وەزارەتی كشتوكاڵ: بە خەمخۆریی سەرۆكی حكوومەت، هەڵگرتنی باج لەسەر خۆراك كاریگەریی زۆر باشی هەبووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

وەزارەتی كشتوكاڵ: بە خەمخۆریی سەرۆكی حكوومەت، هەڵگرتنی باج لەسەر خۆراك كاریگەریی زۆر باشی هەبووە

 بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایدەگەیەنێت، لابردنی باج لەسەر خۆراكە سەرەكییەكان، كاریگەریی باشی لەسەر خەڵك هەبووە و دەشڵێت، باج لەسەر زۆر سەوزە و میوەش هەڵگیراوە.

كەریم سلێمان، بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "هەڵگرتنی باج لەسەر ژمارەیەك لە ماددە خۆراكییە سەرەكییەكانی هاووڵاتییان، كاریگەریی زۆر باشی لەسەر هاوكاریكردنی خەڵك هەبووە، بەوەی چیی دیكە نرخەكانیان لە بازاڕەكانی كوردستان و عێراقیشدا گران نەبێت، ئەمەش بۆ خەمخۆری و ئاگاداریی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە، كە لە نزیكەوە ئاگاداری كێشەكان و چارەسەركردنی خێرایانە، چونكە ئێستا بەهۆی قەیرانی خۆراك لە جیهاندا، بەشی زۆری ئەو ماددە خۆراكییانە لە سەرچاوەی بەرهەمهێنانیانەوە، نرخیان بەرز بووەتەوە".

بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە مانگی چوارەوە باج لەسەر 16 جۆر خۆراكی سەرەكی هەڵگیراوە.

ئەو خۆراكانەی باجیان لەسەر لادراوە، بریتین لە (ئارد، برنج، شەكری ورد، چای رەش، رۆنی بەستووی ئاژەڵی، شیری وشكی منداڵان، نۆكی وشك، لۆبیای وشك و پاقلەی وشك، شەكری قاڵب، زەیتی رووەكی، رۆنی رووەكیی بەستوو، نیسك، فاسۆلیای وشك و ماشی وشك".

بەرپرسەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ باسی لەوەش كرد، لە هەرێمی كوردستان جگە لە خۆراكە سەرەكییەكان، باج لەسەر هەندێك سەوزە و میوەش هەڵگیراوە، گوتیشی: "بۆ ئەوەی هاوكاریی خەڵك بكرێت، تەنانەت باج لەسەر زۆر سەوزە و میوەش هەڵگیراوە".

رۆژی 12ی 6ی 2022، كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەنجوومەنی وەزیران پێشتر بڕیاری لابردنی رەسمی گومرگیی لەسەر مادە خۆراكییەكان داوە و رۆژی 17ی6ی2022، وادەكەی كۆتایی دێت و جارێكی دیكە دیراسەی دەكەینەوە، كە تاچەند كاریگەریی لەسەر بازاڕەكان كردووە، بەلای ئێمەوە بڕیارەكە كاریگەریی هەبووە و توانیومانە هاوسەنگییەك رابگرین، هەرچەندە فاكتەرەكان دەرەكین، بەڵام بڕیارەكە كاریگەریی لەسەر نرخ لە بازاڕەكاندا هەبووە".

كەریم سلێمان ئەوەشی خستە ڕوو، سەرۆكی حكوومەت و ئەنجوومەنی وەزیران، هاوكارێكی باشی جووتیارانیش بوونە، گوتیشی: "سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چارەسەركردنی كێشەی گەنمی جووتیاران و پێدانی شایستە داراییەكانیدا هەنگاوی گرنگی ناوە، چ لە ڕووی بەهێزكردنی ژێرخانی سایلۆكانەوە، كە پڕۆژەی چەند سایلۆیەك لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ كرا، ئێمە لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، پاڵپشتی و هاوكارییەكانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بەرز دەنرخێنین، بەتایبەتی لە بواری بنیاتنانی ژێرخان و چارەسەركردنی وەرگرتن و پێدانی شایستەكانی جووتیاران بە شێوەی ڕاستەوخۆ".