د. جووتیار عادل: داهاتی نەوت شەفاف بڵاو دەكرێتەوە و خەرجی و داهاتیشمان شەفافانە خستووەتە ڕوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

د. جووتیار عادل: داهاتی نەوت شەفاف بڵاو دەكرێتەوە و خەرجی و داهاتیشمان شەفافانە خستووەتە ڕوو

"بە هاوكاریی هاووڵاتیان ئەنجوومەنی وەزیران كاریگه‌رییه‌كانی كەمئاوی كەم دەكاتەوە"

 د.جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەکی (باسنیوز)دا چەند پرسێكی گرنگی تایبەت بە بودجە و مووچە و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی لێكەوتەكانی وشكەساڵی دەخاتە ڕوو و رایدەگەیەنێت: “هەروەكو چۆن حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پاڵپشتی و هاوكاریی هاووڵاتییانی دڵسۆز توانی بەسەر قەیرانی پەتای كۆرۆنا و دابەزینی گەورەی بەهای نەوت و بڕینی بودجە سەربكەوێت، هاووڵاتییان دڵنیا دەكەمەوە كە بە هاوكاری و پاڵپشتیی ئەوان، حكوومەتی هەرێم ئاسەوارەكانی كەمئاوییش كەم دەكاتەوە.“

سەرەتا باسی لەوە كرد، دوای كۆبوونەوەی سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ پارێزگارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان، كێشەی مووچەی ئەو شوێنانە چارەسەر كراوە، گوتیشی: "لە كۆبوونەوەی بەڕێز سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی بەڕێز جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەڕێزان هەردوو پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین، بەوردی تاوتوێی هەموو ئەو ڕێكارانە كرا كە ڕێگرە لەبەردەم دووبارەبوونەوەی ئەم كێشەیە و پاراستنی بەرژەوەندیی دانیشتوانی ئەو دەڤەرانە، هۆكاری سەرهەڵدانی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی ئەو دەڤەرەش بۆ ئێستا ناگەڕێتەوە، بەڵكوو بۆ كێشەی كۆكردنەوەی داهاتەكان و جێبەجێنەكردنی بڕیارەكانی حكوومەت لەو ناوچەیەدا دەگەڕێتەوە، بۆیە پێویستە بەرپرسانی حكوومەت لەو دەڤەرەدا زیاتر پابەندی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی حكوومەت بن، تا ئەو داهاتە ناوخۆییەی كە لە ناوچەكەدا هەیە، بە شێوەیەكی ڕێكوپێك كۆ بكرێتەوە و بۆ خزمەتی خەڵكی ناوچەكە تەرخان بكرێت."

زیاتر گوتیشی: ”سێ جۆر داهات هەن كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتیان پێدەبەستێت، ئەویش داهاتی نەوتی و داهاتی نانەوتی و 200 ملیار دینارەكەی پشكی هەرێمی كوردستانە كە حكوومەتی عێراق دەینێرێت، داهاتی نەوتی بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و شەفاف دیارە و بڵاو دەكرێتەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە داهاتی نانەوتییە، لەمەشدا هەوڵی زۆرمان داوە، بۆ ئەوەی ئەم داهاتە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك كۆ بكرێتەوە، بە شێوەیەك، لەگەڵ یاساكاندا بگونجێت، ئومێدمان زۆرە كە لە چوارچێوەی پرۆسەی گەیاندنی داهاتی نانەوتی بۆ گەنجینەی حكوومەت سەركەوتوو بین و لە خزمەتی هاووڵاتییاندا بین و بۆ مووچەخۆران تەرخان بكرێت."

 "هاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە بە هاوكاریی ئەوان ئەنجوومەنی وەزیران ئاسەوارەكانی كەمئاوی كەم دەكاتەوە"

 گوتەبێژی حكوومەت دەربارەی پلانی حكوومەت بۆ چارەسەری لێكەوتەكانی دیاردەی وشكەساڵی و مەترسیی كەمیی ئاوی خواردنەوە گوتی: "ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتەكانی ڕاسپاردووە تا بەزوویی ئامادەكاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرفتانە بكەن كە لە دوو مانگی داهاتوودا دێتە بەردەمیان، بەتایبەتی لە بواری وشكەساڵی و ئەگەری كەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە، هەموو ئەو مەترسی و گرفتانەی كە ئەگەری هەیە تووشی ببین و چۆنێتیی چارەسەركردنی، كە لە نزیكترین كاتدا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی بكەن و گفتوگۆی لەسەر بكرێت، ئەمە لە كاتێكدا ئامادەكاری كراوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی زیادەڕۆیی لە بەكارهێنانی ئاوی خواردنەوە و كارەبا، بەتایبەتی ئەوەی پێی دەگوترێت هوشیاركردنەوەی هاووڵاتییان و ئامادەكاریی ڕێكارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی، بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی كشتوكاڵ و شارەوانی و كارەبا پلان و خۆئامادەكرنیان بۆ ئەم مەترسییە ڕاگەیاندووە، ئەم گرفتە لە چوارچێوەی گرفتێكی هەرێمیدا دێت و مەترسییەكی جدییە، بەڵام هەروەكوو چۆن حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پاڵپشتی و هاوكاریی هاووڵاتییانی دڵسۆز، توانیی بەسەر قەیرانی پەتای كۆرۆنا و دابەزینی گەورەی بەهای نەوت و بڕینی بودجە و شەڕی داعشدا سەربكەوێت، بە هەمان شێوە هاووڵاتییان دڵنیا دەكەمەوە كە بە هاوكاری و پاڵپشتیی ئەوان ئەنجوومەنی وەزیران شوێنەوارەكانی كەمئاوی كەم دەكاتەوە."

