سەرۆك بارزانی له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ باڵوێزی رۆمانیا له عێراق، ئاماژه به‌وه ده‌كات، هاووڵاتیانی عێراق شایانی ئەوەن دەوڵەتێكی دامەزراوەیی و خزمەتگوزار و سەقامگیریان هەبێ و لە دوای 2003، ئەو دەرفەتە هەبوو عێراق بكەوێتە سەر ڕێگەیەكی دروست، بەڵام بەداخەوە سوود لەو دەرفەتە وەرنەگیرا. لەمبارەیەوە و لەسەر چەند پرسێكی دیكەش، ئازاد جندیانی، سیاسەتمەدار لەم دیدارەدا، وەڵامی پرسیارەكانی (باس‌نیوز) دەداتەوە:
(باس‌نیوز) داهاتووی عێراق چۆن ده‌بینیت، ئه‌م عێراقه به كۆی ئه‌و هەموو گرفتانه‌وه بەرەو كوێ ده‌چێت؟
ئازاد جندیانی: ئه‌م پرسیاره به دوو ئاراسته، یان لە دوو ئاستدا وه‌ڵام ده‌درێته‌وه. یه‌كێكیان خواستی خۆمه، ئه‌وی دیكەش ئاراستەی ڕووداوەکان و بزاوتی مێژوو، یان خوێندنەوەیانە. خواستی خۆم، وەک سەربەخۆخوازێکی کارا ئەوەیە کە ئەم عێراقەی سەد ساڵه ده‌وڵه‌تێكی داگیرکەری مایەپووچ و بێبنه‌ما و له‌سه‌ر قاچ نه‌وه‌ستاوه، هه‌ر ئاوا بمێنێته‌وه، تا ئه‌ندازه و هەلومەرجی ئێمه بتوانین مەسەلەی داگیرکردن بە وەدیهێنانی سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان پاکتاو بکەین. لێرەدا سەبارەت بەو پرسەی کە بۆچی ئەم (دەوڵەت)ە سەد ساڵه بەم هەموو پشتیوانییە نێودەوڵەتی و عەرەبی و هەرێمایەتی و بەو هەموو قووڵاییە ئایینی و مەزهەبییەوە و بەم هەموو سامانە زۆرەوە، نه‌یتوانیوه ببێتە ده‌وڵه‌تێکی سەقامگیری ئەوتۆ کە لە هەڵوەشانەوە و داڕمان و مایەپووچی سیاسی و ئەخلاقیدا لە خەم بڕەخسێ؟
بە بۆچوونی بەرەیەک لە دەستەبژێری سیاسی و ئەکادیمی و ڕووناک‌بیری کورد و ئەوانی دیكەیش، یه‌كێك له هۆكاره بنچینەیی و سەرەکییەکانی ئه‌وه‌یە كه ئەم (ده‌وڵه‌تە) لەسەر بنەمای ستراتیژ و فەلسەفەی داگیركردن بنیات نراوە، ئه‌مه ده‌وڵه‌تێك نییه كه وەک نموونە ڕۆژاواییەکان، دەوڵەتی مۆدێرنەی دیموکراتیک بێ، ئه‌سڵه‌ن ئەم عێراقە هیچ شتێك له‌و بابه‌تانە نایگرێته‌وه، به دیدی من ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ر، بەتایبەت لەم ناوچانەدا، هه‌رگیز ناتوانێت ببێته ده‌وڵه‌تی دیموكراتیک.
ئەمەش بە گوتنی ئەم ڕاستگۆییەوە کە من تێبینیی زۆرم له‌سه‌ر خودی دیموكراسی هه‌یە، بەتایبەت پەیوەست بە کۆمەڵگا داگیرکراوەکانی وەک کوردستان و وەک ئامرازی کارا بۆ پاکتاوکردنی داگیرکردن، بەتایبەت لە نموونەی کۆلۆنییە نێودەوڵەتییەکانەوە، وەک بێشکچی لە ڕووی نموونە و خەسڵەتی داگیرکردنەوە تیۆریزەی کردووە.
عێراق ناتوانێت ببێته ده‌وڵه‌تێكی سه‌قامگیر و دیموکراتیک، چونكه داگیرکردن بنیاتی سەرەکیی پێکهێنانی بەناو دەوڵەتەکەیە و ئەبێ نەتەوەی سەردەستەی خاوەنی دەوڵەتەکە، بە هەر نرخێک بێ ئەو بنیاتە داگیرکارییە بپارێزێ.
بە دەربڕینێکی دیکە، مانەوەی ئەو فۆڕمە لەو دەوڵەتە هەمیشە هەڕەشەلەسەرانە، بە شێوەیەکی نیمچەڕەها پەیوەستە بە مانەوەی خەسڵەت و شێوە و ناوەڕۆکی داگیرکارییەوە. ئەکرێ لە باسێکی دیكەدا پتر لەسەر ئەو مەسەلەیە بدوێین.
