نزاری برات بھێنەوە و قەرزەكانت بدەوە، ئنجا بەنزین دابەش بكە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 08/06/2022

نزاری برات بھێنەوە و قەرزەكانت بدەوە، ئنجا بەنزین دابەش بكە!

خۆی سەرمایەدارێكی سەرمایە چەپەڵ و پۆخڵ و دەڵاڵی ھەندێك لە بەرپرسەكانە، خۆی سەرمایەدارێكی سەرزەوینێكە كە لە لایەن ھەندێك بەرپرسەوە و لەسەر حسابی موڵكی گشتی لەپڕێكدا و بە دوو سێ ئیمزا و بە نرخی ڕەمزی، واتە نرخی نزیك لە بەلاش، لایەكی زەویی سلێمانیان لێ مارە كرد!

خۆی سەرمایەدارێكی لە پڕێكدا سەرمایە كەڵەكەبووی شاگردی ئەم و ئەوە! كەچی وەھا خۆی دەردەخات كە مانیفێستی كۆمۆنیستی ساڵی 1848 ئەم خۆی لەگەڵ كارڵ ماركسدا نووسیویەتی و مژدەی ڕزگاریی یەكجاریی بەشەرییەت لە كوردستانەوە دەدات بە گوێی دنیادا! ھەر ئەوەی ماوە لە (ئێن ئاڕ تی)یەوە بڵێت: ”ئێرە دەنگی شۆڕشی جیھانە، دەنگی شۆڕشی جیھان لە چاڤی لاندەوە دەبیستن!“ ئایا دەزانن ئەمە كێیە؟

ئەمە شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێیە كە من ھەر زۆر زوو ناوم لێ ناون (جووڵانەوەی عەبە شەكەنەی نوێ) ئەم شاسوارە لە تازەترین دروشمی ناو مانیفێستەكەی خۆیدا دەڵێت: ”لە سبەیەوە بەنزینی 690 دیناری لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک دابەش دەکەین، تەنکەرێک بەنزین له‌بەردەم سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دادەنێین!“

خۆی لە ڕاستیدا كە زۆر قەرزدار بوویت و ئنجا قەرزدارییەكەشت لە ئەنجامی ساختەچێتی و دەستبڕینەوە بۆ دروست بوو، ئیتر باری دەروونیت خراپتر دەشڵەژێ و حەتمەن ئەم بارە ئاڵۆزە دەروونیەشت ڕەنگدانەوەی لەسەر جۆری وشە و قسە و ھەڵسوكەوتەكانیشت دەبێت و دوور نیە بگەیتە ڕادەیەك كە ببزڕكێنیت! ئەگینا ئەگەر وا نیە:

1- چۆن شاسوار جارێ خۆی زیاتر لە 70 ملیار دیناری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان قەرزدارە و بۆ دانەوەی ئەو قەرزانەش، دەبێ ئەو زەویانەی ھەیەتی ھەڕاجی بكات و بیانفرۆشێت، ئنجاش ڕەنگە ئەو بڕە قەرزەی حكوومەتی پێنەدرێتەوە، بەڵام دەڵێت لیتری بەنزین بە 690 دینار دەدەمە ئەنجوومەنی وەزیران؟ ئەگەر ئەمە تێكچوون و شڵەژانی بارودۆخی دەروونیی شاسوار نەبێت، ئەی چیی تری ناو لێ بنێین؟

2- ھەروەك خۆی دەستبڕ لەگەڵ خەڵكدا، برایەكیشی بە ناوی (نزار عەبدولواحید) ھەبوو لە بەغدا و كۆمپانیایەكی بە ناوی (خەیراتولدوڕ) دانابوو، لە ناوەڕاستی ساڵی 2019 و بە ناوی ئەوەی شوقەیان بۆ دروست دەكات، پێشەكیی پارەی 150 شوقەی لە ھاووڵاتیانی بەغدا وەرگرتبوو كە بەگوێرەی گرێبەست دەبوایە بە ساڵ و نیوێك ئەو شوقانە بە تەواوكراوی تەسلیمی خاوەنەكانیان بكات، كەچی ئەوە سێ ساڵ دەڕوات و نە شوقەی تەواوبوو دیارە و نە نزار خۆیشی، كە ھاووڵاتیانی خاوەن ماف چوون بۆ ئەوەی نزاری برای شاسوار ببینن، پێیان گوتوون: ”نزار عەبدولواحید ھەر لە عێراقیشدا نیە و تێی تەقاندووە بۆ دەرەوەی عێراق!“