جەختیشی كردەوە، لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، لەسەر دوو ئاستی پلانی هەنووكەیی و كورتخایەن و پلانی درێژخایەن بۆ بابەتی ئاو كار دەكەن، گوتی: "ئەوەی پەیوەندیی بە پلانی هەنووكەییەوە هەیە، ئێمە لە ڕێگەی بیری ئاوی خواردنەوە و ڕاكێشانی تۆڕی ئاوی خواردنەوە و دابینكردنی تۆڕی كارەبا بۆ بیرەكانی ئاوی خواردنەوەی نوێ، هەنگاوە پراكتیكییەكانمان لەئێستاوە دەست پێكردووە، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم مەبەستە بودجەی تەرخان كرد، وەزارەتەكانی شارەوانی و كارەبا و كشتوكاڵ و پارێزگای هەولێر تیمی هاوبەشی كاركردنیان ئامادە كردووە، لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە پێویستمان بە هەڵمەتێكی فراوانی ڕێگەگرتن لە بەفیڕۆدانی ئاوی خواردنەوە هەیە، لە هەر شوێنێكی ئەم دونیایە و لە هەر وڵات و نەتەوەیەك بێت، ئەگەر بەڕێوەبردنێكی باشی ئاوی خواردنەوە نەكرێت، ناتوانرێت كۆنتڕۆڵی خراپ بەكارهێنانی ئاوی خواردنەوە بكرێت، ئەمە بابەتێكی پەروەردەیی و ئایینی و هوشیارییە، خۆ ئەگەر حكوومەت لە ڕووی كۆكردنەوەی ڕسووماتی ئاوی خواردنەوەوە نەتوانێت كۆنتڕۆڵی زیادمەسرەفی و خراپ بەكارهێنانی ئاو بكات، هەرگیز ناتوانرێت ئاوی خواردنەوەی ماڵان بە شێوەیەكی باش و دادپەروەرانە دابین بكات. چارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوە و كارەبا و زۆربەی خزمەتگوزارییەكانی دیكە پرۆسەیەكی گشتگیر و هەمەلایەنە، جێگەی داخیشە زۆربەی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستاندا ڕۆڵێكی زۆر باش ناگێڕن لە بواری بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی بەكارهێنانی ئاو و كارەبا، بەڵام ئێمە چ لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری، چ لە ڕێگەی ئەو ئامڕازانەی ڕاگەیاندن، كە لەبەردەستماندایە، یان لە ڕێگەی كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە بێت، بەپێی یاسای ڕێكلامی بازرگانی و هۆشیاری كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە، بەرنامەی باشمان لەبەردەستدایە بۆ ڕێگرتن لە بەفیڕۆدانی ئاوی خواردنەوە و كارەبا و بەم نزیكانە دەچنە واری جێبەجێكردنەوە."

"لە سێ ساڵی كابینەی نۆیەمدا كاركردن لە بنیاتنانی 13 بەنداو دەستی پێكردووە"

 پەیوەست بە دروستكردنی بەنداو لەم كابینەیەدا، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: "ماوەیەكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاری لەسەر پڕۆژەی ستراتیژیی ئیفراز 4 كردووە، ئەمە وێڕای ئەوەی ژمارەیەك لە پڕۆژەی ستراتیژیی دیكەمان پەسەند كردووە، كە پەیوەستە بە دروستكردنی بەنداو و پلان و پڕۆژەی باش، ژمارەیەكیش لەو بەنداوانە بە پراكتیكی خراونەتە واری جێبەجێكردنەوە، لە ماوەی سێ ساڵی ئەم كابینەیەدا بنیاتنانی نزیكەی 13 بەنداو دەستی پێكردووە، كە ڕۆڵی گەورەیان لەسەر كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی كەمئاوی دەبێت.“

گوتەبێژی حكوومەت لەبارەی كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵیدا، گوتی: "كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێشخەر بووە بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی داهات و خەرجییەكانی حكوومەت هەنگاوی باش نراوە و هەموو داهاتەكان بە شەفافی خراونەتە ڕوو، ئێمە ڕامانگەیاندووە، ئامادەین لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی دادپەروەرانە و بە پشتبەستن بە پرەنسیپەكانی دەستوور، چارەسەری سەرجەم كێشەكان بكەین، جێگەی داخە ئێستا وەزارەتی نەوت و دادگای فیدڕاڵیی عێراق ڕەفتارێكی وایان كردووە، كە لە مەسەلەی پێكەوەژیان و شەراكەت و پابەندبوون بە پرەنسیپەكانی دەستوورەوە زۆر دوورە، بۆیە ئێمە بڕیارەكەی دادگا ڕەت دەكەینەوە و جێبەجێی ناكەین، پێویستە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی نێوانمان بگەڕێینەوە بۆ دەستوور، نەك تەنیا بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەوت و غاز، بەڵكوو بۆ چارەسەركردنی كێشەی خاك و جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور.“

باج لەسەر كاڵای زۆر پێویست كەم كراوەتەوە

جووتیار عادل، باسی لە لابردنی باج لەسەر كاڵا و خۆراك كرد و گوتی: "یەكێك لە گرفتەكانی دیكە گرانبوونی نرخی خۆراك و پێداویستییە سەرەكییەكانە، كە بەهۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆكراینا و وشكەساڵییەوە سەری هەڵداوە، لەم پێناوەشدا حكوومەت كاری كردووە لەسەر ئەو كاڵا و شمەكانەی كە بە پێداویستیی سەرەكیی هاووڵاتییان دادەنرێن، تاوەكوو نرخەكان بەرز نەكرێنەوە و لە خزمەتی خەڵكی كەمدەرامەتدا بێت، بۆ ئەم مەبەستە باجمان لەسەر ئەو پێداویستییانە كەم كردووەتەوە."