بەڵام ئەم شێوازە شلۆقە دەوڵەتدارییەی عێراق، بە یەک فاکتەر ئەتوانێ بکەوێتە سەر ڕێچکەی دەوڵەتێکی سەقامگیر و شایستە بە ژیان، ئه‌ویش بە کۆتاییهێنان بە داگیرکردنی کوردستان (باشوور)، لە ڕێی قبووڵکردنی ئیراده‌ی ڕاستەوخۆی خەڵکی کوردستان، كه له ریفراندۆمی ۲٠۱۷دا بەرجەستە بوو.
بۆیه ئه‌گه‌ر نوخبه‌ی سیاسیی عه‌ره‌بی عێراق، به شیعه و سوننه‌وه، بیانه‌وێت ببنه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تێك و رووشیان هه‌بێت سه‌یری دونیا بكه‌ن، روویان هه‌بێت بە شێوەیەکی ئەخلاقییش شانازی به ده‌وڵه‌تی نەتەوەیی خۆیانەوە بکەن، ئەبێ تا زووە بەڵێ تا زووە، ده‌ستبه‌رداری داگیرکردنی کوردستان (باشوور) بن و چیتر بە ڕێگەی بێبەها و بێئاکارترین شێوازەکان، كورد لە ژێردەستیدا نەهێڵنەوە، کە قێزەونترین، بەڵام پەردەپۆشکراوترین کۆیلایەتیی ئەم سەردەمەیە.
(باس‌نیوز) سه‌رۆك بارزانی به روونی باسی له‌وه كرد كه ئه‌و ده‌رفه‌تانه له‌ده‌ست دران، كه ده‌وڵه‌تێك له عێراق دروست بكرێت و خزمه‌تی خه‌ڵكی پێ بكرێت، ئه‌و ده‌رفه‌تانه چی بوون كه عێراقییه‌كان، یان نوخبه‌ی سیاسیی عێراق له ده‌ستی دا؟
ئازاد جندیانی: هۆكارەکان زۆرن، سه‌رۆك بارزانی له رۆژانی بانگه‌شه‌ی ریفراندۆمدا به وردی تیشكی خستنه سه‌ر. كورد له دووباره داڕشتنه‌وه‌ی (عێراقی نوێ )دا له‌دوای 2003 بەشدار بوو، بەنیازی ئەو ئەگەرەی کە عێراق له‌دوای دروستبوونیەوە له 1921ه‌وه، ئەمجارەیان شتێكی جیاواز پێشكه‌ش بكات.
سه‌رۆك بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، كه دەسەڵاتداراتنی عێراق هەمدیسان خه‌ڵكیان بێ‌ئومێد کرد لەوەی عێراقێکی جیاواز دروست ببێ. ئێستا نەک هەر کورد، بەڵکوو هه‌موو خه‌ڵكی
عێراق بێ ئومێده، به‌ڵام ئێمه وەک کورد و کوردستانییان، هه‌ر زوو بێ‌ئومێد بووین، چونکە لە پراکتیدا و بە کردەوە ئەو ڕاستییە جارێکی دیكە درەوشایەوە کە ئه‌و بیركردنهوهیەی هەر لە دامەزرانییەوە به‌سه‌ر عەقڵیەتی دەستەبژێری سیاسیی عێراقدا زاڵە، هەر زاڵ و هەژمووندارە، كه ئەویش عەقڵیەت و فیکری داگیرکردن و دکتاتۆرییەتە.
ئه‌مە هیچ جیاوازییەک دروست ناکات، کە هەر چوار ساڵ جارێك لە عێراقدا هه‌ڵبژاردن بكرێ. هەڵبژاردنێک بەو هەموو شەرمەزارییەوە، ئه‌وه‌تا وەک نموونە، خۆ هەڵبژاردنەکانی ئێرانیش هیچ جیاوازییەکی دروست نەکردووە.
ئێستا، ئەو ئاماژەدانەی سه‌رۆك بارزانی، ڕێک لەم دۆخە نێودەوڵەتی، جیهانی، ناوچەیی، عێراقی و کوردستانییەدا، پەیامی فرەئاست و فرەئاڕاستەیە، بەتایبەت بۆ هەموو ئه‌وانه‌ی كه هێشتا تێناگەن، یان ڕوونتر بڵێم، نایانه‌وێت لەوە بگه‌ن کە بنیاتنانەوەی قەوارەکانی لە شێوەی عێراق، ئێستا لەدوای ڕووداوەکانی ئۆکراینا کارێکی سەختترە لە جارانی دوای 2003. كاتێ لەو گۆشەنیگا و لەو گۆڕانکارییانەوە تەماشا ئەکەم، ئەو ڕاستییەم باشتر و درەوشاوەتر بۆ دەرئەکەوێ کە پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، خوێندنەوەیەکی ستراتیژی و ئایندەبینی بوو.