تەنیا لەم دەستبڕینەی نزاری برای شاسواردا، بێجگە لە وەرگرتنی پێشەكیی زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلاری غەرامەی دواكەوتنی تەواوكردنی ئەو شوقانە قەرزداری ھاووڵاتیانی بەغدایە، كەچی شاسواریش لە بەغدا لەناو فراكسیۆنێكی پەرلەمانی عێراقدایە بە ناوی فراكسیۆنی (لەپێناوی خەڵكدا!) واتە لەپێناوی بەرژەوەندییەكانی خەڵكدا! ھەرچەندە ئەگەر لەسەر بنەمای دەستبڕین و ئەو درۆ و ساختەچێتییانە بوایە كە شاسوار لەگەڵ ھاووڵاتیانی كردووە، دەبوایە ناوی فراكسیۆنەكەی (فراكسیۆنی لەپێناوی شاسوار و نزار و سروە) بوایە!

ھەر بۆیە ئەو پێشنیازە بۆ شاسوار دەكەم كە پێش ئەوەی تانكەرە بەنزینی 690 دیناری بنێرێت بۆ بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران، با جارێ بچێت نزاری برای لەدەرەوە بھێنێتەوە بۆ بەغدا و كێشەكانی لەگەڵ خاوەن شوقەكاندا چارەسەر بكات و ھەموو قەرزەكانی خاوەن پشكەكانی چاڤی لاندیش لە سلێمانی بداتەوە.

بیرم كەوتەوە ھەر ئەم شاسوارە لە 1–11-2021دا گوتی: ”بۆ ماوەی یەك مانگ و بڕی یەك ملیۆن لیتر بەنزین و ھەر لیترێك بە 500 دینار دابەش دەكەم!“ جا نازانم شاسوار ئەو كاتە ئەوەی كرد یان نا ؟ ئنجا ئەو پرسیارەشم لا دروست بووە: باشە بۆچی ئەمساڵ ئەو بەنزینە 690 دینارییە لە سلێمانی دابەش ناكات و دەیەوێت بیھێنێت بۆ بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران لە ھەولێر؟ خۆ ئەگەر مەبەستەكە خزمەتكردنە، دەبێ لەپێشدا خزمەتی شۆفێرانی تاكسی لە سلێمانی بكات نەك ئەنجوومەنی وەزیران لە ھەولێر!

بەخوا پرسیارێكی تریشم ھاتووە بە خەیاڵدا: باشە ئەوە ئەگەر شاسوار سەرۆكی حكوومەت بێت و لیستی دابەشكردنی مووچە دروست بكات، ئایا ھەروەك بەنزینەكەی ئێستای یەكەم جار لە سەرۆكی حكوومەت و وەزیرەكان و ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكات؟

دە تۆ ڕاوەستە، ئەم پرسیارەشم ماوە: باشە خۆ شاسوار لە ساڵی 2021 كە گوتی یەك ملیۆن لیتر بەنزین و بۆ ماوەی یەك مانگ دابەش دەكەم، ئەو كاتە نرخی یەك لیتر بەنزین لای تانكەرەكانی شاسوار 500 دینار بوو، ئەی باشە بۆچی ئەمساڵ نرخەكەی گران كردووە و ئێستا نرخی یەك لیتر بەنزینی بۆ كردووین بە 690 دینار؟ ئەی ئەم گرانیە لای ئەو بۆچی دروست بووە؟

شاسوار تووشی دەردێكی پیس بووە و پیسیی دەردەكەی شاسوار، بەقەدەر پیسیی دەردەكانی عێراقە!