حزبوڵای عێراق چیە و چیی لە ھەولێر دەوێت؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 09/06/2022

حزبوڵای عێراق چیە و چیی لە ھەولێر دەوێت؟

بێجگە لە حزبوڵای عێراق، شەش حزبوڵای تر لە دەوڵەتانی دەوروبەری ئێمەدا ھەن كە بریتین لە: (حزبوڵای لوبنان، حزبوڵای سووریا، حزبوڵای یەمەن، حزبوڵای سعوودیە، حزبوڵای كوەیت، حزبوڵای بەحرەین) جا ئەو حزبوڵایەی كە درۆنی گرتە ھەولێر، حزبوڵای عێراقە.

لەڕووی عەقیدەیی و ئامانجی سیاسییەوە، ھیچ جیاوازییەك نیە لەنێوان حزبوڵای عێراق و ئەو شەش حزبوڵایەی تردا، ھەر ھەموویان بە خۆیان دەڵێن ”وەلائی“ واتە وەلائیان بۆ یەك مەرجەعی مەزھەبیی دەرەوەی خۆیان ھەیە و فەرمان لەو مەرجەعەوە وەردەگرن، واتە ئەم حەوت حزبوڵایە بە حزبوڵای عێراقیشەوە، ھیچیان وەلائیان بۆ وڵات و دەوڵەتەكانی خۆیان نیە.

لەڕووی سیاسییشەوە، حەسەن نەسروڵای سەركردەی حزبوڵای لوبنان، بە چەند دێڕێك ئامانجی ئەم كۆمەڵە حزبوڵایە دەخاتە ڕوو و لە 17–2–2015دا گوتی: ”چارەنووسی لوبنان، سووریا، عێراق، ئوردون، میسر، لیبیا، سعوودیە، بەحرەین، یەمەن، لە ناوچەكەدا سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئێمە شەڕ بكەین بۆ ئەوەی ئەم ھێزانەی ئێمە مافی دروستكردنەوە و داڕشتنەوەی ئەم ناوچەیەی ھەبێت!“

ئنجا كە ئەوە ئامانجی سیاسیی ھەر حەوت حزبوڵاكە بێت لە ناوچەكەدا و پێشتریش خۆیان ڕایانگەیاندبێت كە ئەوان وەلائیان بۆ ئێران ھەیە و ئێرانیش دەیەوێت لە ڕێگەی حزبوڵاكانی خۆیەوە ھەریەك لە (لوبنان، سووریا، عێراق، ئوردون، میسر، لیبیا، سعوودیە، بەحرەین، یەمەن) یان ڕاستەوخۆ ببن بە شێك لە خۆی، یان خزمەتی سیاسەت و ستراتیژی ئێران بكەن لە ناوچەكەدا و ئەوانەشی كە ڕازی نین بەم پاشكۆبوون و ملكەچكردنە، دەبێ یان ئێران خۆی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی حزبوڵاكانی خۆیەوە، سەقامگیری و ئارامیی ئەو شوێانە تێكبدەن.

ئنجا كە ئەوە ئامانجی سیاسیی ھەر حەوت حزبوڵاكە بێت لە ناوچەكەدا و پێشتریش خۆیان ڕایانگەیاندبێت كە ئەوان وەلائیان بۆ ئێرانە، ئایا ئیتر زۆر مەعلووم نیە كە حزبوڵای عێراق چیی لە ھەولێر دەوێت؟

حزبوڵاكان ھەر بە تەنیا پاشكۆیی یان خزمەتی سیاسەت و ستراتیژەكانیان لە خەڵكی ئەو شوێنانە ناوێت كە ئەوانی لێن، بەڵكوو كۆنترۆڵكردنی ژیانی ئابووریی ئەو شوێنانەشیان دەوێت، بۆ نموونە تەنیا لە ساڵی 2016دا، حزبوڵای عێراق لە گرێبەستەكانی وەزارەتی بازرگانیی عێراقدا بایی 312 ملیۆن دۆلاری گرێبەستی ھێنانی خۆراكی بۆ ئەو وەزارەتە بەركەوتووە، تەنیا لە ڕەسافەی بەغدا كە بە مەكۆی سەرەكیی حزبوڵای عێراق دادەنرێت، ئەو حزبە ئەم كۆمپانیایانەی ھەیە (الرافدين، نسيم المقام، ضفاف دجلة، الموسوي) لە كەڕادەش كۆمپانیایەكی گەشتیاریی ئایینی بە ناوی (جبل لبنان) ھەیە.

جگە لەوەش، حزبوڵای عێراق كۆمەڵێك دەستڕۆییشتوویان ھەبووە كە توانیویانە ئەفسەرانی سوپا لاببەن و لە شوێنیاندا ئەفسەران دابمەزرێنن چونكە نزیكی بڕیاربەدەستانی عێراق بوون، ئەمانەش ھەندێكن لە نموونەی ئەو دەستڕۆیشتوانەی حزبوڵای عێراق لەناو عێراقدا (ئەدهەم تەباجە، محەمەد حسێن، عەلی دەقووق، سەلیم كەوسەرانی، كەریم سلمی، عەقیل عەتوی، زوهێر ئیبراهیم.)

جا ئەم حزبوڵای عێراقە، ڕەنگە بیەوێت ھەولێریش بكات بە بەغدا و ئنجا پڕی بكات لە عەقیل و زوھێر و كەوسەرانی و پڕیشی بكات لە كۆمپانیاكانی (الرافدين، نسيم المقام، ضفاف دجله، الموسوي) واتە ئەمەش یەكێك لە ئامانجەكانی حزبوڵای عێراق بێت بەرامبەر ھەولێر، بەڵام سەیرە حزبوڵای عێراق ئەوەی بیر چووبێتەوە كە دەبابەی ئەبرامزی ئەمەریكیی دەستی ئەوان، چۆكی بە ھەولێر دانەدا!