ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، رەخنەی توند لە بانگەشەی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەگرێت، لەوەی هێزەکانی خستووەتە ژێر فەرماندەیی و گوێڕایەڵیی رژێمی سووریا. ئاماژە بەوەش دەكات: ”رژێمی سووریا چەند توانی عەفرین بپارێزێ، هەر ئەوەندەش دەتوانێ رۆژهەڵاتی فورات بپارێزێ.“
هەڕەشەی تورکیا
دوای دەستبەسەرداگرتنی ناوچەیەکی فراوانی رۆژئاوای کوردستان لە عەفرین و سەرێ کانی لە پارێزگای حەسەکە، تورکیا نیازی وایە کەڵک لە دۆخی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا وەربگرێت و بەهۆی سیاسەتی چەوتی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان، زیاتر پێشڕەوی بکات کە بەپێی لێکدانەوەی شارەزایانی سیاسی و سەربازی، ئامانجی تورکیا چوونەژوورەوەی زیاترە بۆ خاکی سووریا، بە پشتێنەیەکی ئەمنی بە قووڵایی 32 کیلۆمەتر، کە تەواوی ئەو ناوچەیە کوردستانی رۆژئاوایە، کە پەکەکە هەژموونی خۆی بەسەر ئیدارەی خۆسەری کوردانی سووریادا سەپاندووە، ئەوەش دەرفەتی داوەتە تورکیا، بچێتە رۆژئاوای کوردستانەوە.
”ناوچەکە بە رژێمی سووریا ناپارێزرێت“
لە چەند رۆژی رابردوودا، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (ههسهده) بەئاشکرا و لەبەردەم میدیاکاندا، باسی لە پهیوهندییهكانیان لهگهڵ رژێمی سووریا کرد و گوتی، كە ههماههنگیى تهواویان لهگهڵ سووریادا ههیه و شهڕڤانانى ههسهدهیان دهستكراوه كردووه، بۆ ئهوهى لهگهڵ سووریا پێكهوه دژى توركیا شهڕ بكهن.
مهزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیى هێزەکانی (ههسهده) بۆ (ڕۆیتەرز) رایگەیاندووە، راستە ههسهده لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت، بەڵام لەگەڵ سەربازانی سووریا هەماهەنگی دەکەن، بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە لەشکرکێشییەک کە تورکیا بۆ باکووری سووریا بیكات.
لەمبارەیەوە، د.کاوە ئازیزی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، بانگەشەی فەرماندەی هەسەدە بۆ رژێمی سووریا خۆڕادەستکردنە، گوتیشی: ”رژێمی سووریا چەند توانی عەفرین بپارێزێ، هەر ئەوەندەش دەتوانێ رۆژهەڵاتی فورات بپارێزێ.“
ئاماژەی بەوەش دا، بەداخەوە هەژموونی پەکەکە بووەتە هۆکار و بیانوودان بە تورکیا کە بێتە رۆژئاوای کوردستان، گوتیشی: ”ئەگەر ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان نەبێت، ئەوا ناوچەکە یان دەکەوێتە دەستی تورکیا، یان سووریا بە هەموو توانای خۆی دەگەڕێتەوە، بەوەش کورد زیانی گەورەی بەردەکەوێت، دەبوایە مەزڵووم عەبدی لەبری هانا بۆ رژێمی سووریا ببات، بهاتایە داوای لە لەشکری رۆژ بکردایە، چونکە ئەوە روونە کە سووریا لەبەر خاتری کورد شەڕی تورکیا ناکات، لەکاتێکدا خۆی ئامادە نییە مافەکانی گەلی کورد بدات.“