بازرگانی سیاسی و سیاسیی بازرگان!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
ھۆگر نێروەیی 08/06/2022

بازرگانی سیاسی و سیاسیی بازرگان!

‏‎بازرگانانی چەک

‏‎ھەرگیز نایانەوێت شەڕ کۆتایی بێت، بۆ ئەوان گرنگ نییە چەند کەس دەکوژرێت، چەند منداڵ بێسەرپەرشت دەبێت، چونکە نە خۆی و نە منداڵەکانی لە شەڕدا نین، تا لە گیانی خۆیان بترسن، ئەمە جگە لەوەی، شەڕ ھەمیشە ماڵوێرانییە، بەڵام بۆ ئەوان ماڵ زیاتر ئاوەدان دەبێت، تا شەڕەکەش درێژە بکێشێت و گەورەتر بێت، زیاتر قازانج دەکەن و چەکەکەش بە گرانتر دەفرۆشن. زۆر کورد ھەبوون، كاتی شەڕی ناوخۆ بازرگانی چەک بوون، قەت نەیاندەویست شەڕ کۆتایی بێت، بۆ ئەوەی بازرگانییەكەیان بەردەوام بێت، زۆریش بوون ئەوانەی چەكیان بە ھەردولا دەفرۆشت و لەو بەینەدا داهاتی باشیان چنگ دەكەوت!

‏‎ھایپەرمارکێت

‏‎مارکێتێك، یان دوکانێك، یان ھەر کۆمپانیایەکی بازرگانی، کە بیەوێت بازاڕ کۆنتڕۆڵ بکات و سەرنجی زۆرترین کڕیار بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، شمەكێك کە خواستی زۆری خەڵکی لەسەرە و زۆر بەکاری دەھێنن، لە کاتی گونجاودا ھەرزان دەکات، ھەندێک جار بە زیانیش دەیفرۆشێت و قەرەبووی زیانەکەش لە کەلوپەل و كەرەستەی دیكە دەکاتەوە، بۆ نموونە، زەیت کە گران بوو، زۆر شوێن ھەبوو بە زیان دەیانفرۆشت، بەڵام تۆڵەی زیانی زەیتەکەی لە گرانفرۆشتنی شمەكی دیكەدا دەکردەوە، خەڵک بەھۆی ھەرزانیی زەیتەکە، زۆر شمەكی دیكەیشیان دەکڕی، بەم شێوەیە خاوەن ئەو شوێنە ھەم کڕیاری زۆرتر دەبوو، ھەم زیاتر قازانجی دەکرد، کە ئەمە پێی ئەڵێن ”کاتێک بازرگانێک عەقڵی سیاسیی ھەبێت.“ ئەمانەش ھەمیشە ئاواتەخوازن کە قەیرانەکان بەردەوام بن، چونکە لە قەیرانەکاندا زیاتر قازانج دەکەن.

بازرگانی سیاسی

شاسوار عەبدولواحید کاتێک بازرگان بوو، زیاتر سیاسی بوو تا بازرگان بێت، بە پارەی خەڵکی داماو و فەرمانبەر و داهات سنووردار، لە پەنا ئەو گەندەڵییەی لەو شارە هەبوو، توانیی ببێتە خاوەنی پرۆژەیەكی گەشتیاریی گەورە کە چاڤی لاندی سلێمانیە، كاتێكیش حزبی دامەزراند و ھاتە ناو سیاسەت، ئەوجا بوو بە بازرگان، بەڵام بازرگانێكی قۆزەرەوەی قەیران و تەنگژەكان، کاتێ خەڵک گلەیی لە نرخی گرانی شمەك و پێویستییەك دەكات، ئەو دێتە قسە و بە خستنەبازاڕی بڕێكی كەم لەو شمەكە و هاشوهووشی میدیایی و موزایەدەی سیاسی، سەرنجی خەڵک بۆ خۆی ڕادەکێشێت، رەنگە لە فرۆشتنی ئەو بڕە كەمە لەو شمەكە لەڕووی ئابوورییەوە زیان بکات، بەڵام كاتێ لەپای ئەو كارەی كە كردی، خەڵكێك دەنگی پێدەدەن و پەرلمانتارێك زیاتری لە پەرلەمانی بەغدا دەردەچێت، دەزانێ لە مامەڵە و سەودای دەنگ فرۆشتنی نێو پەرلەمانی عێراقدا، دە هێندە قازانج دەكات.

