ڕووسیا ئامادەیی بۆ گەرەنتیكردنی گواستنەوەی گەنمی ئۆكراینا دەربڕی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ڕووسیا ئامادەیی بۆ گەرەنتیكردنی گواستنەوەی گەنمی ئۆكراینا دەربڕی

 

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا رای گەیاند، وڵاتەكەی ئامادەیە گەرەنتیی سەلامەتیی ئەو كەشتییانە بكات كە گەنم لە كەنارەكانی ئۆكرایناوە بۆ بازاڕەكانی جیهان دەگوازنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی ٦ی ٢٠٢٢، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە میانی پرێس كۆنفرانسێكیدا لەگەڵ مەولوود چاویشئۆغلوو، وەزیری دەرەوەی توركیا، ئاماژەی بەوە كرد: ”ئێمە ئامادەین بۆ گەرەنتیكردنی سەلامەتیی ئەو كەشتییانەی كە كەناراوەكانی ئۆكراینا جێدەهێڵن، ئەمەش بە هاوكاریی لەگەڵ دۆستە توركەكانمان“.

ئەم قسانەی لاڤرۆڤ دوای ئەوە دێت كە شەوی رابردوو بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی دروستكردنی ڕێڕەوی پارێزراو بۆ ئاسانكاریی هەناردەكردنی گەنمی ئۆكراینا بۆ دەریای ڕەش، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا.

میدیاكانی جیهان بڵاویان كردەوە، توركیا لەسەر داوای نەتەوە یەكگرتووەكان، پێشنیازی كردووە هاوكاریی بكات لە گواستنەوەی ئەو كاروانانەی كە لە كەناراوەكانی ئۆكرایناوە دەردەچن و بەرهەمی گەنمی ئەمساڵیان هەڵگرتووە. لەمبارەیەشەوە لە پرێس كۆنفرانسەكەدا وەزیری دەرەوەی توركیا، پلانەكەی نەتەوە یەكگرتووەكانی بە لۆژیكی وەسف كرد و ڕای گەیاند، دەكرێ ئەم پلانە سەربگرێت و “لەسەر ئۆكراینا و ڕووسیاشە قەبووڵی بكەن”.

ئۆكراینا چوارەم گەورەترین هەناردەكاری گەنمەشامییە لە دونیا، هەروەها خەریك بوو دەبوو بە سێیەمین گەورەترین هەناردەكاری گەنمیش لە دونیا پێش ئەوەی هێرشەكەی ڕووسیا دەست پێ بكات.

قەیرانی ئۆكراینا كە لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ەوە دەستی پێكردووە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی كەرەستە خۆراكییەكان لە هەموو دونیا، بەم هۆیەشەوە هەڕەشەی سەرهەڵدانی برسێتی لەو وڵاتانە هەستی پێ دەكرێت كە پشت بە هەناردەكانی ئۆكراینا دەبەستن، بە تایبەتیش وڵاتانی ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا. بۆیە ئەگەر جارێكی دیكە گەنم و گەنمەشامیی ئۆكراینا بگەنەوە بازاڕەكانی جیهان، ئەگەری دابەزینی نرخەكان لەئارادایە.

ڕووسیا لە بەرامبەر ئەو كارە، داوا دەكات سزاكان لەسەر هەناردە كشتوكاڵییەكانی ڕووسیا هەڵبگیرێن كە لە دوای هێرشەكەی سەر ئۆكرایناوە خراونەتە سەر ڕووسیا، وەزیری دەرەوەی توركیاش ئەم داواكارییەی بە “ڕەوا” لە قەڵەم دا.

پێش دەست پێكردنی شەڕ، ئۆكراینا ١٢٪ی كۆی گەنمی دونیا، ١٥٪ی كۆی گەنمەشامیی دونیا و ٥٠٪ی كۆی رۆنی گوڵەبەڕۆژەی لە بازاڕەكانی دونیا دابین دەكرد.

بە گوتەی ڤۆلۆدێمێر زێلێنسكی، سەرۆكی ئۆكراینا، ئێستا وڵاتەكەی ٢٠ تا ٢٥ ملیۆن تەن بەرهەمی خۆراكی تێدایە و نەتواندراوە بگەیەندرێتە بازاڕەكانی دونیا، چاوەڕوانیش دەكرێت تا وەرزی پاییز ئەم بڕە بەرهەمە بۆ ٧٠ تا ٧٥ ملیۆن تەن بەرز ببێتەوە.

بە گوتەی وەزیری كشتوكاڵی توركیا، ئۆكراینا ئێستا كەناراوە بازرگانییەكانی خۆی بە بۆمبی چێندراو دەپارێزێت، ترسیشی لەوە هەیە ئەگەر بۆمبەكان لابدات، ڕووسیا هێرشی بكاتە سەر، ئەمەش ئاستەنگی لەبەردەم گواستنەوەی بەرهەمە خۆراكییەكان دروست كردووە.

ئەگەر هەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕێگەی توركیا لەگەڵ ڕووسیا و ئۆكراینا سەربگرێت و بەرهەمی دانەوێڵەی ئۆكراینا بگاتە بازاڕەكانی جیهان، جارێكی دیكە نرخی بەرهەمە خۆراكییەكان دادەبەزن، بەمەش مەترسیی جۆراوجۆر دەڕەوێتەوە.