كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

چیرۆكی ئەشكەنجەدانی كورد لە بەندیخانەكانی رۆژئاوای كوردستاندا دەنگ دەداتەوە

ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت: پێش ئەوەی هیچ پرۆژەیەك بكرێ، بەندیخانەیان دروست كرد

دوای خۆپیشاندانەكەی شاری قامیشلۆ لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا، لە  26ی ئاداری  2013، كە بزووتنەوەیەكی گەنجان لە دژی رفاندن و بێسەروشوێنكردن و گرتن و لێدانی چالاكوانانی كوردی رۆژئاوا دەست پێ كردبوو، ژمارەیەكی زۆر لە گەنجان و چالاكوانان كەوتنە بەندیخانەكانی پارتی یەكێتیی دیموكرات (پەیەدە)ی سەر بە پەكەكە، كە ئیدارەی ناوچەكەیان كەوتبووە دەست. 

(كورد لە بەندیخانەكانی كورداندا) كتێبێكە، حوسێن چەلەبی، توێژەری كوردی رۆژئاوای كوردستان، سەبارەت بە بەندیخانەكان و مامەڵە و هەڵسوكەوتی چەكدارانی پەیەدە بەرامبەر بە چالاكوانە گیراوەكان دەریكردووە، تیایدا، كۆمەڵێك دیداری لەگەڵ گیراوانی نێو بەندیخانەكەی پەیەدەدا كردووە.

لە كتێبەكەدا نووسەر چیرۆكی ئەشكەنجە و ئازاری گیراوانی نێو بەندیخانەكەی سەر بە پەكەكەی ئاشكرا كردووە، كە هێشتا ژمارەیەكیان، لە ترسی كاردانەوەی پەكەكە و گرووپە گرێدراوەكانی لە رۆژئاوای كوردستان، نایانەوێ ناو و ناسنامەیان ئاشكرا بكرێ.

لە كتێبی كورد لە بەندیخانەی كورداندا، گیراوانی نێو بەندیخانەكە باس لە شێواز و ئامرازەكانی ئەشكەنجەدان دەكەن، لەسەر دەستی پەیەدەدا.

یەكێك لە گیراوانی بەندیخانەكە باس لە بەشداریی خۆی لە شۆڕشی سووریا دەكات، كە لە ساڵی 2011 دەستی پێ كرد و گەیشتە شاری دێریك، لەسەر سنووری عێراق، توركیا و سووریا و دامەزراندنی یەكەم رێكخراو لە شارەكە. دەڵێت: “خۆپیشاندانەكان بەشێوەی باش بەڕێوە دەچوون و ژمارەی بەشداربووان زیاد دەبوو، تا لە خۆپیشاندانی چوارەمدا ئاڵا و دروشمەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بەرز كرانەوە، ئەمەش پێشێلكارییەكی زەق بوو بۆ سەر ئەو رێكخراوانەی خۆپیشاندانەكانیان بەڕێوە دەبرد، چونكە داواكاریی خۆپیشاندەران تایبەت بوون بە مافەكانی كوردی سووریا، بەڵام لەوساوە دووبەرەكی كەوتنە ناو ئەو كوردانەی خەڵكی ناوچەكە بوون و ئەوانەی لەدەرەوە بۆی هاتبوون”.

بەپێی دانپێدانانەكانی گیراوانی نێو بەندیخانەكانی پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان، شێوازی ئەشكەنجەدان و ئەو ئامرازانەی بەكار دەهێنران، هاوشێوەی ئەو شێواز و ئامرازانە بووە، كە دامەزراوەكانی رژێمی سەركوتكاری سووریا بەرامبەر بە خەڵكی كورد بەكاریان هێناوە.

یەكێ لە گیراوەكان ئاشكرایان كردووە: “بێڕێزی و سووكایەتیكردن بە گیراوان لەوە تێپەڕی، كە تەنیا ئەشكەنجە و ئازاری لەش بگرێتەوە”.

گیراوێكی دیكە لە دیدارەكەی نووسەری كتێبەكە ئاشكرای كردووە: “بڵندگۆیەكی دەنگ بەرزیان لەسەر دەرگای ژوورە تاكەكەسییەكەم دانابوو و دەنگی بەرز و ناخۆش و جاڕسكەریان لێ دەدا و نەیاندەهێشت بخەوم”.

زۆر نموونەی دیكە باس كراون و روونیان كردووەتەوە، كە تەنانەت گەنجان و چالاكوانان بەر لەوەی بگەن بە بەندیخانە، هەر لە كاتی خۆپیشاندانەكەدا دەدرانە بەر گوللە، یان دەڕفێنران، یاخود هەڕەشە لە خێزان و كەسوكاریان دەكرا.

حوسێن چەلەبی، ئەو نووسەر و توێژەرە شارەزایەی كاروباری كورد، پێشتر چەندین كتێبی لەسەر كوردی سووریا و بێبەشكردنیان لە ناسنامە و مافەكانیان نوسیوە، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی سووریا، تا راگەیاندنی یەكەم ئیدارەی كوردی دوای كشانەوەی رژێمی سووریا لە ناوچە كوردییەكان، تەنانەت ئەو ئیدارەیەی سەر بە پەكەكە، لەو ناوچانەی زۆرینە كوردن، بەر لە هەر شتێك و بەر لەوەی خزمەتگوزارییەكان بۆ خەڵك دابین بكات، دەستی بە دروستكردنی بەندیخانەكان كرد.