بارەگای هیچ حزبێكی كوردستانی لە گوڵاڵە نییە و ڕێژەی كورد لە ناحییەكە بۆ لە %5 كەمی كردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بارەگای هیچ حزبێكی كوردستانی لە گوڵاڵە نییە و ڕێژەی كورد لە ناحییەكە بۆ لە %5 كەمی كردووە

لە دیمانەیەكی (باسنیوز)دا، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی گوڵاڵە (جەلەولا)ی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند، دۆخیی ئەمنیی سنووری گوڵاڵە ئەوەندە خراپە بە شەوان رێگاكانی چون بۆ كەلار و سەعدییە و كوڵەجۆ دادەخرێن.

ئاوات بەمۆیی،بەرپرسی لیژنەی ناوچەی گوڵاڵە ئاشكرای ده‌كات، "بەشێك لە تیرۆریستانی داعش لە گوندە عەرەب نشینەكان دەمێننەوە و دانیشتوانی ئەو گوندانە هاوكاری داعشەكانن".

لە بارەی دۆخیی ئەمنیی سنووری ناحییەی گوڵاڵە، به‌رپرسی ناوچه‌ی گوڵاڵه‌ی پارتی، گوتی: "دۆخیی ئەمنی سنووری ناحییەی گوڵاڵە باش نییە بەتایبەت لە شەواندا، بەڕۆژ دۆخی ئەمنیی ناوەندی گوڵاڵە تا ڕادەیەك باشە، هەندێ جاریش كێشەی ئەمنیی و تەقینەوە ڕوو دەدەن، بەڵام لە شەواندا ئەوه‌ندە دۆخیی ئەمنیی خراپە، ڕێگاوبانەكان دادەخرێت، واتا رێگای نێوان گوڵاڵە بۆ سەعدییە و گوڵاڵە بۆ كەلار و گوڵاڵە بۆ كوڵەجۆش هەر بە یەكجاری دادەخرێن.

لەوه‌ڵامی پرسیاری، گوندنشینانی سنووری گوڵاڵە كە دۆخیان چۆنە؟ ئەو بەپرسەی پارتی، گوتی: "زۆربەی گوندەكانی دەوروبەر گوڵاڵە عەرەب نشینن و چەند گوندێكی كوردانیش هەیە و كۆی گوندەكان 33 گوندن و گوندە كوردییەكان تا ڕادەیەكی زۆر چۆڵیان كردووە و ماڵیان زۆر كەم تێدا ماوەتەوە، پێشتر لە ناوەندی ناحییەی گوڵاڵە لە %35ی كورد بوون، ئێستا ته‌نها %5 رێژەی كورد لەناو ناحییەكە ماوەتەوە.

هاوكات ئاوات بەمۆیی، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، "رێژەی دانیشتوانی گوڵاڵە بە گشتی 91 هەزار كەسە، لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە ئیتر جارێكی تر كورد لە گوڵاڵە هەر بەرەو كەمی دەرۆشت و زیاتر ئێستا كوردانی گوڵاڵە ئاواره‌ی شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستانن.

سەبارەت بە ڕێگە پێدان بە چالاكی سیاسی و بوونی بارەگای حزبە كوردستانییەكان لە گوڵاڵە، به‌رپرسهی ناوچه‌ی گوڵاڵه‌ (جه‌له‌ولا)ی پارتی، گوتی: "لەناو ناحییەی گوڵاڵە، هیچ بەرپرسێكی كوردی تێدا نییە و هەروەها بارەگای هیچ حزبێكی كوردستانیشی لێ نییە، تا پاریش بەڕێوەبەری ناحییەكە كورد بوو، بەڵام فەرمانی دەستگیركردنێكیان بۆی دەركرد و خۆی ده‌رباز كرد و ڕۆشت، ئێستا بەڕێوەبەری ناحیەكەش عەرەبە.

لە بارەی ئەوەی كە گوڵاڵە یەكێكە لە ناحییەكانی سەر بە قەزای خانەقین كە لە هەموو شوێنەكانی تری سنووری خانەقین كردەوەی تیرۆریستی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت، لەو چوارچێوەیەدا ئاوات بەمۆیی، ڕایگەیاند، "بوونی ئەو چەكدارانەی داعش دەستی عەرەبەكانی تێدایە، دەنا ئەو داعشانە بەچی دەژین و برەو بە كردەوە تیرۆریستییەكانیان دەدەن."

گوتیشی: "بەشێك لە خەڵكی گوندە عەرەب نشینەكان هاوكاری چه‌كدارانی داعش دەكەن، ئینجا ئەو بۆشاییە ئەمنییەی كە كەوتوەتە نێوان هێزە ئەمنییە عێراقییەكان و هێزەكانی پێشمەرگە، ئەوەش هەلی باشی بۆ ئەو تیرۆریستانە ڕەخساندووە و ئەوان بە ئاسانی تەراتێن دەكەن.

له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا به‌رپرسی ناوچه‌ی پارتی له‌ گوڵاڵه‌ گوتی: "دەزگا ئەمنییە عێراقییەكانی بە دڵسۆزی كار ناكەن بۆ ڕاوەدونانی داعش و خەڵكیش سیقەی پێیان نییە، هەروەها هەندێك لەو عەرەبانەش كە لە گوندەكانن جموجۆڵەكانی داعش دەبینن، بەڵام ناوێرن دەزگا ئەمنییەكانیان لێ ئاگادار بكەنەوە، چونكە هەر كە ئاگاداریان چه‌كداره‌كانی داعش پێیان ده‌زانن و دواتر دێن كردەوەی تیرۆریستیان لە دژ دەكەن.