كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

چەند قوتابییەكی كوردستان كارەبایەكی نوێ و دۆستی ژینگە بەرهەم دێنن

 چەند قوتابییەكی ئامادەیی پیشەسازیی هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستایەكیان بە دوو پڕۆژە و بەبێ بەكارهێنانی هیچ سەرچاوەیەكی وزە، كارەبا بەرهەم دێنن، كە یەكێك لە پڕۆژەكان هەوای ئۆتۆمبێل لە شەقامەكان دەگۆڕێت بۆ وزەی كارەبا.

عەلی خالید، قوتابیی ئامادەیی پیشەسازی هەولێر، كە یەكێكە لە خاوەنی بیرۆكەكان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئێمە گرووپێك لە قوتابییانی ئامادەیی پیشەسازی، چەند بیرۆكەیەكمان هەیە، لەوانە بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەوا و بەبێ هیچ سەرچاوەیەك تەزووی كارەبا بەرهەم دێنین ،كە بە تێچووی كەم و كوالێتیی باشە".

قوتابییەكان بیرۆكەیەكی تریشیان هەیە، كە لە رێگەی سووڕانی چەند ماتۆڕێك، تەزووی كارەبا بەرهەم دێنن.

ئەو باسی لە پڕۆژەكەیان كرد و گوتی: "داینەمۆیەك و ماتۆڕێكمان هەیە بە پاترییەكەوە بەستراون، كە وەكوو سولفی ئۆتۆمبێلە، ئەوكات سووڕانەوەی ماتۆڕەكە دەبێـت و كارەبامان پێ دەدات، بەبێ پشتبەستن بە هیچ سووتەمەنی و سەرچاوەیەك، لە هەمان كاتدا دۆستی ژینگەشە".

No description available.

لەبارەی بیرۆكەكەی دیكەیان، عەلی خالید، گوتی: "لە هەندێك شەقام حكوومەت پێویستی بە تێچووێكی زۆر هەیە بۆ رووناككردنەوە، بۆیە بیرمان كردەوە، داینەمۆیەكی هەوایی دابنێین، كە پێیویستی بە پاتری و ئینفێكتەرێك هەیە، سوود لە هەوای ئۆتۆمبێلەكان وەردەگیرێت و كارەبا بەرهەم دێت".

ئەو قوتابییە ئاماژەی بەوەش دا، لە رێگەی ئەو پڕۆژەیەوە، هەم كارەبای پاك بەرهەم دێنن و هەمیش دەتواندرێت ژمارەیەك دەرچوو بخنە سەر كار، گوتیشی: "بۆ سەرخستنی ئەو بیرۆكەیە، پڕۆژانە پێویستمان بە هاوكاریی حكوومەت، یان رێكخراوەكانە، بۆ ئەوەی پڕۆژەكان بكەونە سەر پێی خۆیان”.

شایانی باسە، ئەو قوتابییانە لە دواقۆناغی ئامادەیی پیشەسازیی هەولێرن.

No description available.

لای خۆیەوە، مامۆستا شوان گۆمەشینی، سەرپەرشتیاری بیرۆكەكەی قوتابییان بۆ (باسنیوز) رایگەیاند: "بە رێنوێنیی ئێمە، چەند قوتابییەكی ئامادەیی پیشەسازیی هەولێر، بیرۆكەیەكیان پێشكەش كردووە، بۆ ئەوەی بەبێ بەكارهێنانی هیچ سەرچاوەیەك تەزووی كارەبا بەرهەم بێنن".

زیاتر گوتیشی: "یەكێك لە بیرۆكەكان سوودوەرگرتنە لە هەوای شەقامەكان، بۆ نموونە لە شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری فەڕارەیەك دادەندرێ، كە وەكوو پانكەیە و بە بای ئۆتۆمبێلەكان دەسووڕێت و بایەكە دەگۆڕێت بۆ تەزووی كارەبا، دەتواندرێت بۆ گلۆپی شەقامەكانیش سوودی لێ وەربگیرێت".

ئەو مامۆستایە روونی كردەوە، قوتابییه‌كان بە كردار بیرۆكە و پڕۆژەكانیان تاقی كردووەتەوە و سەركەوتوو بوونە.

ئاماژەی بەوەش دا، لە هەمان شوێن، بۆ نموونە كۆمپانیایەك یان كارگەیەك، یان باڵاخانەیەكی نزیك، دەتوانێت كارەبایەكە وەربگیرێت، گوتیشی: "بیرۆكەكە نموونەیەكی بچووكە و دەتواندرێ بۆ شتی گەورەتر فراوان بكرێت، ئەو پڕۆژەیە دەكرێت حكوومەتیش سوودی لێ وەربگرێت.

لەلایەن رێكخراوێكی نەرویجییەوە به‌ ناوی (BIP) خولێكی سێ رۆژە بە قوتابییەكان كراوە، خولەكە بە ناوی هاندانی قوتابییان بۆ پڕۆژەی بچووك بووە.

شوان گۆمەشینی گوتیشی: "بڕیار وایە ئەو رێكخراوە نەرویجییە، پاڵپشتیی ئەو بیرۆكەیەی قوتابییان بكات"

No description available.

 

No description available.

 

No description available.