كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
ئەسرین عاسی شوانی 16/06/2022

عێراقی دوای پرۆسەی ئازادی

گەر بە دیدێکی وردبینانە لە عێراقی نوێ بڕوانین، هەمان ئەو عێراقە دەبینین کە حكوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق پێی دا تێپەڕیوە، بەڵام ئەمجارە لە بەرگێکی دیکە و لەژێر کاریگەریی مەزهەبێک و ئایینزایەکی تردا کە ئەویش دەسەڵاتی شیعە مەزهەبە و لەژێر کۆنتڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.

بۆیە گەر بەراوردێک لەنێوان عێراقی دوای پرۆسەی ئازادی و بەر لە پرۆسە بکەین سەبارەت بە کێشەی کورد، هەمان ئەو دید و بۆچوونە شۆڤینییە عەرەبیە دەبینین هەمبەر دۆزی کورد، تاکە جیاوازییش کە بەدی دەکرێت، ئەوەی كە لەمجارەدا کورد لە حكوومەتدا بەحساب بەشدارە و چەندین پۆستی بەدەستەوەیە لەو دەسەڵاتەی کە تا سەر ئێسقان لە هەوڵی سڕینەوەی ئاسەواری کوردبوونە لە هەرێمی کوردستان.

وەک دەبینین کە لە هەوڵی ئەوەدایە مافە ڕەواکانی گەلی کورد پێشێل بکات و تەنانەت پێشێلی بەندەکانی دەستووری عێراقیش دەکەن کە گەلی عێراق دەنگیان پێ داوە سەبارەت بە مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد لە کوردستانی باشوور، کەواتە ئەوەی دەیبینین سیاسەتی شۆڤینییانەی دەسەڵاتدارانی عێراقی کۆن و تازەیە پێوەند بە مافی گەلەکەمان و ئەوەندەی بۆیان لوابێت لە هەوڵی خواردنی مافەکانمان دریغییان نەکردووە.

تەنانەت ئەو دۆستانەی دوێنێی موعارەزەی ڕژێمی بەعس کە هەموو ئەرک و قورساییەکیان لەسەر گەل و شۆڕشەکانی کورد بوو، ئێستا تەواو پێچەوانە بوونەتەوە و بە نەزمی بەعس و ڕژێمە گۆڕبەگۆڕەکانی پێشوو لە هەوڵی سڕینەوەی ئاسەواری کوردن لە کوردستانی باشوور، بەتایبەت ناوچە کوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان کە دەبوایە بەپێی دەستووری عێراقی و مادەی ١٤٠ی دەستوور، ئەو ناوچانە یەکلا بکرایەتەوە و عێراق دانی بە ئەنجامەکانیدا بنایە.

بەڵام لە جێی ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی عەرەبی شیعە سوودیان لە تاقیکردنەوەکانی پێشوو وەربگرتایە و عێراقێکی زامن و ئارامیان دروست بکردایە، بە هەمان ئاوازی بەعس و ڕژێمە خوێناویەکانی پێشوو، هەمان تاس و هەمان حەمام دەستیان بە دژایەتیی گەلی کورد کردوەە و لەسەر تەعریبی ناوچە کوردستانیەكان بەردەوامن و مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەبڕن و لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئیرادەی گەلەکەمانن، بێ خەبەر لەوەی کە تا لەسەر ئەو سیاسەتە بەردەوام بن زیاتر عێراق بۆ ڕۆخی مردن و فەوتان دەبەن.

چونكە ئەوەی ئەمان ئەمڕۆ دەستیان داوەتێ، لە دێر زەمانەوە ڕژێمەکانی پێشووتر تاقییان کردووەتەوە بە سەدام حسێنی دیکتاتۆریشەوە، بەڵام جگە لە بردنی عێراق بەرەو هەڵدێری مەرگ، هیچی تری تیا سەوز نەبووە و سیاسەتەكەیان زیاتر بووەتە هۆی داڕمانی ژێرخان و سەرخانی عێراق و دروستکردنی ناسەقامگیری و نائارامی و ئاشتی لە ناوچەکەدا،کە دەبوایە عەرەبی شیعەی بەر لە پڕۆسەی ئازادی کە هەمان معاناتمان هەبوو بە دەست ڕژێمی گۆڕبەگۆڕەوە بە عەقڵی سەردەمیانە لە کێشەکەمانیان بڕوانیانیایە نەک ئەوەی ئێستا دەیبینین کە جیهان بە قەیرانی داراییدا تێدەپەڕی و بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە. ئەمان بێن و ئەو بارودۆخە ئابوورییە سەختە بقۆزنەوە و هەنگاوگەلی دژ بە هەرێمی كوردستان بگرنە بەر بۆ بچووکردنەوەی دۆزەکەمان.

ئەوانە دەبێ ئەوە بزانن، کەوتن هەیە بەڵام هەستانەوەش بەدوایدا دێت، دڵنیام هەرێمی کوردستان ئەم دۆخەش تێدەپەڕێنێت و ئەوکات ئێوە بە شەرمەزارییەوە بۆ کێشە و گرفتەکانتان ڕوو لە هەولێر دەکەن و ئارەقی شەرمەزاری سەر تەوێڵتان تەڕ دەکات، لەبەر ئەوەی گەلی کورد ئەو گەلەیە کە شاڵاوی ئەنفال و کیمیابارانکردن، سەری پێ دانەنواند، دڵنیام هاشوهووش و بێڕێزیی ئێوەش بەردێک لە جێی خۆی لە ئیرادەی كوردستانیان لەق ناکات، بەتایبەت کە ئێستا سەرکردایەتیی كوردستان بە رابەرایەتیی سەرۆك بارزانی، لە لوتکەی هۆشیارییدایە و لەئاست نیازە گڵاوەکانتان بە وریاییەوە هەڵسوکەوت دەکات، گەر زیاد سنوور ببەزێنن، کش مەلیکتان لێ دەکات و ئەوکات ئەوەی ئێوە دەتانەوێ نامینێت، بۆیە کارێکی وا بکەن لە ئایندە دوو هاوسێی لەیەکگەیشتوو باش بین، نەک کار لە کار بترازێت و بە دوژمنایەتی دەست پێبکەین و بای بای لەیەکتر بکەین.