چەند راستییەک لەبارەی گرفتی بەنزین دەخرێتە روو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

چەند راستییەک لەبارەی گرفتی بەنزین دەخرێتە روو

 

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند راستییەک لەبارەی گرفتی بەنزین دەخاتەڕوو.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دابینکردنی بەنزین بە کوالێتییەکی باش و نرخێکی گونجاو. هەروەها رێگریی لە قۆرخکاری هاوردەکردنی بەنزین و هێنانی بەنزینی بێ کوالێتی دەکات".

ئەوەشی خستووەتە روو کە کارئاسانی تەواوکراوە بۆ بازرگانان، بۆ هاوردەکردنی بەنزین (لابردنی باج و گومرگ).

هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە کە بۆ دابینکردنی بەشێکی پێداویستی ناوخۆ، حکوومەت رۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنێت و بە نرخی ٦٩٠ دینار، لەڕێگەی چەند بەنزینخایەکەوە دابەش دەکرێت.

روونیشکراوەتەوە لەڕێگەی لیژنەی تایبەتییەوە، چاودێری بەردەوامی بەنزینخانەکان دەکرێت، هەر بەنزینخانەیەک سەرپێچی بکات یان کوالێتیی بەنزینەکەی خراپ بێت، سزا دەدرێت.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان راشیگەیاندووە: "بڕیار وابوو حکوومەتی فیدراڵی رۆژانە یەک ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، لە ٩ مانگی رابردوودا بەنزیکەیی نیوەی ئەو بڕەی ناردووە، لەسەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵیشەوە؛ هیچ بڕە بەنزینێک بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە".

هەروەها دەشڵێت کەوا نرخی بەنزین لەسەر ئاستی جیهان بەهۆی دۆخی جەنگەوە بەرزبۆتەوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان هەبووە.

لە کۆتایی راگەیاندراوەکەشدا ئاماژە بەوەدراوە کە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە، بەردەوام دەبن.