كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزیری بازرگانی: لە كوردستان پشكی چوارەمی بەشەخۆراكی مانگانە ئامادەیە و دابەش دەكرێ

"بڕیاری لابردنی رەسمی گومرگی لەسەر مادە خۆراكییەكان، كاریگەریی لەسەر نرخ لە بازاڕەكاندا هەبووە"

وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، لە كۆگاكاندا خۆراك هەیە و پشكی چوارەمیش لە بەشەخۆراكی مانگانە وەك عیراق ئامادەیە بۆ دابەشكردن.

لە پەرلەمانی كوردستان بەئامادەبونی كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ لەبارەی گرانی نرخی كەلوپەل لەبازاڕەكاندا كرا.

دوای كۆبوونەوەكە، وەزیری بارزگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە كۆگاكاندا خۆراك هەیە و پشكی چوارەمیش لە بەشەخۆراكی مانگانە وەك عێراق ئامادەیە بۆ دابەشكردن و لیژنەكانیشمان بەردەوامن لە چاودێریكردنی بازاڕەكان".

وەزیری بازرگانی گوتیشی: لە ئەنجوومەنی وەزیران پێشتر بڕیاری لابردنی رەسمی گومرگی لەسەر مادە خۆراكییەكان دراوە و رۆژی 17ی6ی2022، وادەكەی كۆتایی دێت و جارێكی تر دیراسەی دەكەینەوە تاچەند كاریگەریی لەسەر بازاڕەكان كردووە، بەلای ئێمەوە بڕیارەكە كاریگەریی هەبووە و توانیومان باڵانسێك رابگرین هەرچەندە فاكتەرەكان دەرەكین، بەڵام بڕیارەكە كاریگەریی لەسەر نرخ لە بازاڕەكاندا هەبووە".

كەمال موسلیم، داوای كرد، كەس پەنا بۆ گرانفرۆشی نەبات و گوتی: "داوادەكەین وەك ئەركی نیشتمانی و ئایینی و ئەخلاقی كاسبكاران و بازرگانان پەنا نەبەنە بەر گرانكردن و هەركەسیش پەنای بۆ ببات رووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەكرێتەوە".

لەبارەی چارەسەركردنی كێشەی گرانی نرخ گوتی: ئەوەی لەدەستی ئێمەدا بێت ئەوەیە چاودێری بازاڕ بكەین و رێگری لە قۆرغكاری بكەین، پێویستە هەموو وەزارەتەكانی حكوومەت هەماهەنگی بكەن تا بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بكەین و پشت بە بەرهەمی دەرەكی نەبەستین".

شایانی باسە، ئەمڕۆ لیژنه‌ی وزه‌ و سامانه‌ سروشتییه‌كان و بازرگانی و پیشه‌سازی، به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ته‌ندروستی و ژینگه‌ و مافی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان راپۆرتێكیان ده‌رباره‌ی گرانی و بازاڕ و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی پێداویستیی رۆژنه‌ی هاووڵاتییان، ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان كرد.

وێنه‌یه‌كی راپۆرته‌كه‌ كه‌ ده‌ست (باسنیوز)كه‌وتووه‌ له‌ ناوه‌ڕۆكیدا تیشك خراوه‌ته‌ سه‌ر هۆكاره‌كانی گرانی و بازاڕ و به‌رز بوونه‌وه‌ی نرخی شتومه‌ك، هاوكات چه‌ند رێگه‌ و پێشنیازێكیان بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته‌ خستووه‌ته‌ ڕوو.

له‌ به‌شێكی راپۆرته‌كه‌دا هۆكاره‌كانی بەرزبوونه‌وه‌ی نرخی پێداویستییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شێكی بۆ زیادبوونی ژماره‌ی به‌كاربه‌ر و لاوازی به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆیی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها بڕیاره‌كانی حكوومه‌تی ناوه‌ندی عێراق به‌ یه‌كێكی تر له‌ هۆكاره‌كانی گرانی بازاڕ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ قه‌ڵه‌مداوه‌.

به‌شێكی تری راپۆرته‌ هاوبه‌شه‌كه‌ هه‌ردوو لیژنه‌ی وزه‌ و سامانه‌ سروشتییه‌كان و بازرگانی و پیشه‌سازی و لیژنه‌ی ته‌ندروستی و ژینگه‌ و مافی به‌كاربه‌ر، بریتییه‌ له‌ خستنه‌رووی چه‌ند پێشنیازێك بۆ چاره‌سه‌ری بارودۆخه‌كه‌، كه‌ تێیدا هاتووه‌، پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌ماهه‌نگییان له‌وباره‌یه‌وه‌ زیاتر بكه‌ن و هاوكات چاودێریكردنی بازاڕ زیاتر بكرێت و نرخی كاڵاو و پێداویتییه‌كانی رۆژانه‌ی هاوڵاتیان یه‌كبخرێت و رێكبخرێته‌وه‌.