كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

قەڵایەکی شوێنەواری لە سنووری شارۆچکەی بەردەڕەشە تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی تێدا نەکراوە

قەڵای ڕەش، شوێنەوارێکی مێژوویی کۆنە، دەکەوێتە گوندی (کەونەباکی)، سەر بە شارۆچکەی بەردەڕەش لە سنووری پاریزگای دهۆک و بەپێی ئەو پارچە شوێنەوارییانەی لەو قەڵایەدا هەن، مێژووەکەی بۆ سەردەمە جیاجیاکانی شارستانیەتیی مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە.

عومەر حسێن شەریف، شوێنەوارناس، لە شارۆچکەی بەردەڕەش بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''شوێنەواری قەڵای ڕەش بە دووریی سێ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری گوندی (کەونەباک)، سەر بە شارۆچکەی بەردەڕەش لە سنووری پاریزگای دهۆک و لە بەرزاییەکی بەرفراوان هەڵکەوتووە کە ڕووبەرەکەی نزیکەی هەزار مەتری چوارگۆشەیە و تاکوو ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی ورد لەسەر ئەو شوێنەوارە نەکراوە کە مێژووەکەی بەتەواوی دیاری بکرێت''.

ئەو شوێنەوارناسە گوتیشی: ''خۆمان زۆر جار سەردانی ئەو شوێنە مێژووییەمان کردووە و بەدوداچوونمان کردووە، بەڵام بەداخەوە لەلایەن خەڵکی نەناسراوەوە زۆر جار دەستدرێژی کراوەتە سەر ئەو شوێنەوارە، دەگێڕنەوە کە لە ساڵانی نەوەدەکان گۆسکێک دراوی سەردەمی عەبدولمەلیکی کوڕی مەروان لەو شوێنە دۆزراوەتەوە''.

عومەر حسێن شەریف ڕوونیشی کردەوە: ''بە درێژایی مێژوو مرۆڤ لەو دەڤەرە ژیاوە، ئەو دەڤەرە لە ڕووی شوێنەوارییەوە دەڤەرێکی گرنگە و چەندان پارچەشوێنەواریی وەکوو پارچەگۆزەی شکێنراو لەو شوێنە هەن کە بەپێی لێکۆڵینەوەی خۆمان مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە جیاکانی پێش زایین و دوای زایین و سەردەمی هاتنی ئیسلام، بەڵام ئەگەر بێت و لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی ورد لەسەر ئەو شوێنەوارە بکرێت، لەوانەیە پارچەشوێنەواریی کۆنتری تێدا بدۆزرێنەوە''.

ئەو شوێنەوارناسە گوتیشی: ''جیا لەم شوێنەی کە باسمان کرد، گوندی کەونەباک شوێنێکی دیکەی مێژوویی هەیە، پێی دەڵێن (باک)، کە کۆنترین ناوچەیە و دەکەوێتە ڕۆژئاوای گوندەکە و میژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزار تاکوو هەزار و 500 ساڵ پێش زایین کە مرۆڤ لەوێ ژیاوە، بەڵام ئەو شوێنەش هیچ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و ئەکادیمیی تێدا نەکراوە''.

عومەر حسێن شەریف ئاشکرایشی کرد: ''سنووری بەردەڕش لەڕووی مێژوویی و شوێنەوارییەوە دەڤەرێکی گرنگە و نزکەی 500 شوێنەواری هەیە و سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری ئاکرێیە و توێژینەوە لەبارەیەوە زۆر لاوازە، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی لەلایەن خەڵکەوە دەستدرێژی بکرێتە سەر شوێنەوارەکان، بەڵام ئەگەر بەڕێوبەرایەتییەکی شوێنەواری لە بەردەڕەش بکرێتەوە، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دەستدرێژییەکان و زیاتر پاراستنیان''.