پزیشكێكی دەروونی ئاماژه به‌وه ده‌دات: ”گوێی مه‌دێ، دونیا فشه‌یه، ژنه‌كی بینه چاك ده‌بیت، جه‌وه‌كی بگۆڕه چاك ده‌بی، چاووزار لێی دای، خۆت به‌قوه‌ت كه ئه‌وها نابی، له‌وگۆڕه‌ی دڵی خۆت توند كردیيە، سحر و جادووت لێ كرایه، له چت كه‌مه، ئه‌و قسانه نابه‌رپرسانه فڕێ ده‌درێن و گرفته‌كه قووڵتر ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده مه‌رج نییه كه‌سى قسه‌كه‌ر به نیه‌تی خراپ بیانكات“.
پزیشكێكی دەروونی ئاماژە بە نەخۆشیی خەمۆكی دەكات و نیشانەكان و چارەسەرییەكانی دیار دەكات، پێویستە نەخۆش چارەسەریی دەروونی لای پزیشك وەربگرێت و جەختیش لەوە دەكاتەوە، ئەو كەسەی تووشی ئەو نەخۆشییە دەبێت، لە بێده‌سه‌ڵاتی و لاوازی نییه، خه‌تای خۆی نییە و بەئەنقەست واناكات، به‌ڵكوو كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاریی كیمیایی ئاڵۆز له مێشكی‌دا ڕوو دەدەن و له ده‌ره‌وه‌ی ویست و توانا و ده‌سه‌ڵاتی ئەودایە.
د. ئیبراهیم محەمەد گه‌ردی، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەكان، لە دیمانەیەكی (باس‌نیوز)دا، باس لە نەخۆشیی دەروونی و خەمۆكی دەكات، بەتایبەت ئەو نەخۆشانەی، كە سەردانی دەكەن و نەخۆشیی دەروونییان هەیە، ئاماژە بە گوتەكانیان دەدات، كە زۆربەیان هاوشێوەن و دەڵێت: ”هەموویان قسەكانیان وەك یەكە، بۆ نموونە، دڵم تونده، وه‌ك جاران تام له هیچ شتێك ناكه‌م، خه‌و و خواردنم نەماوه، زۆر بێ جه‌وم، جه‌نابی دكتۆر چ بكه‌م؟“.
ئەو پزیشكە دەروونییە، ئەوە دەخاتە ڕوو، كە ده‌كرێ له ڕۆژێكدا دڵمان توند بێ و ڕۆژێكی دیكە دڵمان خۆش و ئاسایی بێ، به‌ڵام خه‌مۆكی جیاوازه، خه‌مۆكی ده‌رده، پشێوی و ته‌نگژه‌یه، بۆیە ئەگەر دڵتوندییهكهی له ڕاده‌به‌ده‌ر بێ، به جۆرێك كار بكاته سه‌ر كار و چالاكیی ڕۆژانه و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، یاخود ئه‌گه‌ر دڵتوندیی به‌رده‌وام بێ و درێژه بكێشێ و كاری رۆژێك و دوان نەبێت، به‌ڵكوو بە هه‌فته و مانگ به‌رده‌وام بێت، ئەوكاتە پێویستە سەردانی پزیشكی دەروونیی بكرێت و چارەسەر وەربگرێت.
ئەو پزیشكە ئەوە روون دەكاتەوە، كە خەمۆكی چەندین نیشانەی هەیە، بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە و دیاریكردنی چارەسەری، دەڵێت: ”ئەو نەخۆشییە نۆ نیشانەی هەن، لەو نۆ نیشانەیە، كەسەكە دەبێت بە لانی كەمەوە پێنج نیشانەی تێدا بێت، نیشانەكانیش وەك: دڵتوندیی به‌رده‌وام، له‌ده‌ستدانی چێژوه‌رگرتن له‌و شتانه‌ی پێشتر چێژبه‌خش بوون، تێكچوونی خه‌و، تێكچوونی ئارەزووی خواردن، بێهێزی و هه‌ستكردن به ماندووبوونی به‌رده‌وام، هه‌ژان یان كپبوونی جووڵەی ده‌روونی (هه‌ژان یان خاوی له بیركردنه‌وه و قسه‌كردن و ڕه‌فتار، وه‌ك قینچكه تەنگی، چیكڵدانه ته‌نگی، خل و خاوی، هەروەها بێ هیوایی و ڕه‌شبینی، یا هه‌ستكردنی به‌رده‌وام به تاوان و خۆسهركۆنهكردن، كه‌مبوونه‌وه‌ی ته‌ركیز و زوو شت له‌بیركردن، لەگەڵ بیركردنەوە لە مردن و خۆكوژی“.
بۆیە د. ئیبراهیم جەخت لەوە دەكاتەوە، كە لانی كەم كەسی تووشبوو بە خەمۆكی دەبێت پێنج لەو نیشانانەی تێدا بێت، ئەو نیشانانەش ببنه مایه‌ی په‌ككه‌وتنی به‌رچاوی لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و پیشه‌یی ئەو كەسە، هەروەها ئه‌و كۆمه‌ڵه نیشانه ده‌ره‌نجامی نه‌خۆشییه‌كی جه‌سته‌یی نه‌بن، بۆ نموونە، وه‌ك ته‌مبه‌ڵیی ڕژێنەدهرهقی، كه‌مخوێنی، یاخود ئه‌و كۆمه‌ڵه نیشانه ده‌ره‌نجامی خراپ به‌كارهێنانی هیچ مادده و ده‌رمانێك نه‌بن، هاوكات ئەو نیشانانە پەیوەندییان بە نیشانەكانی دیكەی ده‌روونی وه‌ك شیزۆفرینیاوە نەبێت.
