ئامارێکی مەترسیداری گەندەڵی لە عێراق بڵاو دەبێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئامارێکی مەترسیداری گەندەڵی لە عێراق بڵاو دەبێتەوە

د.ئەیوب ئەنوەر: گەندەڵی لە عێراق لە ترۆپکدایە، پێویستە هەرێمی کوردستان بەتەواوی پشت بە خۆی ببەستێت


کۆمسیۆنی دەستپاکی لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، دوای لێكۆڵینەوەیەكی سێ ساڵە بۆیان دەركەوتووە، نزیكەی 700 ملیۆن دۆلار، تەنیا لە ماوەی سێ ساڵدا، لە بانكە حكوومییەكانی عێراق بە خراپی بەكار هێنراوە. هاوکات لەدوای رووخانی رژێمی دیکتاتۆری سەدامەوە، 350 بۆ 400 ملیار دۆلار لە بودجەی گشتی لە عێراق دیار نەماوە.

بەپێی زانیارییەکانی كۆمسیۆنی دەستپاكی لە عێراق، کە لە بەیاننامەیەكیدا ئاشکرا کردووە، بڕی 926 ملیار دیناری عێراقی، کە نزیکەی 700 ملیۆن دۆلار دەکات، لە ماوەی تەنیا سێ ساڵی رابردوو، بەهۆی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، گەندەڵی و سپیكرنەوەی پارە لە بانکە حکوومییەکان لە عێراق، بەهەدەر دراوە.

كۆمسیۆنەكە سەبارەت بەو دۆسیەیە ئاماژەی بەوەش كردووە، گەندەڵییەکە لەئاستێکدایە کە كارمەندەكانی بانکەکان و تەنانەت ئەو كەسانەیش كە هەژماری بانكییان هەبووە، تێوە گلاون.

هاوکات پێشتریش ئامارەکان ئەوەیان خستووەتە ڕوو، کە عێراق بووەتە ناوچەیەکی مەترسیداری گەندەڵی و لەدوای رووخانی رژێمی دیکتاتۆری عێراقەوە، 350 بۆ 400 ملیار دۆلار لە عێراق دیار نەماوە.

هاوکات، بەپێی ڕاپۆرتێكی پێشووی ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی، چینی سیاسیی دەسەڵاتدا لە عێراق لە گەندەڵیدا ڕۆ چووە، بەتایبەتی لەڕێی دەستگرتنی بەسەر چەندان ملیار دۆلار لە داهاتی نەوت، لەڕێی سندووقی یەدەگی فیدراڵییەوە.

ڕاپۆرتەكە دەڵێت: ”ئامانجی چینی سیاسیی گەندەڵ لە عێراق، تەنیا خۆدەوڵەمەندكردنە، چونكە ئەو باندە كە تایەفەگەرییان تێپەڕاندووە، بە باشی لە هونەری دزی و فێڵبازی لەسەر هەموو ئاستەكان فێر بوون، وەك كاری بەلاڕێدابردنی ڕۆتین لە خاڵەكانی پشكنین، فێڵی بانكی، دزیكردن لە مووچەی حكوومی و گرێبەستە پڕ لە گەندەڵییەكان.“

ڕاپۆرتەكە باس لە پێدانی لانی كەم 10 ملیار دۆلاری ساڵانە دەكات لەلایەن بانكی یەدەگی فیدراڵی، كە داهاتی فرۆشتنی نەوتی وڵاتەكەیە، بۆ تێپەڕاندنی زۆر لە كارەكان، زۆر لەوانەش ڕادەستی بانكە بازرگانییەكان كراون، كە بە سوود و قازانجی ئەوانە دەشكێتەوە، كە ماوەیەكی زۆرە خەریكی شۆردنەوەی پارەن لە عێراقدا.

ڕاپۆرتەكەی (نیویۆرك تایمز) بە زەحمەتی دەزانێت قەبڵاندنی تەواو بۆ ئەو پارەیە بكرێت كە لە عێراقدا دزراوە، چونكە گرێبەستەكان بە نەختینە دەكرێن، بۆیە قورسە بەڵگەنامەكان دەستەبەر بكرێن و زۆر جاریش ئامارەكانی حكوومەت باوەڕپێكراو نیین.

لەگەڵ ئەوەشدا، زانیارییە دەستبەركراوەكان ئاماژە بە تەواوكردنی سەروەتی نیشتمانیی عێراقی دەكەن، بە شێوەیەكی نەشیاو لەدەرەوەی وڵاتە و پێی وایە، ئەمەی لە عێراق كراوە لە كەم لە وڵاتانی جیهاندا ڕووی داوە.

سپیکردنەوەی پارە گه‌وره‌ترین دۆسێى گه‌نده‌ڵی

لەدوای 2003 و حوکمی چەند لایەنێکی عەرەبی شیعەی باڵادەست بەسەر هەموو جومگە سەرەکییەکاندا لە عێراق، سپیکردنەوەی پارە بووەتە گەورەترین دۆسێی گەندەڵی کە بەپێی یەکێک لە راپۆرتەکانی ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، عێراق یەکێک بوو لە وڵاتە هەرە گەندەڵەکانی جیهان کە له‌ ڕووی شەفافیەتەوە لە پلەی شەشەمی وڵاتانی عەرەبیدا‌ و لەسەر ئاستی جیهانیش لە كۆی 180 وڵات، لە پلەی 162دا ناوی هاتووە.

هەر بەپێی زانیاریی بەرپرسان و پەرلەمانتارانی عێراق، قەبارەی ئەو پارانەی بە شێوەی قاچاخ لە سەردەمی حوکمڕانیی عەرەبە شیعەکاندا لە عێراق براوەتە دەرەوەی وڵات، نزیکەی 350 ملیار دۆلار بۆ 400 ملیار دەبێت. بةلام عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق كە پێشووتر وەزیری نەوت بوو، باس لە دیارنەمانی ٥٠٠ ملیار دۆلار دەكات.
بەپێی زانیارییەکان، لە عێراق ساڵانە تەنیا بە ناوی پرۆژەی وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون، زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار پارە چووەتە دەرەوە.

لەمبارەیەوە، د.ئەیوب ئەنوەر سماقەیی، ئابووریناس و مامۆستای زانکۆ، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، ئەو ئامارانە بۆ وڵاتێکی وەکوو عێراق کە لە ترۆپکی گەندەڵیدایە، چاوەڕوانکراوە، گوتیشی: “دەبێ هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەیشی بە هەموو شێوەیەک، هەوڵی ئابووریی سەربەخۆ و دوورکەوتنەوە لە عێراق بدەن، چونکە ئەوەی لە عێراقدا روو دەدات، گەندەڵییەکی مەترسیدارە.“

ئەو مامۆستایەی زانکۆ پەنجەی لەسەر خراپیی ئیدارەدان دانا، کە پێویستە چاک بکرێت، گوتی: ”لە عێراق و تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش، ئابووریی باش و دەستی كار، سەرچاوەی سروشتی، زەویی کشتوکاڵی و هەموو ئەو ئامرازانە هەن، بەڵام گرنگە ئیدارەی باشیان بۆی هەبێت کە ئەوە بۆ هەرێمی کوردستانیش گرنگە، کە بەرەو ئابووریی سەربەخۆ و دوور لە چاولەدەستیی عێراق هەنگاو دەنێت، بەڵام ناكرێ و ناتوانرێ لەو رووەشەوە هەرێمی کوردستان بە عێراق بەراورد بکرێت، چونکە عێراق لە قۆناغێکدایە کە ئاماری ئەو پارە زۆرە و دیارنەمانی، شتێكی زۆر مەترسیدارە.“