سعود مستۆ: ڕەوشی شنگال بەرەو کارەساتێکی دیکە دەڕوات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

سعود مستۆ: ڕەوشی شنگال بەرەو کارەساتێکی دیکە دەڕوات

ڕاویژکارێکی ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزدییان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی (باسنیوز)دا  ڕایگەیاند، بەم دۆخە بێت شنگال بەرەو کارەساتێکی دیکە دەڕوات، چونکە بەهۆی ئەو هێزە ناشەرعی و نایاساییانەی لەنێو شنگالدا هەن، دوور نییە چەندین کەسی دیکە ببنە قوربانیی شەڕی پەکەکە و تورکیا و دەشڵێت، تاکە هیوا بۆ ئاساییبوونەوەی ڕەوشی شنگال جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدایە دەربارەی شنگال.

باسنیوز: ئێستا دۆخی شنگال خراپە و ڕۆژانە خەڵکی سڤیل دەبنە قوربانی، سەبارەت بە دۆخی شنگال بۆچوونت چییە؟

سعود مستۆ: ڕەوشی شنگالی بەرەو کارەساتێکی دیکە دەڕوات و هیچ ئۆمێدێک نییە بەرەو باشتر بڕوات، چونکە دەبینین لەڕووی ئەمنییەوە دۆخی شنگال ڕۆژانە خراپتر دەبێت، ئەو هێزە سەربازییە جۆراوجۆرانەی کە بەدەرن لە یاسا و لە دەرەوەی مەنزوومەی بەرگریی عێراقین و ئەجێندای وڵاتانی ئیقمیلی جێبەجێ دەکەن و نەبوونی ئیدارەیەکی شەرعی لە شارەکە وای کردووە دۆخی ئابووری و خزمەتگوزاری لە شارەکە بەرەو وێرانی دەڕوات، سەرەڕای ئەو وێرانکارییەی لە شنگال هەیە، لەم چەندین ساڵەدا هیچ خزمەتگوزارییەک لەلایەن ئەو هێزانەوە پێشکەشی خەڵک نەکراوە، ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی شنگال تەنیا شارێک بیت بۆ خزمەتی ئەجێندا ئیقلیمییەکان.

باسنیوز: ئێستا خەڵکی شنگال زیاتر لە مانگێکە دژی ئەم هێزانە دەوستنەوە بۆ دەرکردنیان، بە چ میکانیزمێک ئەم هێزانە دەردەچن؟

سعود مستۆ: ئێزدییەکان قوربانیی گەورەیان داوە و بەرگەی ناخۆشیی زیاتر ناگرن، دەبوایە ئەو هێزانە ڕێزیان لە قوربانییەکانی خەڵکی شنگال گرتبا، هەمووان وەک ڕۆژی ڕووناک دەزانن ئەم هێزانە بوونەتە بەڵا، چونکە ئەم هێزانە ڕیگە نادەن جارێکی دیکە خەڵکی شنگال بەئارامی بژین و دەبینن ئەم هێزانە بوونەتە هۆکار کە خەڵکی سڤیلی شنگال دەبنە قوربانیی ئەجێنداکانیان، دەبێت خەڵکی شنگال هەموویان ئەم هێزانە دەربکەن و ڕێگە نەدەن ئەوان ببنە قوربانیی سیاسەتەکەیان.

باسنیوز: ئایا حکوومەتی عێراق توانای دەرکردنیانی نییە، یان کەمتەرخەمە؟

سعوود مستۆ: حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمە لە ئەمن و ئاسایشی قەزای شنگال، چونکە حکوومەتی عێراق بەرپرسیاری هەموو بوارەکانی خزمەتگوزاری و ناجێگریی سنووری قەزای شنگالە و ئەگەر حکوومەتی عێراق پشتیوانیی ئەو هێزانەی نەکردبا، ئێستا دۆخەکە بە شیوەیەکی تر بوو، چونکە لە دوای ڕزگارکردنی شنگال، حکوومەتی عێراق پشتگیریی دارایی پێشکەشی ئەو ‌هێزانە کرد تاوەکوو نفووزی خۆیان بەهێز کرد و جوگرافیای شنگالیان تێک دا و کەس نازانێ ئێستا شنگال بە دەست کێوەیە.

باسنیوز: ڕێكکەوتنی شنگال پێویستە چۆن بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە؟

سعود مستۆ: تاکە هیوا بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال و گەڕانەوەی خەڵک و گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی و کۆتاییهێنان بە ژیانی ئاوارەیی و گەیاندنی خزمەتگوزاری، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگالە، ئەو لایانە نێودوڵەتییانەی کە پشتیوانی ڕێککەوتنەکەن، دەبێ گوشار لە حکوومەتی عێراق بکەن بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال، چونکە هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەستپێشخەرییان لە ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا کردووە بۆ ئاساییبوونەوەی ڕەوشی شنگال، بۆیە دەبێت کۆتایی بەو دۆخەی شنگال بهێنرێت و خەڵکی شنگالیش داوای جێبەجێکردنی ئەم ڕێكکەوتنە بکەن.

باسنیوز: وڵاتان باسی دۆخی شنگال دەکەن، بەڵام هەنگاوی کردەییان بۆ ئاسایبوونەوەی دۆخەکە نییە، پێویستە چ بکرێت؟

سعود مستۆ: لایەنە نێودەڵەتییەکان هەموویان لەگەڵ ڕێگە شەرعییەکەدان، چونکە لەڕووی یاساییەوە لایەنە نێودەوڵەتییەکان مامەڵە لەگەڵ هێزە یاساییەکان دەکەن و چەندین جارە وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکەن هێزە ناشەرعییەکان لە شنگال دەرکەون، بەڵام ئەو لایەنانە ناشەرعی و خۆسەپێنن و دەرناچن.