بۆچی ئاسن و سویچی ئۆتۆمبێل لە دەنووكی باڵندەی كۆكتێل دەدەن؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بۆچی ئاسن و سویچی ئۆتۆمبێل لە دەنووكی باڵندەی كۆكتێل دەدەن؟

“بۆ ئەوەی بە ماڵیی بیفرۆشنەوە، بە نینۆكبڕ دەنووكی باڵندەی كۆكتێل دەكەن”

باڵندەی كۆكتێل، یەكێكە لەو باڵندانەی، كە خەڵكێكی زۆر ئارەزووی دەكا لە ماڵەوە بەخێوی بكات، بەتایبەت ماڵییەكەی، ئەمەش وایكردووە نرخی كۆكتێلی ماڵی بەرزتر بێت، چونكە باڵندەیەكی كۆمەڵایەتییە، بەڵام بەشێك لە فرۆشیارەكان، دەنووكی ئەو باڵندەیە دەكەن و ئازاری دەدەن، ئەمیش لە ترسان گاز ناگرێت و ئەوكاتە بەناوی ماڵی، بە نرخێكی بەرزتر دەیفرۆشن. سەرۆكی رێكخراوی داكۆكاری مافی ئاژەڵانیش ئاماژە بەوە دەكات، كە ئەو دیاردەیە هەیە، بەڵام بە بەڵگە لایان نییە كەسێك ئەو كارە بكات.

ئارام ئازاد، دوكاندارە لە مەیدانی پەلەوەرانی هەولێر، خودی خۆی كۆكتێلی ماڵی دەفرۆشێت، نكۆڵی لە بوونی ئەو دیاردەیە ناكات، بۆ (باسنیوز)، ئاماژە بەوە دەكات، كە ئەو دیارەیە بۆ ترساندنی ئەو باڵندەیە هەیە، تاكوو گاز نەگرێت، بۆ نموونە، كارتیخ لە دەنووكی دەدرێت، یاخود بە نینۆكبڕ دەنووكی دەبڕن، بەڵام بۆ هەموو كۆكتێلێك نابێت ”ئەو جۆرەی ئەو كارەی لەگەڵ دەكرێت، تەنیا كۆكتێلی میسرییە، چونكە ئەوان تۆزێك گێژن و وەك مریشكی دەواجن (مەسڵەحە)ن، دەتوانرێت بەو كارە بیانترسێنن و گاز نەگرن، كە گازیشی نەگرت، بە ماڵی هه‌ژمار دەكرێت و نرخەكەی گران دەبێت“.

ئەو باڵندەفرۆشە، ئەوەشی روون كردەوە، كاتێك ئەو باڵندەیە وای لێ دەكرێت، ترسێكی زۆر دەیگرێت و گاز ناگرێت، چونكە ئەگەر گاز بگرێت، گۆشت لێ دەكاتەوە، بەڵام كە گاز نەگرێت، كەواتە تۆ دەتوانیت دوای باڵكردنی لەسەر دەست یاری لەگەڵ بكەیت، چونكە گاز ناگرێت، ئەوكاتەش نرخی گرانتر بووە، بەڵام دەڵێت: ”ئەوە ئازاردانی باڵندەیە، لە ترسان گاز ناگرێت، نەك لە هاوڕێیەتی و خۆشەویستیی بۆ خاوەنەكە، هەندێكیش كاریان تەنیا بووەتە دەنووك بڕینی ئەو كۆكتێلە میسرییە، تا قازانج بكەن، بەڵام كاتێك دەنووكی هاتەوە گاز دەگرێت، بۆیە دەبێت دووبارە ئەوكارە بكەنەوە، بەڵام خۆمانەكە بەو جۆرە ماڵی ناكرێت، تەنیا دەبێت لە بچووكییەوە بە سلیلاك گەورەی بكەیت“.

بەختیار خالید، سەرۆكی رێكخراوی داكۆكاری مافی ئاژەڵان، لەوبارەوە، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، كە ئەوان ئاگاداری ئەو دیاردەیەن، كە بە نینۆكبڕ و كارتیخ دەنووكی نایەڵن، ئاسن و سویجی ئۆتۆمبێلی لە دەنووكی دەدەن و ئازاری دەدەن، ئەوكات باڵندەكەش دەترسێت و گاز ناگرێت، بەڵام ”ئەو باڵندەیە بەو جۆرە ماڵی نابێت، وەك ئەوە وایە تۆ دەستت بسووتێت، ناتوانیت تەوقە بكەیت، ئەو باڵندەش ئاوایە و دەنووكی كەمێك بڕاوە و ئازار دراوە، لە ترسی ئەو ئازارە گاز ناگرێت، كە گازیشی نەگرت، نرخەكەی ئەگەر ٣٠ هەزار بێت، ئەوا، دەبێتە ٥٠ بۆ ٦٠ هەزار، چونكە بە ماڵی دەیفرۆشن، ئەویش ماوەیەكە و دواتر دەنووكی دێتەوە، یاخود لەبیر دەكات و گاز دەگرێتەوە“.

سەرۆكی رێكخراوی داكۆكاری مافی ئاژەڵان نایشارێتەوە، كە نەیاتوانیوە بە بەڵگە ئەو كەسانە بناسنەوە، تاكو رێگرییان لێ بكەن، چونكە وەك خۆی دەڵێت: ”كابرا پێی بڵێی نكۆڵی لێ دەكات، دەبێت بەڵگەیەك، دیكۆمێنتێك یان ڤیدیۆیەكت لا بێت، ئەوكات دەتوانیت بەرامبەری بوەستیت، دەنا كەسەكە دەتوانێت سكاڵا بكات و بڵێ ناوی زڕاندووم“.