(باس‌نیوز): بۆچوونێك هه‌یه، جیهان پشتیوانیی له سیسته‌می ده‌وڵه‌تداری ده‌كات، نه‌ك گه‌لانی ناوچه‌كه، ده‌نا له پرۆسه‌ی ریفراندۆمدا بۆ ده‌بێت جیهان پشتیوانیی كورد نه‌كات؟ له‌كاتێكدا به ویستی كوردستانییه‌كان ده‌نگ بۆ كوردستانی سه‌ربه‌خۆ درا، به‌ڵام له ئاستی جیهان رێز له‌و ویسته نه‌گیرا؟
ئازاد جندیانی: كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان، كۆمه‌ڵگای ده‌وڵه‌ته‌كانه نه‌ك نه‌ته‌وه و گەلان، هەر له ناوه‌كه‌یه‌وه دیاره، ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگای نه‌ته‌وه‌كان بێت، ده‌بێ منیش وەک کورد له‌وێ نوێنهرایهتییم هه‌بێت، کە نیمە. خاڵی دواتریش ئەوەیە، کە ئه‌مانه ده‌وڵه‌تی به‌رژه‌وه‌ندین و تا ئه‌و شوێن و تا ئەو ئەندازە و تا ئەو كاته له‌گه‌ڵت ده‌بن، یان پشتیوانت دەبن، یان تییەچاوێکیان لات دەبێ کە به‌رژه‌وه‌ندییان لەوەدا هه‌بێت. بۆیه ئه‌گه‌ر پێمان وا بووبێت و ئێستاش پێمان وابێت کە ئه‌و ده‌وڵەتە زلهێز و بێهێزانەش كه لە سەردەمێک و لەکاتێکدا پشتیوانیی ئێمه ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌یە ئێمه سه‌ربه‌خۆ بین، هه‌رگیز شتی وا نییە، مه‌گه‌ر لە دۆخێک‌دا، کە به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه بێت، كورد ده‌وڵه‌تی خۆی هه‌بێت.
بۆ نموونه، رۆژئاوای كوردستان هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ره، كه توركیا هێرش بکا و وەک پرۆسەیەکی زۆر تایبەتدا گڕانی قووڵی دیمۆگرافی لە دژی کورد بکات کە ڕه‌نگه حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د قازانج له‌و ئاڵۆزییەدا بکا و ئاماژەکانیشی دیارن، بۆیه ئه‌مه‌ریكا لەسەر ئەو ئەگەرەدا قسه ده‌كات، کە ناشزانم کاردانەوەکانی ئەمریکا هەر لە ئاستی گوتاری میدیاییدا ئەمێنێتەوە یان نا، بەڵام خۆ ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی ئەمریکا و رووسیا و ئێران و ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیش لەوەدا بێ، کە نەیەڵن ئەوە ڕوو بدا، ئەوە له‌به‌ر چاوی كاڵی یه‌ك كوردیش نییه، له‌به‌ر بەرژهوهندیی هیچ حزبێكیش نییه، وەک چۆن بۆ هیچ لەو زلهێز و کەمهێزانەش پەیوەندیی بە بەها ئەخلاقییەکان و بەها مرڤایەتییەکانەوە نییە، به‌ڵكوو ئه‌وه بەرژەوەندییەکانیان وا ئه‌خوازێت. بۆیه ده‌بێ ئێمه‌ش لایه‌نگری بهرژهوهندییەکانی خۆمان بین، کە لەڕاستیدا بۆ ئێمە پڕۆسەیەکی یەگجار ئاڵۆز و قورس و مەترسیدارە، ئەگەرچی هەندێ ڕووناکیی دەرفەتئامێزی دوور و نزیکیشی بۆ ئێمە تیابێ.
