حەنانە و بڕیاردان؛ عێراق و ڕێگە داخراوەکان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
بێوار ڕه‌حمان 12/06/2022

حەنانە و بڕیاردان؛ عێراق و ڕێگە داخراوەکان

لە سەرەتای هەڵبژاردنەکەی ئۆکتۆبەری (٢٠٢١)ەوە تا ئێستا کە نۆ مانگە هەڵبژاردن کراوە و دیاریش نییە کەی حکوومەت لە عێراق پێک دێت، سەید موقتەدا تەنیا پێداگری لەسەر یەك رستە دەكات و بەردەوام دەیڵێتەوە: "نە خۆرهەڵات نە خۆرئاوا، حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانی". سەدر بەردەوام سوورە لەسەر پێکهێنانی حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانی.

سێگۆشەی هاوپەیمانیی رزگاركردنی نیشتمان، پێک دێت لە هاوپەیمانیی خەمیس خەنجەر و محەمەد حەلبووسی کە نوێنەرایەتیی عەرەبی سوننە دەکەن و (٦٤) کورسییان هەیە، زۆرینەی کوردیش کە پارتی دیموکراتی کوردستانە (٣١) کورسیی هەیە، سەدرییەکانیش کە خۆیان خاوەنی (٧٣) کورسیین لەگەڵ شەش هاوپەیمانی دیکەش کە نزیک دەبنەوە لە (٨٢) کورسی.

سەدرییەکان بەو ژمارەیەوە تا هەنوکەش بەردەوامن، ئەوە لە کاتێکدا پێکهێنانی حکوومەت پێویستی بە (٢٢٠) دەنگی پەرلەمانە، هاوپەیمانییەکە بەگشتی تەنیا لەوە سەرکەوتوو بوون کە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەپێی ویست و خواستی خۆیان هەڵبژێرن.

سەرەکیترین پرسیار کە زۆربەی لایەنەکان و چاودێران بە دوای وەڵامەکەیدا وێڵن، ئەوەیە: ئایا سیناریۆکانی داهاتووی موقتەدا سەدر چۆن دەبێت؟ دوای نۆ مانگ لە پێکنەهێنانی حکوومەت، سەدر داوای لە کوتلەی سەدر کرد کە نامەی دەست لەکارکێشانەوەکانیان ئامادە بکەن، ڕۆژی دواتر هەر (٧١) پەرلەمانتارەکەی تەیاری سەدر دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە ڕێگەی "حاکم زاملی" یەوە، لە حەنانە پێشکەش بە نووسینگەی سەدر کرد.

ئەمجارەیان چی لە هەگبەی سەدردایە؟ ئایا وەک هەر دۆخێکی ئاسایی لە حکوومەت دەکشێنەوە و دەبنە ئۆپۆزسیۆن؟ بەپێی زانیارییەکان، ئەمجارەیان ئەگەر سەدرییەکان بڕیاری بوون بە ئۆپۆزسیۆن بدەن، هەر بە تەنیا ئۆپۆزسیۆنێکی سادەوە ناوەستن، بەڵکوو بە زمانی هەڕەشە دێنه گۆڕەپانەکە.

سەدرییەکان لە ڕێگەی (سەرایا سەلام)ەوە کە پێک دێت لە (٢٢٠٠٠) بیستودوو هەزار چەکدار و لەلایەن (ئەبوو دوعا ئەلعیساوی)یەوە سەرپەرشتی دەکرێن، جگە لە هەندێک هێزی دیکەیان کە لەلایەن فەرماندەیەك بە ناوی (ئەبوو درع)ەوە ڕێبەرایەتی دەکرێت، پاڵپشتییەكی بەهێزیان هەیە.

بەکارهێنان و بەخۆکەوتنی سەربازیی سەدر هۆیەکەی تەنیا بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە لەلایەن هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بەرهەڵستیی پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەکرێت. بەڵکوو بەپێی زانیارییەکان، مەرجەعییەتی نەجەف (ئایەتوڵڵا سیستانی)یش دەستی لە دۆخی سیاسیی عێراق شۆردووە، تەنیا دوو جار مەرجەعییەت پێشوازیی لە سەدر کردووە، ئەو جوو جارەش هۆیەکەی بۆ تێکنەچوونی ئارامیی عێراق و ڕاگرتنی دۆخە سیاسییەکە بووە.

بۆیە مەرجەعییەتی نەجەف خۆی لە سیاسەت بە دوور دەگرێت، پێدەچێت ئیتر سەدرییەکانیش هێندە گوێڕایەڵی مەرجەعیەت نەبن، چونکە مەرجەعیەت پێی وابوو حکوومەتێکی نیشتمانی پێک بێت لە عێراقدا، بەڵام سەدرییەکان لایانوایە ئەو حکوومەتە نیشتیمانییە تەنیا گەندەڵی و کارەسات و ماڵوێرانیی هێناوە بە دوای خۆیدا، بۆ نموونە: سەدان ملیار دۆلار تەنیا لە وەزارەتی نەوت و کارەبا و ئاودا بەفیڕۆ چوون و دیار نەماون! دەرئەنجامی هەموو ئەوانەش سیاسەتێکی خراپیان بەرانبەر هەرێمی کوردستان پەیڕەو کردووە لە ڕابردوودا، هەر لە لەشکرکێشی و بودجە بڕینەوە تا دوایین گێچەڵەکان لە ڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە.

