رێکخراوى (UNDP) بڕى دوو ملیۆن دۆلار بۆ جێبەجێکردنى گۆڕینى پڕۆژەیەکى کارەبا لەناو شارى سلێمانى دابین دەکات.
سیروان محەمەد، گوتەبێژى کارەباى سلێمانى، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: "پرۆژەى نۆژەنکردنەوە و گۆڕینى پێکهاتەکانى تۆڕى رووناکى (ئینارە)ى شەقامى مەلیک مەحموود کە درێژییەکەى 16 کیلۆمەترە لەسەر بودجەى ڕێکخراوى (UNDP) بە بڕى دوو ملیۆن دۆلار کەوتە وارى جێبەجێکردنەوە''.
گوتیشى: "پڕۆژەکە بریتییە لە گۆڕینى پێکهاتەى ئینارە کۆنەکە کە کارەبا زۆر خەرج دەکات بۆ گڵۆپى (لید) کە بڕە کارەبایەکى زۆر کەمى دەوێت و دۆستى ژینگەیە و هەڵبوون و کوژاندنەوەى گڵۆپەکان دەگۆڕدرێت بۆ سیستمى (تایم زۆن) کە بەپێى پرۆگرامێکى تایبەت، لە کاتى خۆرئاوابوون و خۆرهەڵاتندا هەڵدەبێت و دەکوژێتەوە و بڕیارە لە ماوەى ساڵێکدا تەواو بکرێت''.