كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پزیشكێكى هه‌ولێر نرخی نۆڕینگەكەی كردووەتە سێ هەزار دینار

پزیشكێكی شاری هەولێر، نرخی نۆڕینگەكەی دەكاتە سێ هەزار دینار، هۆكارەكەی بۆ خراپیی باری دارایی هاووڵاتییان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: ”خۆم خانووم هەیە، منداڵەكانم چوونەتە ڕێگەی خۆیان، زەویم هەیە، چی دیكەم ناوێت''.

د. سیامەند حەسەن محیەدین، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو، دكتۆرا لە نەخۆشییەكانی دڵ، ئیكۆ و قەستەرە، ماستەر لە نەخۆشییەكانی هەناو و مامۆستای زانكۆ، ئەو پزیشكەیە كە نرخی نۆڕینگەكەی كردووەتە سێ هەزار دینار بۆ هەر نەخۆشێك كە سەردانی دەكات و بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ئەو چەند ساڵە نرخی نۆڕینگەكەی دابەزاندووە، بەتایبەت لە كاتی قەیرانی داراییدا نرخی نۆڕینگەكەی كردبووە ١٠ هەزار دینار. جگە لەوەش، ئەگەر نەخۆش پارەی نەبوایە، پێی گوتووە چەندی پێی خۆشە بیدات، چەند ساڵێك ١٠ هەزار نرخی سەردانیكردنی بووە، بەڵام ماوەیەك دواتر كردوویەتییەوە بە ٢٥ هەزار دینار و، خۆی دەڵێت: ”بینیم كە بۆ كەسانێك زۆر زۆرە، بۆیە ئەمجار كردوومە بە سێ هەزار دینار، ئەوەش بە بڕیاری خۆمە و لەبەر كەس نەبووە، تەنیا لە خزمەتی كەسانی كەمدەرامەت بووە، پێشم خۆش نەبوو، ئاوا دەنگ بداتەوە، چونكە ئەمە بۆ ڕاگەیاندن نەبوو''.

ئەو پزیشكە نایشارێتەوە كە حەز بەوە ناكات پزیشكەكانی دیكەش ئەو كارە بكەن، بەتایبەت گەنجەكان پێویستە هەقی خۆیان وەرگرن، چونكە پێویستیان بە داهاتە و دەبێت خۆیان بۆ ژیان ئامادە بكەن، داهاتوویەك بنیات بنێن: ”ئەوان دەبێت خانوویەكیان هەبێت، هاوسەرگیری بكەن، من منداڵم هەمووی ڕۆیشتوون، خۆم و خێزانم ماوینەتەوە، مامۆستای زانكۆم، مووچەیەكی زۆر باشم هەیە، خانووی خۆم هەیە، ژیانم هەیە، خانوویەكی دیكەشم هەیە، ئەگەر شتێكم لێ هات، بۆ ژنەكەم خانوویەك هەیە بۆ ئەوەی كرێ وەرگرێت، زەویم هەیە، ئیدی بەسمە، ئەگەر زۆر زۆر هەوڵ بدەم، خانوویەكی دیكەش دەكڕم، بەڵام بەسمە، بۆ چیمە، بۆیە پێویستە دكتۆرە بەتەمەنەكان تۆزێك ئاگایان لە خەڵك بێت''.

ئەو دكتۆرە پێی باشە، دكتۆرە گەنجەكان بەزانستییانە كار بكەن، هەقی خۆیان وەرگرن، نەك فڕوفێڵ بە دەرمان و شتی دیكە بكرێت، ”زۆر دكتۆری باش و خێرخوازمان هەیە، بەڵام بەداخەوە لەوانەیە خەڵكەكە بەس چاوی خراپەكان ببینێت، لەو شارەی سێ هەزار كەس ئەندامی سەندیكای پزیشكانە، سەدان پزیشكمان هەیە، خێرخوازن، تەنیا من نیم، جەراحمان هەیە، ئەگەر نەخۆش پارەی نەبێت، نیوەی لێ خۆش دەبێت و زۆرانی دیكەش وان، بڕیارەكەشم لەبەر خاتری خەڵك بوو''.

دكتۆر سیامەند ڕۆژانە شەش بۆ حەوت نەخۆش وەردەگرێت و باس لەوە دەكات كە بەشێك لە نەخۆشەكان باری داراییان زۆر خراپە، چەندین پشكنین و دەرمانی پێویستە، هەیە كرێكارە و ڕۆژانەی ناكاتە پارەی نۆڕینگەیەك و دەڵێت: ”ئەو كارە دوو لایەنی هەیە، وەك لایەنی پزیشك حەقیەتی پارە وەربگرێت، كە ئەو هەموو زەحمەتەی كێشاوە، لایەنی دووەم كە كرێكارەكەیە، پێویستە وەك مرۆڤ ئاگاداری بێت، لێرەدا ئەوە ئیشی حكوومەت و كۆمپانیاكانە كە بیمەی كۆمەڵایەتییان هەبێت، بتوانێت ئەو كەسەی كرێكارە، چارەسەر وەربگرێت، بەداخەوە نییە، كاتێكیش كە ئەمە نییە، دەبێ ئێمە لەناو خۆمان یارمەتیی بدەین و دەستی بگرین، كەسانی خێرخوازیش هەیە و تەلەفۆنیان بۆ من كردووە، كە نەخۆش هەبێت یارمەتیی دەدات، خۆیشم دەرمان كەم دەنووسم، ئەو دەرمانەی لە ناوخۆ بەرهەم دێت، بۆ خۆم بەكاری دێنم و بۆ نەخۆشیش دەینووسم''.

ئەو پزیشكە نكۆڵی لەوە ناكات كە لەوانەیە بەشێك لە پزیشكەكان ئەو كارەی ئەویان زۆر بەلاوە خۆش نەبێت، لەوانەیە وەك كارێكی دابنێن كە ئەوانیش دەبێت وا بكەن، بەڵام دەڵێت: ”دۆستەكانم، كە لە نزیكەوە دەمناسن، دەزانن كە من لەوەتەی پزیشكم ڕابردوویەكی پاكم هەیە، هیچ شتێكم لەسەر نییە، کەس ناتوانێت بڵێت ڕێككەوتنێكی هەیە، یان ئامانجێكی تایبەتی لەو كارە هەیە، بڕوانامەكەشم بەرزە و مامۆستای زانكۆم، پێویستم بە هیچ نییە، برادەرانی خۆم گلەییان نەكردووە، بەتایبەت ئەوانەی كەسیەتیی من دەناسن، لەوانەشە هی دیكە هەبێت گلەیی لەو كارەی من بكەن و پێیان ناخۆش بێت. جگە لەوەش، هەفتانە ڕۆژێك چوومەتە ڕانیە، یان ئاكرێ، لەسەر ئەركی خۆم نەخۆشم چارەسەر كردووە''.