كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەمڕۆ 37مین ساڵوەگەڕی بۆردومانی ئۆردوگای زێوەیە كە دەیان قوربانیی لێ کەوتەوە

سەرۆك بارزانی لە كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد)دا چۆن باسی ئەو كارەساتە دەكات

لە سەردەمی ڕژێمی لەناوچووی بەعسدا نەتەوەی كورد لە باشووری كوردستان، دووچاری چەندین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بووەوە، هەر لە ئەنفالەوە بگرە تا كیمیابارانی هەڵەبجە، كە هەموو ساڵێك یادی قوربانیانی ئەو كارەساتە جەرگبڕانە دەكرێتەوە و ئەمڕۆش (9/6/2022) ساڵوەگەڕی بۆردومانكردنی ئۆردوگای زێوەیە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە.

لە ڕۆژی 9/6/1985دا ڕژێمی بەعس، بە پێچەوانەی هەموو ڕێسایەكی نێودەوڵەتی، بە دڕندانەترین شێوە بۆردومانی ئۆردوگای زێوەی كرد و دەیان کەس لە منداڵ و گەنج و پیر بوونە قوربانی.

سەرۆك مەسعوود بارزانی، لە لاپەڕەی 284 تا 290ی كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد)دا بەوردی باسی لەو بۆردومانە كردووە و دەنووسێت: ”ڕۆژی 9ی حوزەیرانی 1985، ڕۆژێكی ڕەش بوو لە مێژووی گەلەكەماندا و یەكێكە لەو ڕۆژانەی هەرگیز لە یاددا ناسڕێتەوە. لەو ڕۆژەدا ڕژێمی بەعس بە بۆردومانكردنی ئۆردوگای زێوە، دڕدانەترین هێرش و گەورەترین تاوانی دژی مرۆڤایەتی و پێچەوانەی هەموو ڕێسا و یاسا نێودەوڵەتییەكان كرد. كارەساتی زێوە خاڵێكی ڕەشی دیكەیە لە مێژووی تاوانبارانی بەعسدا. سەعات 9:11 خولەكی بەیانی، چەندین فڕۆكەی دەسەڵاتدارە فاشیستەكانی بەعس، ئۆردوگای زێوەیان كردە ئامانجی بۆمبەكانیان و لە ماوەی چەند خولەكێكدا دەیان كەس لە منداڵ و ئافرەت و پیر و پەككەوتەیان خەڵتانی خوێن كرد''.

سەرۆك بارزانی، وەكوو ئەوەی لە كتێبەكەیدا باسی دەكات، لەگەڵ بیستنی هەواڵی بۆردومانی زێوە، سەردانی ئەوێ دەكات و دەڵێت: ''مەرگ باڵی بەسەر ئۆردوگاكەدا كێشابوو و كەم كەس توانای بینین و خۆڕاگرتنی لە ئاست تراژیدیاكەدا هەبوو''.

ئەو كارەساتە زۆر كاریگەریی لەسەر سەرۆك بەجێ هێشتووە، بۆیە بە فراوانی باسی دەكات و بینیویەتی كە دەیان ئافرەت و پیر و منداڵ شەهید بوون و سەر و دەست و قاچیان تێك ئاڵابوو، دەنووسێت: ''تا کاتژمێر 7ی ئێوارە کە خۆی لە گۆڕستان بووە، 89 كەسیان هێناوە و شاردوویانەتەوە و 160 كەسی تر، بەمەبەستی چارەسەركردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ كراون''.

سەرۆك بارزانی هەموو ئەو كەسانەی لەوێ شەهید و بریندار بوون، بە قارەمان وەسف دەکات، بەڵام وەک بەسەرهاتێکی جیاواز باس لە ئامینە خان دەكات (هاوسەری شەهید ناجی بەگ بیرۆخی و دایكی چوار شەهید و خوشكی سێ برای شەهید) و دەڵێت، بەلای ئەوەوە چیرۆکی ئەو ئافرەتە قارەمانە شتێكی جیاواز بووە و هەرگیز لە بیرەوەرییەكانیدا ناسڕێتەوە و بۆ تاهەتایە لە یادەورییدا دەمێنێتەوە.

سەبارەت بە ئامینە خان، سەرۆک بارزانی دەنووسێت: ”ئەو شێرەژنە خۆڕاگرە پارچە گۆشتی دوو كوڕ و نەوەیەكی لە كیسەیەكدا كۆ كردبووەوە، كاتێك چاوم پێی كەوت، خۆم پێ نەگیرا، كەچی هاتە لام و باوەشی پێدا كردم و گوتی (نامەوێت بە چاوی گریانەوە بتبینم، هەموویان بە قوربانت بن، دوو كوڕم ماون، ئەوانیش بە قوربانی كوردستان بن)''.

سەرۆك بارزانی لە کتێبەکەیدا سوپاسی هەڵوێستی خەڵكی گوندەكانی دەڤەری (مەرگەوەڕ)ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، چونكە لە ساتی یەكەمی بۆردومانەكەدا، بە جارێك ڕژاونەتە ئۆردوگا و درێخییان نەكردووە لە هەموو جۆرە هاوكارییەك و دەرگایان بەڕووی خەڵكی لێقەوماودا كردووەتەوە و شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین كردوون.

لەو ڕۆژە خوێناوییەدا سەرۆک بارزانی بەڵێنی داوە كە تۆڵەی خوێنی ئەو شەهید و بێتاوانانە لە ڕژێمە دژەمرۆڤایەتییەكەی بەعس بكەنەوە و بەرەوام بن لەسەر خەبات و تێكۆشان تا ڕزگاریی گەلی كوردستان.

هەر لە كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد)دا، سەرۆك باس لە بۆردومانێكی تری ڕژێمی بەعس دەكات کە ئەویش لە ڕێکەوتی 1//7/1985دا هەر کراوەتە سەر ئۆردوگای زێوە و لەو هێرشەدا هەڤاڵ دەسكۆ ئەحمەد ئیسقەیلی (ئەندامی لیژنەی ناوچەی زیوە)، شەهید بووە و 9 کەسی تریش بریندار بوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئۆردوگا چۆڵ كرابوو، ژمارەی قوربانییەكان كەمتر بووە، ئەگەرنا وەكوو ئەوەی سەرۆك باسی دەكات، بۆردومانەكە لەوەی یەكەم زۆر توندتر و قورستر بووە.