ئەو پزیشكە رۆژانە لە نۆرینگەكەی خۆی چاوی بە چەندین نەخۆش دەكەوێت، وەك باس دەكات، كاتێ گوێ لە نەخۆشەكان دەگرێت، هەندێك قسەی باو هەیە بە نەخۆشەكان دەگوترێت، وەك ”گوێی مه‌دێ، دونیا فشه‌یه، ژنه‌كی بینه چاك ده‌بیت،، جه‌وه‌كی بگۆڕه چاك ده‌بی، چاووزار لێی دای، خۆت به‌قوه‌ت كه ئه‌وها نابی، له‌و گۆڕه‌ی دڵی خۆت توند كردییە، سحر و جادووت لێ كرایه، له چیت كه‌مه.. ئه‌و قسانه، كه نابه‌رپرسانه فڕێ ده‌درێن، گرفته‌كه قووڵتر ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده مه‌رج نییه كه‌سى قسه‌كه‌ر به نیه‌تی خراپ بیانكات“.
د. ئیبراهیم محەمەد گەردی، روو لە نەخۆش و تووشبوانی نەخۆشیی دەروونی دەكات و جەخت لەوە دەكاتەوە، كە نەخۆشیی خه‌مۆكی، بێ ده‌سه‌ڵاتی و لاوازی نییه و دەڵێت: ”خه‌تای خۆت نییه و به‌ئه‌نقه‌ست وا ناكه‌ی، به‌ڵكوو كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاریی كیمیایی ئاڵۆز له مێشكتدا ڕوویان داوه و له ده‌ره‌وه‌ی ویست و توانا و ده‌سه‌ڵاتی تۆدان“. بۆیە پێی وایە، هیچ كه‌س به‌قه‌د كەسەكە خۆی خۆش ناوێت و لە خۆی تێ ناگا، ”هیچ كه‌س به‌قه‌د خۆت خه‌می ته‌ندروستی و ده‌رووندروستیی تۆی نییه، شه‌رم مه‌كه، مه‌ترسه، سه‌ردانی كه‌سی شاره‌زا و پسپۆر بكه، بەتایبەت له كاتی هه‌بوونی ئه‌م نیشانانه، به مه‌به‌ستی ده‌ستنیشانكردنی ورد و چاره‌سه‌ری پێویست“.
ئەو پزیشكە دەروونییە، دووبارە جەخت لەوە دەكاتەوە، كە كەسی تووشبوو، خودی خۆی چارەسەرە بۆ خۆی، هەموو كەسێك دەبێت خۆی خۆش بوێت، ”ئەگەر ئەو نیشانانەت هەبوو، پێویستە راوێژ بە پزیشكی دەروونی بكەیت، مەرج نییە چارەسەر و دەرمانت بۆ بنووسرێت، زۆرجار كەمیی ڤیتامین دەبێتە هۆی خەمۆكی، ئەوەش بە نەخۆشیی دەروونی داناندرێت، بەڵكوو هۆكارەكە جەستەییە، بۆیە نابێت كەس شەرم بكات، لەوكاتانە خۆت خۆش بوێت و سەردانی پزیشك بكە“.
بە قسەی د. ئیبراهیم، ئافرەتان زیاتر تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبن، تا پیاوێك تووشی خەمۆكی دەبێت، چوار بۆ پێنج ئافرەت تووش دەبن، هەروەها تەمەنیش رۆڵی لەو نەخۆشییەدا هەیە، بەتەمەنەكان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، هەروەها ئەوانەی باری داراییان باش نییە، زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆكی و نەخۆشییە دەروونییەكان هەیە، ”جیاوازیی نەخۆشیی دەروونی بە گوێرەی ناوچە گەرم و ساردەكانیش دەگۆڕێت، ژینگەش كاریگەریی لەسەر نەخۆشییەكە هەیە، كۆمەڵگەش كاریگەریی خۆی هەیە“.
ئەو پزیشكە دەروونییە، لە نۆرینگەكەیدا رۆژانە چەندین نەخۆش دەبینێت، نایشارێتەوە، كە ئەو نەخۆشانە هەندێك جار چارەسەری بنەڕەتییان نییە، دەشڵێت: ”نەخۆشییەكە پێویستی بە لایەنی ئایینیی راست و دروست هەیە، نەك كەسێك بەناوی ئایینەوە بڵێ چارەسەری دەكەم، ئێمە لە هەموو كات بۆ نەخۆش پێویستمان بە پشتگیریی خێزان، كۆمەڵایەتی و ئایینی هەیە، دەبێ خێزانەكە نەخۆشەكە قبووڵ بكات، پیاوێكی ئایینی رۆڵی زۆرە و پێویستە لە گوتارەكانی باس بكات، كە چۆن رێز لە كەسی نەخۆش بگیرێت، نەك وێنە و ڤیدیۆیان بڵاو بكرێتەوە، پێویستمان بەو جۆرە پشتگیرییە ئایینییانە هەیە، بەڵام پێویستمان بەوە نییە نەخۆش نوشتەی بۆ بكرێت، بەڵكوو لەو كاتەیە پێویستە چارەسەری پزیشكیی بۆ بكرێت، چونكه هیچ نەخۆشییەك بە نوشتە و جادوو چارەسەر ناكرێت“.