كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ڕووسیا لە ماوەی 100 ڕۆژی جەنگ لەگەڵ ئۆکراینا بایی 93 ملیار یۆرۆ وزەی فرۆشتووە

گەمارۆكانی وڵاتانی ئەورووپا لەڕووی ئابوورییەوە هیچ كاریگەرییان لەسەر فرۆشتن و داهاتی وزەی ڕووسیا نەبووە، بەپێچەوانەوە ئەو وڵاتە لە ماوەی 100 ڕۆژی جەنگ لەگەڵ ئۆکراینا بایی 93 ملیار یۆرۆ وزەی فرۆشتووە.

سەنتەری لێكۆڵینەوەی كەشی پاكی وزەی جیهانی بڵاوی كردووەتەوە، تاوەكوو ئێستا وڵاتانی ئەورووپا باشترین كڕیاری گازی سروشتی و نەوتی ڕووسیان. توركیا لە ڕیزبەندی پێنجەم وڵاتە لە جیهاندا كە زۆرترین وزە لە ڕووسیا دەكڕێت.

نزیكەی 100 ڕۆژە ڕووسیا لەدژی ئۆکراینا جەنگی بەرپا كردووە و لەو ماوەیەدا 61% وزەی خۆی بە وڵاتانی ئەورووپا فرۆشتووە، كە بایی 57 ملیار یۆرۆیە، هەروەها لە ماوەی ئەو 100 ڕۆژەی جەنگدا، توركیا بایی شەش ملیار و 700 ملیۆن یۆرۆ وزەی لە ڕووسیا كڕیوە. هەروەها چین کە یەکەم وڵاتی کڕیاری وزەی ڕووسیایە و زۆرترین وزە لە ڕووسیا دەكڕێت، لەو 100 ڕۆژدا بایی 12 ملیار و 600 ملیۆن یۆرۆ وزەی لە ڕووسیا كڕیوە.

ئەڵمانیا كە بەردەوام دەڵێت گەمارۆی ئابووری دەخەنە سەر ڕووسیا، لە ڕیزبەندی کڕیارانی وزەی ڕووسیادا پلەی دووەمی هەیە و لە ماوەی 100 ڕۆژدا بایی 12 ملیار و 100 ملیۆن یۆرۆ وزەی لە ڕووسیا كڕیوە.

لەو كاتەوەی ڕووسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکراینا دەست پێ كردووە، هەریەك لە وڵاتانی (پۆڵۆنیا، فینلەندا و وڵاتانی باڵتیك) كڕینی وزەیان لە ڕووسیا بە ڕێژەیەكی بەرچاو كەم كردەوە، بەڵام لە بەرامبەردا (چین، هیندستان و فەڕەنسا) كڕینی وزەیان لە ڕووسیا زیاتر كردووە، بۆیە زۆرترین ڕەخنە لە فەڕەنسا دەگیرێت و دەڵێن سیاسەتێكی دووڕووی دەكات.

ئاژانسی هەواڵی (DW) بڵاوی كردووەتەوە، شارەزایانی بواری وزە ڕەخنەی توند لە فەڕەنسا دەگرن و دەڵێن دەبێت فەڕەنسا خاوەنی بەڵێنی خۆی بێت كە گوتبووی پشت بە وزەی ڕووسیا نابەستن، کەچی كڕینی وزەی لە ڕووسیا زیاد كردووە.