كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پۆتین گوتەیەكی باپیری دەكاتە ئیلهام بۆ هەنگاوە سیاسییەكانی

ڤلادمیر پۆتین، سەرۆكی ڕووسیا، ژیانی منداڵیی زۆر بە هەژاری بەڕێ كردووە، بەڵام هەمیشە ئومێدی هەبووە خۆی لەو ژیانە ڕزگار بكات و هەوڵەكانی هەمیشە جێی سەرنجی دەورووبەری بووە. لە تازەترین كتێبیشدا لەسەر ژیان و خەباتی پۆتین، ئەوە ئاشكرا دەكرێت، كە گوتەیەكی باپیرەی دەكاتە ئیلهام بۆ هەنگاوە سیاسییەكانی بە ئێستاشەوە.

ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیتاڵی (Giorgio Dell)، كتێبێكی زۆر بەبایەخ و پڕ زانیاری لەسەر پۆتین بە ناوی (جەنگەكانی پۆتین) نووسیوە و بڵاوی كردووەتەوە. لەو كتێبەدا باس لە ژیان و خەباتی سیاسیی پۆتین دەكات، هەر لە سەردەمی لاویەتییەوە تاوەكوو ئێستا.

پۆتین، سەردەمی منداڵی و هەرزەكاریی زۆر بە هەژاری بەڕێ كردووە، بەڵام لەو كاتەوەی لە دەزگای هەواڵگریی ڕووسیا (KGB) وەكوو ڕاوێژكار كاری كردووە، كاریگەریی ستالینی زۆر بەسەرەوە بووە و دەیەوێت ڕووسیا وەكوو ستالین بەڕێوە ببات.

شەڕی پۆتین لەگەڵ باپیرەی (Spiridon Ivanovic Putin)دا دەست پێ دەكات كە لە سەردەمی دەسەڵاتی قەیسەردا وەكوو چێشتلێنەر كاری كردووە.

رۆژێك (راسپوتین) كە ڕاوێژكاری باڵای قەیسەر بووە، دەچێتە ئەو چێشتخانەیەی كە Spiridon  چێشتلێنەریەتی و كاتێك شۆربا دەخوات زۆر بەدڵیەتی و دوو قاپی تر داوا دەكات. ڕاسپۆتین ئەوەندە شۆربایەكەی بەدڵە، داوا دەكات چێشتلێنەرەكە بناسێت و كاتێك بۆی دەهێنن، لێی دەپرسێت: ”تۆ خەڵكی چ شوێنێكیت؟“ ئەم پرسیارە ڕەنگە بۆ تۆی خوێنەر ئاسایی بێت، بەڵام وەكوو ئەوەی لە كتێبەكەی (Giorgio Dell)دا باسی لێوە دەكرێت، لە سەردەمی قەیسەردا كە ئەرستۆكراتەكان كۆیلەیان لە ماڵەوەدا هەبووە، بۆیە ئەو پرسیارە بەو مانایە دێت، كە لای كێ كۆیلەیت؟ هەرچەندە لە ساڵی 1861، قەیسەر ئەو یاسایەی هەڵگرت، واتە یاسای كۆلایەتی، بەڵام لە مێشكی كەسێكی گوندی وەكوو ڕاسپۆتین، پرسیارەكە هەر بەو مانایە بووە.

باپیرەی پۆتین لە وەڵامی ڕاسپۆتیندا گوتوویەتی: ”من سەر بە هیچ كەسێك نیم، خۆم خۆمم و پۆتینم“، بۆیە ڕاسپۆتین هەستاوەتە سەرپێ و پێی گوتووە؛ ”ئافرەین پۆتین، پیرۆزباییت لێ دەكەم و ئامانەتی خودات دەكەم كوڕم“.

دوای ئەوەی بەلشڤیکەكان قەیسەریان ڕووخاند و دەسەڵاتیان گرتە دەست، پۆتین بووە چێشتلێنەری لنین كە ئەندازیاری شۆڕش بوو، دوای ئەوەی لە 1924 لنین كۆچی دوایی دەكات، وەكوو چێشتلێنەری ستالین، سەرۆكی سۆڤیەت بەردەوام دەبێت.

پۆتین لە 1952 لە شاری لنینگراد لەدایك بووە و لە 1975، لەو شارەدا كۆلێژی یاسا تەواو دەكات و بۆ ماوەیەك لە ئەڵمانیا دەبێت و كار بۆ دەزگای هەواڵگریی یەكێتی سۆڤیەتی ئەوكات دەكات.

لە 1983 لەگەڵ (Lyudmilla Shkrebneva) ژیانی هاوسەری پێك دەهێنێت و دوو كچی لێی دەبێت، یەكیان دەرچووی كۆلێژی زمانی ژاپۆنییە و ئەوی تریش بەشی مێژووی تەواو كردووە، بەڵام لە 2013 لە هاوسەرەكەی جیا بووەوە.

نووسەری توركیا (ئایچە ئاتیكئۆغڵو)، كتێبەكەی (Giorgio Dell)ی خوێندووەتەوە و باس لەوە دەكات، شەڕی پۆتین بۆ یەكەم جار لەگەڵ باپیرەیدا دەستی پێ كردووە.

لە 1960، پۆتین لەگەڵ باپیرەیدا كە پێشتر باسمان كرد چێشتلێنەری لنین و ستالین بووە، یاریی شەتڕەنج دەكات، پۆتین یارییەكە لە باپیرەی دەباتەوە، بەڵام باپیرەی وا هەڵسوكەوت دەكات كە یارییەكە كۆتایی نەهاتووە، پۆتین پێی دەڵێت: ”باپیرە یاری كۆتایی هات و بردمەوە“. باپیرەی پێی دەڵێت، كێ بە تۆی گوت بردووتەوە؟ پۆتین دەڵێت، ڕێسای شەترەنج پێی گوتم بردوومەتەوە. باپیرەی دەڵێت كام ڕێسا، پیاو ئەو پیاوەیە كە ڕێساكانی خۆی، خۆی بۆ خۆی دیاری دەكات.

پۆتین ئیلهامی لەو گوتەیەی باپیری وەرگرت بۆ هەنگاوە سیاسییەكانی، بۆیە دەستووری ڕوسیای گۆڕی و لە ڕیفڕاندۆمێكدا داوای لە خەڵك كرد دەنگ بەو دەستوورە بدەن كە ڕێگە دەدات، پۆتین تا ساڵی 1936 سەرۆكی وڵات بێت، كەواتە ڕێسای خۆی، خۆی دیاری كرد.

ئەگەر ئاوڕێك لە ژیانی سیاسیی پۆتین بدەیتەوە، بۆت دەردەكەوێت كە لە هەموو هەنگاوێكی سیاسیدا بڕوای بەو ڕێسایانە نەبووە كە بۆی دانراوە، ئەو بۆ خۆی، ڕێسای خۆی داڕشتووە و لەسەری ڕۆیشتووە.

بۆیە (Giorgio Dell) لەو كتێبەیدا دەڵێت: ئەو گوتەیەی باپیری، كاریگەریی زۆری لەسەر پۆتین دروست كرد و تەنانەت پێشكەوتنەكانی پۆتین لە بواری سیاسەتدا، وەرگرتنی ئیلهامی ئەو گوتەیەی باپیری بووە، لە كاتی یاریكردنی شەترەنجدا.