كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

25 ملیار دینار بۆ رزگاربووانی ئێزدی تەرخان كرا

پەرلەمانتارێكی كوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، داوای كۆمەكی دارایی بۆ رزگاربووانی كوردی ئێزدی دەكات، كە لە ساڵی 2014ەوە لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستیی داعشەوە شەش هەزار و 417 كه‌س لە هەردوو رەگەز رفێنران و بێسەروشوێن كران و تا ئێستا سێ هەزار و 550 كه‌سیان رزگار كراون.

ڤیان ده‌خیل، په‌رله‌مانتاری ئێزدی لە بەغدا رایگەیاند: "داوای 70 ملیار دینارم لە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كرد، كە بدرێت بە رزگاربووانی دەستی تیرۆریستانی داعش، دوای گفتوگۆ، رەزامەندیی درا بڕی 25 ملیار دینار بۆ ئەو رزگاركراونە تەرخان بكرێ و دەنگی لەسەر درا".

ئەو په‌رله‌مانتارەی كوردی ئێزدى لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "لەم بڕە پارەیەدا، رێژەیەكی باش لەو خەڵكە رزگاربووە سوودمەند دەبن، بۆ ئەم مەبەستە، هەماهەنگیی لەنێوان وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرایەتیی رزگاربوواندا دەكرێ".

حوسێن كۆرۆ، به‌رپرسی نووسنگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزدی بۆ (باسنیوز) رایگەیاند: "تێكڕای شه‌ش هەزار و 417 كەسی ئێزدی لە ساڵی‌ 2014 لەلایەن تیرۆریستانی داعش رفێنراون و تا ئێستا سێ هەزار و 550 كه‌س لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ رزگار كراون و هێشتا چارەنووسی دوو هەزار و 867 كه‌س دیار نییە، نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوان لە هەوڵەكانی بەردەوامە، تا یەك كەس مابێ كار بۆ رزگاركردنیان دەكرێت".

سوهام حه‌جى، كچێكی رزگاربووی ئێزدییە، ماوەی زیاتر لە ساڵێك لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدا بوو، بۆ (باسنیوز) گوتی: "رەوشی كچ و ئافرەت و منداڵان لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش باش نییە و تووشی نەخۆشیی دەروونی هاتوون، دوای رزگاربوونیشمان لەناو كەمپەكاندا ماوینەتەوە، ئەمە زۆر كاریگەریی لەسەر ئافرەت و كچانی ئێزدی كردووە، بۆیە داواكارین دۆخی شنگال ئاسایی بكرێتەوە و ئێمە بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان و پشتیوانیی ئەو كچ و ئافرەتە رزگاربووانە بكرێت، بۆ ئەوەی لە هەموو بوارێكەوە دۆخەكەیان باش ببێتەوە".

خه‌یرى بۆزانى، سه‌رپه‌رشتى دۆسیەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزدی بۆ (باسنیوز) گوتی: "بەهۆی جینۆسایدی شنگال لە ساڵی 2014، زیاتر لە دوو هەزار و 745 منداڵی ئێزدی یەتیم و بێكەس ماون و تا ئێستا چارەنووسی زۆر لە منداڵان دیار نییە، داواكارین پشتیوانیی ئێزدییان بكرێت بۆ ئاشكرابوونی چارەنووسی منداڵانی رفێنراو، تەنیا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەدوا جینۆسایدی شنگال نووسینگەی بۆ رزگاركردنی رفێنراوان كردووەتەوە و بە هەموو شێوەیەك پشتیوانییان لێ دەكات".

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەو منداڵانەی لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار كراون، هێشتا كاریگەریی ترس و تۆقینی داعشیان لەسەر ماوە، بەتایبەت باری دەروونییان ئەو منداڵە رزگاركراونە باش نییە و داواكارین زیاتر پشتیوانیی لەو منداڵە رزگاربووانە بكرێت".