بەڕێوەبەری گشتیی ئاو: لە هەولێر دۆخی ئاو لەژێر كۆنتڕۆڵدایە و كاری باش بۆ چارەسەركردنی كه‌مئاوی كراوه‌
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو: لە هەولێر دۆخی ئاو لەژێر كۆنتڕۆڵدایە و كاری باش بۆ چارەسەركردنی كه‌مئاوی كراوه‌

"ئەو ماوەیە 33 بیری تازە لە هەولێر لێدراون"

 بەڕێوەبەری گشتیی ئاو ئاشكرای كرد، ئەو ماوەیە 33 بیری تازە لە هەولێر لێدراون و ژمارەیەكی دیكەش لە ژێر دیراسەكردندان و دەشڵێت:  لە هەولێردۆخی ئاو لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە و گرفتەكان زۆر گەورە نین، بودجەی پێویست بۆ ئەو مەبەستە لە بەردەستە و كاری باش بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی كراوە

ئاری ئەحمه‌د، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ساڵی رابردوو لەسەر داواكاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان راپۆرتێكمان بەرزكردەوە و داوای تەرخانكردنی 356 ملیار دینارمان بۆ تۆڕەكانی ئاو، هێڵەكانی گواستنەوەی ئاو، چارەسەركردن و پەرەپێدانی وێستگەكانی ئاو، لەگەڵ چەند بابەتێكی دیكە لەو چوارچێوەیەدا لە شار و شارۆچكەكان كرد، لە 29ی5ی2022 ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی 25 ملیار دینار بۆ تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەكان دەربڕیووە و ئەو بڕە پارەكەی دیكەش كە لە 356 ملیارەكە دەمێنێتەوە دەكەوێتە ساڵانی داهاتوو".

ئاماژەی بەوەش دا بۆ چارەسەكردنی گرفتی كەمئاوی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر و ئاوی دەورووبەر لە مانگی 12ی ساڵی رابردوو و مانگی یەكی ئەمساڵ لە رێگەی پارێزگاوە داواكارییەكان پێشكەشكردووە، گوتیشی: " لەسەر داوكارییەكەی ئەوان حەوت ملیار و 600 ملیۆن دینار بۆ  لێدانی 138 بیر تەرخانكراوە، لەو ژمارەیەش 104 بیریان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر دەبن ، ئێستا 33 بیر لێدراون و ژمارەیەكی دیكەش لە ژێر دیراسەكردندان".

روونیشی كردەوە لەم قۆناغەدا چوار بیر لە سنووری ئاوی دەورووبەر لێدراون و ژمارەیەكی دیكەش داواكراوە كە نزیكەی 40 بیر دەبێت، بەگشتی 70%ی ئەو بیرانەی لێدەدرێن جێگرەوەن و 30%یان بیری نوێن.

بەڕێوەبەری گشتی ئاو گوتیشی : "تاوەكو ئێستا هەزار و 240 بیر لە سەنتەری شاری هەولێر لێدراون، لێدانی ئەو ژمارە بیرە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە كە ئاوی پڕۆژە ستراتیژییەكانی شاری هەولێر دروست دەبێت كە ئەوانیش بریتین لە پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی یەك و دوو و سێ، لە 2015ەوە گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیایەكی بەریتانی كراوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ئاوی هەولێر چوار، ئەگەر پڕۆژەكە جێبەجێ بكرێت بە چەند قۆناغێك ئەو هەزار و 240  بیرە دادەخرێن.

پڕۆژەی ئاوی ئیفراز یەك و دوو و سێ لە توانایاندایە لە هەر كاتژمێرێكدا 13هەزار و 500 مەتر سێجا ئاو بۆ شاری هەولێر دابین بكەن.

ئاری ئەحمەد گوتیشیی: 21 ملیار دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر دابنیكراوە بۆ راكێشانی هێڵی جێگرەوەی ئیفراز سێ، هێڵە نوێیەكە دەكەوێتە نێوان گەزنە بۆ گەڕەكی هەولێری نوێ، چونكە ساڵانە چەند جارێك لەو شوێنەدا هێڵەكە تووشی شكان و كێشەی تەكنیكی دەبێتەوە، هێڵەكە ئێستا جیاوازتر دەبێت و بەپێی ستانداردی جیهانی جێبەجێ دەكرێت.

سەبارەت بە چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی لەمساڵدا بە تایبەت بە شاری هەولێر، بەرێوەبەری گشتی ئاو  دەڵێت: دۆخەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە و گرفتەكان زۆر گەورە نین، بودجەی پێویست بۆ ئەو مەبەستە لە بەردەستە و كاری باش بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی كراوە، ئەگەر لە كۆڵانێك گرفتی كەمئاوی هەبێت لە رێگەی تانكەرەوە ئاویان بۆ دابین دەكەین تاوەكوو ئەوكاتەی كێشەكە چارەسەر دەكرێ".