كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

كرێكاران دەستەبەر دەكرێن و مووچەی خانەنشینییان پێ دەدرێت

" مانگانە 17%ی کۆی مووچەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سندووقی دەستەبەری کار و لە کاتی خانەنشینیدا بۆیان خەرج دەکرێت"

بۆ گەرەنتیكردنی ماف و شایستەی داراییان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 130 هەزار كرێكار دەستەبەر دەكات. وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش ئاشكرای كرد، هەر کرێکارێک دەستەبەر کرابێت، کە تەمەن و ساڵانی خزمەتی بەپێی یاسا گەیشتە تەمەنی خانەنشینی، خانەنشین دەبێت.

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "سندووقی خانەنشینی هەیە، کە هەر کرێکارێک دەستەبەر کرابێت، پارەکەی دەچێتە ئەو سندووقەوە و پاشان کە تەمەن و ساڵانی خزمەتی بەپێی یاسا گەیشتە تەمەنی خانەنشینی، خانەنشین دەبێت. لێژنەکان و پێداویستیی هاتوچۆ چالاک نەبوون، ئێستا ئەو کەموکوڕییانە چارەسەر کراون و سەرۆکی حکوومەت هەمووی دابین کردوون، بۆیە لێژنەکان چالاکن و ئەمەش وای کردووە ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو و پارەی سندووقی خانەنشینی زیاد بکات''.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی: "لە هەمان کاتدا کرێی کرێکاری ئاسایی ناکارامە 285 هەزار دینار بووە، کە ئەگەر بە سەعات کاری کردبێت، سەعاتی 1500 دینار بووە، ئەمەش بەشی پێداویستییەکانی ژیانی کەسێک ناکات، کە کار بکات، لەبەرئەوە، بە ئیمزای سەرۆکی حکوومەت، پارەکەمان زیاد کرد بۆ 350 هەزار دینار و 1500 دینارەکەش کراوەتە 2500 دینار و بڕیارەکەش چووەتە واری جێبەجێکردنەوە".

ئاماژەی بەوەش دا: "کارمان لەسەر دەستەبەرکردنی کرێکارانیش کردووە، بۆ ئەوەی گەنجان ڕوو لە کەرتی تایبەت بکەن، چونکە هاوشێوەی کەرتی گشتی خانەنشین دەبن و ئەم ڕێکارانەش خواستی کارکردن لە کەرتی گشتی کەم دەکاتەوە، لێژنەکانیش چاودێریی شوێنی کار دەکەن، تاوەکوو خاوەنکاران، کرێکاران نەچەوسێننەوە، هەر کۆمپانیایەکیش داوای دەستی کاری بیانی بکات، فەرمانمان دەرکردووە، کە دەبێت ئەو کەسەی دێت بۆ کار، لە ماوەیەکدا ڕاهێنان بە کرێکاری ناوخۆ بکات، ئەویش لەکاتێکدا، کە ئەگەر دوای بڵاوکردنەوەی هەلی کارەکە لە سێ ڕۆژنامەدا ئەو دەستی کارە لە ناوخۆدا نەبوو، ئینجا دەتوانێت کرێکاری بیانی بێنێت، ئەوەش تەواوی کۆمپانیاکان دەگرێتەوە''.

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئاشكراشی كرد: "ڕەشنووسی یاسای کار لەگەڵ ڕەشنووسی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئامادە کراوە و ئێستا ئەو ڕەشنووسە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ پەسەندکردن، هەروەها ڕێنمایی هێنانی کرێکاری بیانیمان هەموار کردووەتەوە و لە قۆناغی کۆتاییداین".

لای خۆیەوە د.عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ڕاگەیاند: "بەپێی یاسا، پێویستە ھەموو کرێکاران دەستەبەر بکرێن و مانگانە 17%ی کۆی مووچەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سندووقی دەستەبەری کار و لە کاتی خانەنشینیدا بۆیان خەرج دەکرێت، بەڵام ئەوانەی لە فەرمانگەکانی ئێمە دەستەبەر نەکراون، بێبەش دەکرێن، چونکە پێویستە تۆماری بکەن".

بەرپرسەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەشڵێت: "لە ھەرێمی کوردستان تاوەكوو ئێستا 130 ھەزار کرێکار دەستەبەر کراون و لێژنەکانی ئێمە بەردەوام سەردانی شوێنی کاریان دەکەن، بۆ ئەوەی مافی کرێکاران پارێزراو بێت".

د. عارف حیتۆ ڕوونیشی کردەوە: "ئەو پارەیەی لە چوارچێوەی دەستەبەری کار وەردەگیرێت، بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناچێت، بەڵکوو لە سندووقی دەستەبەری کارە و ھەر کرێکارێک تەمەنی گەیشتە خانەنشینی، یانیش لە ئەنجامی پێکاندا نەیتوانی بگەڕێتەوە سەر کارەکەی، ئەوا وەک ھەر فەرمانبەرێکی دیکەی حکوومەت، لەو سندووقە مووچەی خانەنشینی بۆ خەرج دەکرێت