دەبێ عێراق خۆی بخرێتە ناو لیستی ڕەشەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 15/06/2022

دەبێ عێراق خۆی بخرێتە ناو لیستی ڕەشەوە

لە درێژەی خۆخەڵەتاندنی وەزارەتی نەوتی عێراقدا، پاڵپشت بە بڕیارێكی پێشووتری ئەم وەزارەتە، بڕیارێكی نوێ دەركراوە، پوختەكەی ئەوەیە كە ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی لە ھەرێمی كوردستان كار دەكەن، دەبێ لە ماوەی سێ مانگدا ئیشوكاری خۆیان ڕابگرن، ئەگینا وەزارەتی نەوتی عێراق دەیانخاتە ناو لیستی ڕەشەوە.

خرانە نێو لیستی ڕەشەوە، بەو مانایەیە كە ھەر كەس یان دەوڵەت یان كیانێك، بخرێتە ناو لیستی ڕەشەوە، ئیتر ناھێڵرێت و نابێت مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، چونكە متمانەیان لەدەست داوە و زیانیان بۆ وڵات ھەیە، جا لەسەر بنەمای ئەم پێناسە كورتەی لیستی ڕەش:

1- دەبێ عێراق خۆی بخرێتە لیستی ڕەشەوە، چونكە عێراق لە دزیدا یەكەمە، لە گەندەڵیدا یەكەمە، لە تیرۆر و كوشتن و ڕفاندندا یەكەمە، خراپترین پاسپۆرتی هەیە، خراپترین پایتەختی هەیە بۆ ژیان، خراپترین وڵاتە بۆ كوشتنی میدیاكاران و چالاكوانان، بەشی زۆری كاربەدەستانی ئەم عێراقە متمانەی خەڵكیان لەدەست داوە، چونكە لە درۆ و ھەڵخەڵەتاندن و ساختەچێتیی سیاسیدا یەكەمن، زۆر نیە كە سەركۆمارەكەی گوتی: ”لە عێراق تەنیا بڕی ئەو پارانەی كە بە قاچاخ براونەتە دەرەوە، دەگاتە 150 ملیار دۆلار.“

جا ئەگەر نەوت ڕێژەی لەسەدا 90ی داھاتی عێراقیش پێكبھێنێت، كەواتە بڕی ئەو پارانەی عێراق كە لە فرۆشتنی نەوتەوە دەست كەوتووە و دزراوە و براوەتە دەرەوەی عێراق 135 ملیار دۆلارە، ئیتر واز لەو بڕە داھاتە بێنن كە ئەمانیش بە گەندەڵی دزراون و فەوتاون و بەفیڕۆ دراون، جا سەیرەكە ئەوەیە ئەم وەزارەتە دز و گەندەڵەی عێراق، داوا لە كۆمپانیاكانی نەوت لە ھەرێمی كوردستان دەكات ئیشوكاریان لە ھەرێم ڕابگرن ئەگینا دەیانخاتە لیستی ڕەشەوە! گەورەترین وەزارەتی دز لە عێراقدا باسی لیستی ڕەش دەكات!

2- ئەو وەزارەتە دز و گەندەڵەی عێراق، گوایە دەیەوێت بڕیاری دادگای فیدراڵی دژی ھەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات، ئەوە لە كاتێكدایە كە ھەر چوار سەرۆكایەتیەكەی ھەرێمی كوردستان ئەو بڕیارەیان ڕەت كردووەتەوە و بە بڕیارێكی نادەستوورییان داناوە و ھەر بەڕاستییش بڕیارێكی نادەستوورییە، واتە لێرەشدا دەبێ ئەو داگا فیدراڵییە بخرێتە لیستی ڕەشەوە، چونكە متمانەی لەدەست داوە و بەھۆی ئەوەی كە ئەو دادگایە بووە بە بارەگای شەرعیەتدان بە بڕیاری میلیشیاكان دژی ھەرێمی كوردستان، مەترسییشی خستووەتە سەر پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق كە ھەر خۆی لە بنەڕەتدا ئەم پەیوەندییانە لە پەیوەندیی ئاسایی نێوان دەوڵەت و ھەرێمێكی فیدراڵ ناچێت!

ئێستا پرسیار ئەوەیە: ئایا ھەتا كەی وەزارەتی نەوتی عێراق بە خۆی ڕادەبوێرێت؟