ڕیسایكلینی درۆ!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 12/06/2022

ڕیسایكلینی درۆ!

لەگەڵ كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان كە تایبەت بوو بە گفتوگۆكردنی ھۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و پێداویستییە سەرەكییەكانی ھاووڵاتیان لە بازاڕدا، سەرۆكی فراكسیۆنی جووڵانەوەی نەوەی نوێ! لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: ”ئەوەی وای كردووە كە لە هەرێمی كوردستان نرخی خۆراك و پێداویستییە بنەڕەتیەكان بەرز بێتەوە، هۆكاری ئەوەیە كە ھێنانی ئەم كەلوپەلانە كۆمپانیاكانی دوو حزب بۆ خۆیانیانی قۆرخ كردووە و ناھێڵن كەسی تر خۆراك بھێنێت بۆ ھەرێم!“

كە سەیری ئەم لێدوانەم كرد، ھەستم كرد جووڵانەوەی نەوەی نوێ \كە من لەمێژە ناوم ناوە جووڵانەوەی عەبەشەكەنەی نوێ\ درۆی لێ بڕابێت و ئنجا لەبەرئەوەی درۆی لێ بڕاوە، ھاتووە درۆ كۆنەكانی خۆی ڕیسایكلین دەكاتەوە بۆ ئەوەی درۆیەكی نوێی لێ دەرچێت!

جا بۆ بەدرۆخستنەوەی ئەو لێدوانەی سەرۆكی فراكسیۆنی جووڵانەوەی عەبە شەكەنەی نوێ، بە باشم زانی كە سێ لێدوانی سێ كەسی ناو سێ ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی تایبەت بە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك لەسەر ئاستی جیھان دابنێم، بۆ ئەوەی جارێكی تر ئەو سەرۆكی فراكسیۆنە ئەم درۆیەشیان ڕیسایكلین بكاتەوە، بەڵكوو ئەمە خوایە لە ڕیسایكلینی درۆی ئەمجارەیاندا تۆزێك ڕاست ببنەوە و ڕاستیەكیان بۆ بەرھەم بھێنرێت! فەرموون ئەمەش سێ لێدوانەكە:

1- لە رۆژی 8–3–2022 سەرۆكی بەرنامەی خۆراكی جیھانی (دەیڤید بێسلی) گوتی: ”لەبەرئەوەی ڕووسیا و ئۆكراینا دوو سەرچاوەی گرنگی دابینكردنی خۆراكی جیھانن، شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە كاریگەریی لەسەر بەرھەمەكانی كشتوكاڵ ھەبووە، ئەمەش دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك لەسەر ئاستی جیھان، ھەروەھا ئەگەری ئەوەش ھەیە كە بارودۆخەكە بگاتە ڕادەی دروستبوونی جەھەنەمێك لەسەر زەوی“

2- لە رۆژی 31-3–2022 جێلبیر ئەنگبۆ سەرۆكی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی كشتوكاڵ كە سەر بە ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانە، گوتی: ”بەھۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرایناوە، ئەگەری ئەوە ھەیە كە لەسەر ئاستی جیھان بەتایبەتی لە وڵاتە تازەگەشەسەندووەكاندا، نرخی خۆراك و بەرھەمە كشتوكاڵیەكان بە ڕێژەی لە سەدا 20 بەرز ببنەوە، ھەروەھا ئەگەری بڵاوبوونەوەی برسێتی و ھەژارییش لەئارادایە.“

3- لە رۆژی 8-6-2022 ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، گوتی: ”شەڕی ڕووسیا لە ئۆكراینا، كاریگەرییەكی ترسناكی لەسەر ئاساییشی خۆراك و وزە دەبێت و ترسناكیی ئەم كاریگەرییەش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبێت، تاكە ڕێگەش بۆ وەستاندنی ئەم گەردەلوولە، كۆتاییھێنانە بە پەلامارەكانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكراینا“...
ئنجاش:

4- پسپۆڕان و شارەزایانی ئابووریی نێودەوڵەتی دەڵێن: ”بەرزبوونەوەی نرخی وزە و پەیین، حەتمەن ئەمەش لەسەر ئاستی جیھان دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و بەرھەمە كشتوكاڵیەكان.“

زۆریش گەڕام بۆ ئەوەی بزانم ئایا (دەیڤید بێسلی سەرۆكی بەرنامەی خۆراكی جیھانی، جێلبیر ئەنگبۆ سەرۆكی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی كشتوكاڵ، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان) ئەمانە خاوەن كۆمپانیاكانی پارتیین یان یەكێتیین و ئایا ھەر خۆیان خۆراك بۆ ھەرێمی كوردستان دەھێنن و ناھێڵن كەسی تر خۆراك بۆ ھەرێم بھێنێت؟ بەڵام تا ئێستا ئەو زانیارییەم دەست نەكەوتووە كە ئەو سێ كەسە، پارتی یان یەكێتی بن! ئەگەر سەرۆكی فراكسیۆنی جووڵانەوەی عەبە شەكەنەی نوێ، لەوبارەیەوە زیانیارییەك یان بەڵگەیەكی هەیە، مەمنوون دەبم، بۆم بنێرێت!