عێراق لە دوێنێیەكی تاریک و ئەمڕۆیەكی نەبووندا!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
ھۆگر نێروەیی 14/06/2022

عێراق لە دوێنێیەكی تاریک و ئەمڕۆیەكی نەبووندا!

‏‎عێراق، وڵاتی قەزا و قەدەرە، قەدەرێك كە ھەر جارەو بە دەستی وڵاتێک بۆی دیاری دەكرێت، مەبەستمە بڵێم لە قەدەری عێراق وا نووسراوە ھەر جارەو وڵاتێک لە وێرانەییەوە بەرەو وێرانتری ببات، ھەرچیی قەزای خراپ و ناموبارەکی خۆشیانە، بۆ گەلانی عێراق دەیھێنن!

عێراق ئەو وڵاتەی کە ھەرگیز سەقامگیر نەبووە تا لە ناسەقامگیری بترسین، كە نەخشەكەیشی کێشرا، بە ناسەقامگیری کێشرا. عێراق، ئەو وڵاتەی بە نائارامی و ناكامی لەدایک بوو، ھەرگیز ئارام نەبووە تا بەرەو نائارامی بڕوات، هەر خۆی نائارامە. عێراق داھاتووی نییە، تا داھاتووی ڕوون یان ناڕوون بێت، بەڵکوو عێراق ھەمیشە لە دوێنێیەکی تاریک و لە ئەمڕۆی نەبووندایە، ئەوجا داھاتوو و سبەینێیەکی عێراق ھەر تاریک و نەبوون دەبێت!

‏‎عێراق دروست نەکراوە تا بەرەو ڕووخان بڕوات، ھەر خۆی كەیلێكی ڕووخاو بووە، ئەوەی عێراقیشی بەو شێوەیە ھێشتووەتەوە، عێراقییەكان نین، بەڵکوو بەرژەوەندیی وڵاتانی جیھانی و ھەرێمییە. عێراق ناتوانێت تەنانەت خۆی بڕووخێنێت چونكە خۆی لە سەرەتاوە ڕووخاو بووە، ئەوە خەڵکی دیكەیە بڕیار دەدات کە عێراق چۆن و بە چ شێوەیەک بێت و رووخاوییەكوی چۆن بێت، نەک عێراق خۆی.

عێراق یاری ناکات، بەڵکوو یاریی پێ دەکرێت، سەروەریی عێراق ھەمیشە لە ئۆفسایدایە، بەڵام خەڵکی دیكە ھەمیشە ئەو خەتە دەبڕن نەك عێراقییەكان، ئەمە بەبێ ئەوەی ناوبژیوانەکە بۆیان بە ئۆفساید ھژمار بکات! عێراق بووە بە یاریگای ڕاھێنانی خەڵکی دیكە، ئەوە ئەوانن لە عێراقدا خۆیان ئامادە دەکەن و ڕاھێنان دەکەن و خۆیان بۆ ڕکابەرەکانیان نماییش دەکەن!

‏‎بە دەست لەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی ئەندام پەرلەمانەكانی موقتەدا سەدر و ھەر ڕەوت و حزبێکی دیكە، پرۆسەی سیاسی لە عێراق ناوەستێت، چونکە عێراق پرۆسەی سیاسیی نییە تا بوەستێت. بەرەو ھەڵدێریش ناڕوات، چونکە عێراق خۆی ھەمیشە لە ھەڵدێردایە، ئێستا ناتوانین بڵێین عێراق بەرەو شەڕ دەڕوات! چونکە شەڕ هەرگیز لە عێراق تەواو نەبووە، بەڵكوو ھەر لە شەڕدا بووە. عێراق بەرەو مەترسییش ناڕوات، بەڵکوو مەترسی خۆی لە عێراق ڕادەکات، چونکە عێراق خۆی گەورەترین مەترسییە!

سەدر بە هەڵبژاردن بە حکوومەتی خۆی نەگەیشت، بۆیە ناھێڵێت ھیچ حکوومەتێکی دیكەیش پێکبھێنرێت، دەست بۆ کارتی خۆپیشاندان دەبات و خۆی باشتر ئامادە دەکات، ئەگەر ھەڵبژاردنێکی دیكە بکرێت کە ناکرێت، شەڕیش بکرێت خۆیان دەمێکە لە شەڕدان و تەواو ئامادەی شەڕن.
عێراق ھەرگیز ھیچ شتێکی فەرز نەکردووە، بەڵکوو ھەمیشە شتەکان لەسەری فەرز دەکرێن و دەسەپێنرێن! هیچ عێراقییەك بە ئەجیندایەكی عێراقی كار ناكات، عێراق ملكەچی ئەجیندای خەڵكی ترە، ئەوانیش ھەریەکەیان بەدوای بەرژەوەندیی خۆیانەوەن.. بەكورتی، عێراق ئەو وڵاتەیە کە بەدوای بەرژەوەندیی ھەموو خەڵکانی ترەوەیە جگە لە بەرژەوەندیی خۆی.