوەی مانگێکە مامۆستا عەلی باپیر ژنێكی دیكەی ھێناوە و رەخنە و قسە و لێدوانی جیاواز لەسەر ئەو پرۆسەیە هەیە تەنانەت لەنێو خودی كۆمەڵیشدا، قسەی ئێوە لەسەر پڕۆسەی ژنھێنانی عەلی باپیر چییە؟

د. موشیر گەڵاڵی: ئاگاداری ئەوەم کە مامۆستا عەلی باپیر ژنی چوارەمی ھێناوە، بەڵام تەمەن و ژنی چوارەم کارێکی ناشەرعی نییە، خەڵکێکی زۆر قسەی لەسەر ژنھێنانی مامۆستا عەلی باپیر کردووە، ھەندێکی كەس ڕەخنەی توندی لێ دەگرن، ھەندێکیش بە شێوازێکی باش قسەیان لەسەر مەسەلەی ژنھێنانەکەی کردووە، من باسی دەروێشەکانی عەلی باپیر ناکەم، ئەو مەسەلەی ژنھێنانە بەلایانەوە  ئاساییە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە لە ساڵیادی دامەزراندنی کۆمەا ژنی چوارەمی ھێناوە، من لێرەدا قسەیەکی ئیمامی شافعی بە نموونە دەھێنمەوە، ئیمامی شافعی دەڵێت (ئەگەر خواردنەوەی ئاوی سارد زیان بە کەسایەتیم بگەیەنێت، ھەتا ماوم ئاوی سارد ناخۆمەوە) بێ گومان ھەرچەند بیانووی بۆ بھێننەوە، تازە ئەو مەسەلەی ژنھێنانە لە جەماوەریی خۆی و حزبەکەیشی کەم دەکاتەوە، یەکێک لە دەروێشەکانی عەلی باپیر دەڵێت، تەمەنی ژنەکەی مامۆستا عەلی باپیر ٢٦ ساڵ نییە، بەڵکو ٢٧ ساڵە! باشە ھەی دەروێش، جیازوازیی نێوان ٢٦ و ٢٧ چییە؟ مامۆستا عەلی باپیر بەختی ھەبوو لە کاتی ھەڵبژاردن ژنەکەی نەھێنا، ھەرچەندە خەڵک زوو شتی بیر دەچێتەوە، بەڵام ئەگەر کاتی ھەڵبژاردن بوایە، چۆن ناو گۆڕینەکەیان گورزی لێ دان، ڕەنگە ئەو تۆزە کورسییەی ھەیانە ئەوەشیان لەدەست بدابایە، مامۆستا عەلی باپیر ساڵی ڕابردوو نیازی ژنھێنانی ھەبووە، چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پێیان گوتووە مامۆستا دەست بۆ ئەوە نەبەیت و خەڵکمان لێ مەورووژێنە، بەڵام مامۆستا عەلی باپیر بیەوێت شتێک بکات، دەیكات و گوێ بە ڕەخنەی کەس نادات.