پێداگریی سەدرییەکان لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینە، بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە؛
یەکەمیان، تاڵانکردن و دزین و پیسخۆرییەکی بێوێنە لە تەواوی جومگەکانی حوکمڕانی لە لایەن سەرکردەکانی حزبی دەعوەوە لە ساڵانی ڕابردوودا هەبووە.
دووەمینیان، کەمترین ڕێژەی بەشداریی هەبووە لە هەڵبژاردن و پرۆسەی دەنگداندا.

بۆیە سەدرییەکان پێیان وایە، ئەگەر بچنە حکوومەتێکی بەناو نیشتمانییەوە، ئەوا ئەمانیش وەک ئاوی ڕووبار و دەریاچەکانی عێراق لەپڕ دەبن بە هەڵم و نامێنن! بۆ نموونە: حەیدەر عەبادی دروشمی "چاکسازی و دیموکراسییەت"ی بەرز کردبوەوە، لە (٤١) کورسییەوە بوو بە (٢) کورسی، سەید عەمار حەکیم پێی وابوو عێراق لەسەر دەستی ئەو ڕاوەستاوە، لە (٢١) کورسییەوە بوو بە (٢) کورسی. بۆیە سەدرییەکان نایانەوێت چارەنووسیان وەکوو ئەو فیگەرانەی پێشووتری لێ بەسەر بێت.

خۆپیشاندان و ڕێگە داخراوەکان

لە هەر لایەکییەوە تەماشای ئەم عێراقە بکەیت، پڕە لە ئاستەنگ و ئاسۆی ڕوون نابینرێت، ڕێگەکان هەمووی داخراون و دەرچەی ڕزگاربوون لە تەڵەزگەکە نزیکە لە سفر، هاوینێکی گەرمە و کارەبا نییە و ناوەندەکانی جیهان سەرقاڵن بە دیمەنی داڕزاو و وشکهەڵهاتووی عێراقەوە، قەیرانی ژینگەیی و کەمئاوی و بەبیابانبوونی وڵاتەکە گەیشتووەتە ئاستێکی ترسناک.

دۆخەکە لەوە دەگەڕێت، سەدرییەکان بە ڕێگەی ملیۆنان خۆپیشاندەرەوە شەقامی عێراقی کۆنترۆڵ بکەن. لە بەرانبەردا حەشدی شەعبی و هێزە وەلائییەکانی نزیک لە ئێرانیش دەست بە ناڕەزایی و خۆپیشاندان بکەن، ئینجا پێکهەڵبژان و تێکپرژان لەناو ئەم کۆڵانە داخراوەدا مەگەر هەر خودا خۆی بزانێت ئەنجامەکەی چەندێک خوێن و کوشتوبڕە!

هەرێمی کوردستان و کۆڵانە داخراوەکانی عێراق

هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بێ ئومێد بووە لە پێکهێنانی حکوومەت لە عێراقدا. ئەوەش دوای ئەو دۆخە سیاسییە خراپەی عێراق و دوای ئەوەی چ ئێران و هێزە میلیشیاکانی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەکەی (٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)ەوە ٨ جار بە درۆن و مووشەک پەلاماری هەناوی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستانیان داوە. لەناویاندا لەنێو خاكی ئێرانەوە چەندین مووشەکیان گرتە ماڵی گەورە بازرگانێکی کورد و دواتریش بێتاوانیی ئەو ماڵە لە لایەن لیژنەی پەرلەمانیی عێراقەوە سەلمێندرا. پێوەند بەم هێرشانەش، حكوومەتی ئێستای عێراق، جگە لە پەیامی سەركۆنەكردن، هەڵوێستێكی جدی و كارای نەبووە.

ئەنجامەکانیش هیچ

چوارچێوەی هەماهەنگی زیاتر لە (١٥) پرۆژە و دەستپێشخەرییان دا بە موقتەدا سەدر، ئێرانییەکان (٨) جار لەگەڵ سەدر دانیشتن. هەروەها (٣) جار چوارچێوەی هەماهەنگی و سەدرییەکان پێکەوە دانیشتن، نەگەیشتنە هیچ دەرئەنجامێک، سەید موقتەدا هەر سووربوو لەسەر "لا شرقیە و لا غربیە".

ئینجا لە سەروو هەموو ئەمانەشەوە، پەرلەمانی عێراق کەوتووەتە ماوەی پشووی هاوینەی خۆیەوە و لە ماوەی ئەم مانگەدا دانانیشن! ئەوەش تاکتیکێکی دیکەی سەدر بوو کە لە سەرەتای ئەم پشووەوە داوای ئامادەكردنی دەست لەکارکێشانەوەی ئەندامانی پەرلەمانی سەر بە ڕەوتەکەی کردووە، کەواتە تا یەک مانگی دیکەش هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت، هەم پەرلەمان ئەو دەست لەکارکێشانەوەیە قەبووڵ ناکات، هەم هیچ متمانەیەک لەو ماوەیەدا بە کەس نادرێت.