بازرگانی سیاسی، ھەمیشە دەیەوێت قەیران ھەبێ و خەڵک لەناو قەیران و تێكهەڵداییدا بێت، بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ ئەو بڕەخسێت کە بێتە دەنگ و بجووڵێت، ئەگەر قەیران و ئاڵۆزی نەما، ئەو بە کۆتایی خۆیی دەزانێت، ئیدی نە ڕەنگی دەمێنێت و نە دەنگی، بۆ ئەوەی بجووڵێت و بە ناوی سیاسەت بازرگانیی خۆی لەژێر پەردەی خەمی خەڵکدا بکات!

بانگەشەی کاندیدی حزب

‏‎لە یەک دوو مانگی بانگەشەی ھەڵبژاردندا، کاندیدی حزب زیاتر لە ھەموو تەمەنی خۆی لەناو خەڵك دەردەکەوێت، لە ھەموو تەمەنی خۆی بەقەد ئەو یەک دوو مانگە قسە ناکات و بەڵێن نادات، قەت هێندە پارە سەرف ناکات و خۆی بە خزمەتکار نازانێت، کەسی وا ھەبووە نەک ھەر باوەڕی بە ئیسلام نییە، بەڵکوو باوەڕی بە خوداش نییە، کە بە زمانی ئیسلام پێی دەڵێن (مولحید) کەچی لەو یەک دوو مانگەدا زیاتر لە مەلا لە مزگەوت دەردەکەوێت، لە ڕیزی دووەم نا، ھەمیشە لە ڕیزی یەکەمدا نوێژ دادەبەستێت! ھەر کە ھەڵبژاردن تەواو بوو، سروشتی خۆی وەردەگرێتەوە و دەبێتە ئەو کەسەی کەس بە ساڵ و مانگ نایبینێتەوە و قسەکانی ھەموو دەبنە بڵقی سەر ئاو!

بانگەشەی سەرۆکی حزب

شاسوار عەبدولواحید پێش ئەوەی حزب دابمەزرێنێت، نەک ھەر ھاوکاریی خەڵکی نەدەکرد، بەڵکوو پارەی خەڵکی ھەژار و ھەتیو و نەداری كۆمەڵگەی زەوت كرد و بە زمانی سادە دزی، ھەر بەو پارەیەی خەڵك و ئەو قەرزەی حکوومەتیش بووە بەو شاسوارەی ئەمڕۆ، کە خاوەن کۆشک و تەلار و ئۆتۆمبێلی گرانبەھا و پرۆژە و زۆر شتی دیكەیە.

‏‎جیاوازیی شاسوار و پەرلەمانتارێک لە بانگەشەی ھەڵبژاردندا چییە؟ کاتێ زۆرینەی خەڵک بە کاندیدەکە دەڵێن قسەکانت ھەمووی بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنە، بۆ گەیشتن بە پارە و ئیمتیازە زۆرەکانی پەرلەمانە، بە زمانی سادە پێی دەڵێن: ”درۆ دەکەیت“ ئەی ئایا ئەوەی شاسواریش بانگەشەی ھەڵبژاردن نییە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و ئامانجە كەسییەکانی خۆی؟

‏‎شاسوار پێش ئەوەی حزب دابمەزرێنێت، چەند ھاوکاریی خەڵکی کرد؟ هیچ، بەپێچەوانەوە پارەی خەڵکی دزی، چەند جار هاتە نێو خەڵكەوە و قسەی کرد؟ هیچ، چونكە ئەسڵەن زمانی قسەکردنی نەبوو قسەی پێ بکات! ئەی چەند جار لەناو خۆپیشاندان دەرکەوت؟ هیچ، چونكە ئەوکات كە خەڵک خۆپیشاندانی دەکرد، ئەو خەریکی دروستکردنی پرۆژە بوو بە پارەی خەڵک و حکوومەت. ئێستای شاسواریش دوای دامەزراندنی حزب ببینی، سەد و ھەشتا پلە جیاوازە لەگەڵ ئەوکات!

ئەوەی شاسوار دەیکات، لە تەوزیعی چەند تەنەرە ئاو و بەنزینێك، کەمێکی زۆر كەم لە خەڵك لێی سوودمەند دەبن، بەڵام بە قسەکانی ھەڵمەخەڵەتێ کە وا بزانیت لە خەمی تۆدایە و بەھۆی تۆ زیان بە خۆی دەگەیەنێ، بەڵکوو ئەمەی بۆ تۆ دەیکات بێ بەرامبەر نییە، دواجار دەنگی تۆی دەوێت بۆ گەیشتن بە کورسی، کە نەک ھەر دە بەرابەر، ئەوكات بە مامەڵكردن بەو كورسییانەوە، سەد بەرابەر قەرەبووی دەکاتەوە.