كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پێشبینیی سێ سیناریۆ لە دەست لەكاركێشانەوەی كوتلەی سەدر دەكرێ.. یەكێكیان مەترسیدارە

 شەوی رابردوو، موقتەدا سەدر، ڕێبەری رەوتی سەدر فەرمانی بە پەرلەمانتارەكانی كرد، دەست لەكاركێشانەوەكانیان پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بكەن، ئەوانیش راستەوخۆ فەرمانەكەیان جێبەجێكرد و دەستیان لەكار كێشایەوە.

بەپێی بۆچوونی چاودێران و میدیاكانی عێراق، سێ سیناریۆ لە پشت كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان هەیە، یەكێكیان مەترسیدارە، سیناریۆكانیش بەم شێوەیەن:

 

سیناریۆی یەكەم:

بڕیارەكەی سەدر بە مانای دەست پێكردنی پلانی شۆڕشی شەقام دێت كە ئەگەر دەست پێبكات، زۆر توندتر دەبێت لە خۆپیشاندانەكانی تشرین كە بەهۆیانەوە حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەست لەكاركێشانەوە كرا. چاودێران بە دووری نازانن لە ئەنجامی ئەو شۆڕشە، هێرش بكرێتە سەر بارەگا سیاسییەكان و ماڵی سیاسییە ڕكابەرەكانیان، تەنانەت هێرش بكرێتە سەر پارێزگارەكان و ئەو بەرپرسانەی كە لەسەر لایەنە ڕكابەرەكانیان حیسابن.

پێشبینی دەكرێ ئەم سیناریۆیە لە 10ی ئەم مانگەوە دەستی پێكردبێت، پاش ئەوەی نووسینگەكانی پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر داخران، وەك ئامادەكارییەك بۆ كاردانەوەی لایەنەكانی بەرامبەر.

چاودێران وای دەبینن كە رەوتی سەدر سەركەوتوو بوو لەوەی شەقامی عێراقی لە دوای جەژنی رەمەزان بجووڵێنێت، لە ژێر ناوی خۆپیشاندانی وانەبێژان و دەرچووانی زانكۆ و ئەوانەی گرێبەستیان هەیە و چەند ناوێكی دیكە، سوودی ئەمەشیان لە یاسای ئاسایشی خۆراك چنیەوە.

هەر رەوتی سەدر، لە 10ی حوزەیرانی 2022ەوە لە ڕێگەی دروستكردنی (یەكێتیی راگەیاندنی سەدری٩ و سوپای ئەلیكترۆنییەوە، پرۆسەكەی دەست پێكردووە، لە 24ی مانگی رابردووش هێزەكانی سەرایا سەلامی سەر بە ڕەوتی سەدر دەرگای بۆ خۆبەخشان لە (بابل و دیالە) كردەوە و زیاتر لە چوار هەزار گەنجی تازە چوونە ڕیزەكانی. لە 30ی ئایاری رابردووشدا راگەیاندنی سەربازیی هێزەكانی سەرایا سەلام رادیۆی (سەرایانا)ی كردەوە وەك ڕێوشوێنێكی دیكەی ئاراستەكردنی ڕێنماییەكان بۆ ئەو كەسانەی كە مەبەستیانە ئاراستەیان بكەن، چاودێرانیش وای دەبینن كە ئەم ڕادیۆیە وەك جێگرەوەیەك دەكرێ بەكار بێت لە حاڵەتی پچڕاندنی هێڵەكانی ئینتەرنێت، هەروەك لە سەردەمی خۆپیشاندانەكانی تشریندا ڕووی دا. ئەمەیان مەترسیدارترین سیناریۆكانی پشت كشانەوەی رەوتی سەدر بوو.

 

سیناریۆی دووەم:

هەندێك لە چاودێران وای دەبینن كە سەدر هەوڵدەدات دەست لەكاركێشانەوەكانی كوتلەكەی وەك دوایین كارتی فشار لەسەر چوارچێوەی هەماهەنگی بەكار بهێنێت، بۆ ئەوەی لەوە بیانتۆقێنێت كە وڵاتەكە بەرەو ئاژاوە و توندوتیژی دەڕوات (هەروەك لە سیناریۆی یەكەم ئاماژەی بۆ كرا)، تاوەكوو ناچار بن پرۆژەی حكوومەتی زۆرینە قەبوڵ بكەن. بە تایبەتیش كە پێشتر یاری بە كارتی شەقام كردووە و باش دەزانێت هێزەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی چەندە لێی دەترسن و چەندەش ئامادەن لە ترسی ئەم دۆخە سازش بكەن.

 

سیناریۆی سێیەم:

لایەنگرانی ئەم سیناریۆیەش هەن كە پێیان وایە موقتەدا سەدر وا بیردەكاتەوە ڕەوتەكەی دەستكەوتێكی گەورەی بەدەست هێناوە، چ بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بێت یان بە دەركردنی یاسای بەتاواندانانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل یان یاسای ئاسایشی خۆراك. لە ئەنجامی ئەوەش پێیوایە كە پێگەیەكی میللیی فراوانی بۆ خۆی مسۆگەر كردووە، بە تایبەتیش لە لایەن ئەو كەسانەی كە لە یاسای ئاسایشی خۆراك سوودمەند دەبن، بۆیە كشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی بۆ ئەوەیە كە هەڵبژاردنێكی تازەی پێشوەختە لە عێراق بكرێت و “زۆرینەیەكی وەها بەدەست بهێنێت كە كەس نەتوانێت لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراقدا ململانێی بكات”، بە تایبەتیش كە رەوتی سەدر دەستی لە حكوومەتی ئێستای مستەفا كازمیدا هەیە و مانەوەی ئەو حكوومەتە تا هەڵبژاردنێكی دیكە دەكرێت، بۆ رەوتەكە كێشەیەكی زۆر گەورە نییە.