كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لە هەولێر بیرێك بە قووڵایی 450 مەتر لێدراوە و نەگەیشتۆتە ئاوی پێویست

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: پێویستیمان بە ئامێرێكە لە 600 مەتر زیاتر قووڵ بكات

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ئاشكرای كرد، ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە هەولێر بە ڕێژەیەكی زۆر دابەزیوە، بە جۆرێك كە لە گەڕەكێك بیرێكیان بە قووڵیی 450 مەتر لێداوە، كەچی نەگەیشتۆتە ئاوی پێویست.

ئەمڕۆ شەممە 11ی حوزەیرانی 2022، زەردەشت عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "لەم دواییە لە گەڕەكی بێركۆتی نوێ، بیرێكمان لێداوە كە قووڵییەكەی 450 مەترە، هەرچەندە ئاوی هەیە، بەڵام دڵخۆشكەر نییە و ئاوەكەی خراپە و بەشی پێویست نییە".

باسیشی لەوە كرد كە لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بە 8ی حەسارۆك، وەزارەتی شارەوانی پلانی لێدانی 16 بیری داناوە و شوێنەكانیشی دیاری كردوون، "چاوەڕێ دەكەین بودجەی 8ی حەسارۆكمان پێ بگات تا دەست پێ بكەین، ئەویش بەم نزیكانە دێت".

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ئاشكرای كرد، بۆ لێدانی ئەو بیرانە، "ئامێرێكمان پێویستە كە بە قووڵیی زیاتر لە 600 مەتر بچێتە ناخی زەوییەوە، چونكە ئەو ئامێرانەی ئێستا لەبەر دەستن، تا 450 مەتر قووڵ دەكەن و لەوە زیاتر ناتوانن قووڵ بكەن".

ئەمە لە كاتێكدایە كە بەپێی گوتەی پسپۆڕان، بەهۆی وشكەساڵی و كەمیی باران و گۆڕانی شێوازی دابارین، ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی كوردستان زیاتر دابەزیوە.