ئه‌مریكا و ئەوانی دیكەیش تا ئەو شوێنە له‌گه‌ڵماندان كه به‌رژه‌وه‌ندیی تاکتیکی، یان ستراتیژیی خۆیانی تیایە. بۆ نموونە، ڕەنگە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تەنیا بۆ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك هاوكێشه‌ی لاسەنگی هه‌رێمایەتی، کوردیان لێرە و لەملا و ئەولا پێویست بێت و ئیتر هەر بایی ئەوە لەگەڵمان ئەبن. هەر بۆ نموونە، بۆ لە ساڵی 1988 ئه‌مه‌ریكا نهیئەزانی چ کارەساتێک له باشووری كوردستان، لە كیمیاباران و ئه‌نفالدا قەوماوە؟ ئەی بۆ نەک هیچی نەکرد، بەڵکوو هیچیشی نەگوت؟ بڕۆن كتێبه‌كه‌ی (گاڵبرێس) بخوێننه‌وه كه وەرگێڕدراوەتە سەر کوردییش کە له رووداوه‌كانی ئه‌نفالدا بەهۆی دۆستایەتی لەگەڵ نوێنه‌ری عێراق له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان سه‌فه‌ری كردووه و چووەته ناوچه‌كانی سلێمانی، لە کتێبەکەیدا باس ئەکات کە به چاوی خۆی پرسەی ئەنفالی لە گەرمیان بینیوه كه چووەته‌وه ئەمریکا، هه‌موو هه‌وڵێكی داوه لۆبییەك لەبارەی ئەنفالەوە له كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا دروست بکات، به‌ڵام به‌داخه‌وه نوێنه‌رایه‌تیی هه‌ندێك لە ویلایهتەکان كه چاندن و بازرگانیی برنج بڕبڕەی پشتی ئابووریی ویلایەتەکانیانە و گرێبەستی قەبەی فرۆشتنی برنجیان لەگەڵ عێراقدا هەبووە، وه‌ڵامی ئه‌و کۆنگرێسمانەیان دابووەوە کە لەسەر کەیسی ئەنفال بزاوتی دەست پێ‌کردبوو، گوتبوویان تۆ دەته‌وێت كڕیاری برنجی ویلایەتەکەمان زویر بکەین؟
ئه‌مه‌ریكا لەبەر خاتری فرۆشتنی برنجی یەک دوو لە ویلایەتەکانی، چاوی له مه‌سه‌له‌ی ئه‌نفال پۆشی، به‌داخه‌وه له كاتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ش قسهیەکیان نه‌كرد، چونکە لە بەرژەوەندییاندا نەبوو، كه‌چی رۆژانێك بۆ داگیركردنی عێراق پرسی چه‌كی كیمیاییان كرده یەکێک لە هۆكار و پاڵنەرەکانی هێرشکردنە سەر عێراق و ڕووخاندنی سەدام حوسێن لە 2003دا.
دواجار، لەم بارودۆخە ئاڵۆز و ڕوو لە وەرچەرخانە جیهانی و نێودەوڵەتییەدا، ئەم ناوچهیەش له‌ناو جەرگەی فرەقهیرانیی زۆر گه‌وره‌دایه، کە ئەم قەوارەیەی عێراقیش بەشە هەرە نەخۆشەکەیەتی. هەرگیز ئەمە بە مانای ساخڵەمی و نیشانەکانی مانەوەی ئەم قەوارەیەی عێراق نییە، کاتێ کە باس لە بڕی فرۆش و داهاتی نەوتی خۆی ئەکا، یان کە ڕیکلام بۆ زۆربوونی بڕی پارەی یەدەگ ئەکات.
خۆ له سه‌رده‌می مالیكیشدا پاره‌یه‌كی زۆری یه‌ده‌گ هه‌بوو، له‌پڕێكدا هه‌مووی ده‌رخواردی حه‌شد و گرووپه‌كانی خۆی و هاوپەیمانە هەرێمایەتییەکانی دا، تا ئەو ئەندازەیەی كه خه‌ریك بوو یه‌ده‌گی عێراق بێتە سه‌ر سفر.
پوخت و وەک کۆئەنجام ئەمەوێ بڵێم، عێراق له لوتكه‌ی قهیرانهكانیدایه و ئه‌و په‌یامه‌ی سه‌رۆك بارزانی، کە له‌گه‌ڵ باڵوێزی رۆمانیادا خستییه ڕوو، له‌كاتێكدایه كه ئه‌گه‌ری ئەوە یەگجار زۆرە، قەوارەی عێراق \بە مەبەست ناڵێم دەوڵەت، بەڵکوو ئەڵێم قەوارەی عێراق\ هێندەی ماویشیەتی هاڕەی بێت و نه‌مێنێت. ئەوە نییە سه‌رکۆمار و سەرۆک وه‌زیران و بەگشتی هه‌ر چوار سه‌رۆكایه‌تییەکەی، به شه‌رمنانه‌ش بێت نا‌وێرن، یان ڕێیان پێ نادرێ به‌رگری له سەروەریی قەوارەکەیان بكه‌ن؟ کە بە ڕێژەی جیاجیا ئەرکی دەستوورییانە، ئێستا عێراق قەوارەیەکی بێ سەروەرییە، بەڵام چڕنووک و چنگەکانی داگیرکردنی کوردستانی هێشتا کارایە.