لەو رۆژانەی كەشوهەوا پیسە و بە چڕی خۆڵبارینە، بۆ ئەوە تووشی كێشە و نەخۆشی نەبیت، پێویستە رەچاوی ئەم رێنوێنییانە بكەیت:
ئەگەر دەوامت هەیە و ناچاری بڕۆیتە دەرەوە، وا باشترە دەمامەكێكی باش و گونجاو بەكار بهێنی.
بەگوێرەی زانیارییەكانی پزیشكان و پسپۆڕان، باشترین جۆری دەمامەك بۆ گەڕاندنەوەی زیانەكانی خۆڵبارین، ماسكی n95 و ماسكی جۆری 3D یە، ئەم جۆرە دەمامكانە جگە لەوەی قایمن، دەتوانرێ چەندین جاریش بەكار بهێنرێن.
ئەگەر وەرزشوانیت و رۆژانە لە پاركەكان وەرزش دەكەی، وا باشترە لەو رۆژانەی خۆڵ دەبارێت، وەرزش نەكەیت و لەدەرەوە پیاسە نەكەیت.
بێ گومان ئەو كەسانەی نەخۆشیی رەبۆ و هەناسەتەنگییان هەیە، زیاترین مەترسییان لەسەرە، بۆیە وا باشترە لە ماڵ دانیشن و ئەگەر پێویست نەكات نەڕۆنە دەرەوە. پێویستە خێزانەكان ئاگاداری منداڵەكانیان بن و لە رۆژانی خۆڵباریندا نەیاننێرنە دەرەوە.
لە كاتی ئۆتۆمبێل لێخوڕیندا، بە هیچ شێوەیەك پەنجەرەكان مەكەنەوە. هەر كاتێك لەپڕێكدا سینگتان ئازاری بۆ پەیدا بوو و هەناسەتان بە سەختی وەرگرت و دایەوە، پێویستە بێ راوەستان سەردانی پزیشك بكەن.
هەوڵیش بدە لە رۆژانی خۆڵباریندا میوە و سەوزەی زۆر بخۆی و زیاتر سوود لەو خواردنانە وەربگرە، كە شلەمەنین.