كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
بەرهەم عەلی 07/06/2022

ئای چەند بیری ئاشتی خان دەكەم!

لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا، ئەو دەمەی هەرزەكار بووین و ماڵمان لە گەڕەكێكی شاری سلێمانی بوو، سەرلەئێواران كوڕوكاڵی گەڕەك، ئەو كۆڵانەمان دەتەنی و یارییەكمان دادەمەزراند، رۆژێك چاوشاركێ، رۆژێكی تر فڕیوە و ئاگرەسوورە، تاوێك یاریی هەڵماتێن و مووشێن، جارێك یاریی رەسم رەسمێن، هەندێ جار لگاو و گەلێ جاریش فووتبۆڵێنمان دەكرد، هەلووكێنیش یارییەكی دڵخوازمان بوو، ئەمما كەم رۆژ هەبوو، شەڕێكی دەستەوئێخە روو نەدات لەنێوان هەرزەكاران و كوڕگەلی گەڕەكدا! لەو دەمانەدا هەموومان چاوەڕێی دەركەوتنی كچە جوانەكەی گەڕەك (ئاشتی خان) بووین.

ئەو شەڕانە هەندێ جار لەسەر یاریی هەڵماتێن بوو، دەبووە كۆستەڵە و هەریەكە مووش و دەسكەلای خۆی هەڵدەگرتەوە و تێك دەچوو، چاوشاركێ و جۆجۆ لە دەست لەسەردان و ئاشكرابووندا دەبووە ناخۆشی، لە هەلووكێندا، لەپڕ هەلووك بەر چاوی یەكێك دەكەوت و ئەویش بێ ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە كە ئەمە یارییە و رووداوەكە بە ئەنقەسد نەبووە، پەلاماری بەرامبەرەكەی دەدا، لە یاریی فڕیوە و ئاگرەسوورەدا، زۆر جار لە ئەنجامی شەقێكی توند كە ئەندامی گرووپێك لە ئەندامێكی گرووپی بەرامبەری هەڵدەدا، دەبووە شەڕ! بەعزە جارێك یاریی فوتبۆڵینیش بە شەڕێك كۆتایی دەهات و كەس دانی بە ئەنجامی یارییەكەدا نەدەنا، بۆیە نزامان دەكرد ئاشتی خان دەركەوێ.

یاریی لگاو و تاج و لەنگەرمان لەسەر كارتی وێنەی یاریزانان یان وێنەی ئاژەڵ و باڵندەكان دەكرد، لەپڕ یەكێك خۆی و بەختی بۆی دەردەچوو و دەیبردەوە، ئیدی پەڵپ و بیانوو دەستی پێدەكرد، دۆڕاو بە ئەنجامی زارەكان رازی نەبوو، براوەش قبووڵی نەكرد لەقە لە چانسی بدرێت، لەپڕ سفرەی لگاو دەدڕێنرا و پەرداخ و زار بە ئاسماندا فڕێ دەدرا، لەوێشدا شەڕ چێ دەبوو، هەرچی جنێوی ناشرینە بە یەكمان دەدا و ئیدی جنێوەكان شەڕەكەی توندتر دەكرد، دیسان لە خوامان دەویست، ئاشتی خان بۆ ساتێكی كورت، دەرگای حەوشەی ماڵی خۆیان بكاتەوە و بە بزەیەكی خۆی رەوشەكە بگۆڕێت.

لە كۆڵانەكەی ئێمەدا، كوڕگەلێكی شەقاوە و چەقاوەسوو هەبوون، كوڕگەلی ئارام و لاشەڕیشمان هەبوو، ئەمما بەوانەمان دەگوت ”ترسنۆك!“ هەشبوو هەمیشە رۆڵی ناوبژیكەری دەبینی، ئەوان لە هەموان عاقڵتر بوون، ئاخر دەیانزانی ئەگەر ببنە لایەنگری هەر تەرەفێك، ئیدی سەر و قەپۆز و لاچاویان سەلامەت دەرناچێت! بەڵام هەرسێ گرووپ (شەقاوە و ترسنۆك و عاقڵ،) بە دەركەوتنێكی ئاشتی خان، ئارام دەبوونەوە.

ئیدی شەڕەكان زۆربەی جار لەسەر یارییەكان دەبوو، هەندێ جاریش لەسەر جنێو و رەفتاری ناشرین بوو، بۆیە هەموومان چاوەڕێی دەركەوتنی (ئاشتی خان) بووین، ئەو ئاشتی خانە، جوانترین و نەشمیلترین كچی گەڕەك بوو، بە تەمەن لە ئێمە گەورەتر بوو بۆیە پێمان دەگوت (ئاشتی خان) بەڵام هاوسەرگیریی نەكردبوو، ئاخر شۆخ و شەنگی و جوانیی ئاشتی خان لە عەقڵا نەبوو، بۆیە هیچ گەنجێك متمانەی بە خۆی نەبوو لێی بچێتە پێشەوە، جا بۆ پەیوەندیی ئەوینداری بێت یان بۆ خوازبێنی و هاوسەرگیری.

ئاشتی خان، كاتێ لە ماڵ دەهاتە دەر، بە رەوتی كەو و لەنجەی تاووس و قومری* بە كۆڵانەكەماندا رێی دەكرد، لە پۆشاكدا هێندە كەشخە بوو، ئەكتەرە بۆرژوا و ئۆرستۆكراتەكانی ئەودەمی سینەمای میسرییش شانیان لە شانی نەدەدا، پرچی خورمایی و دوو چاوی رەشی گەورە و دوو برژانگی تیژ و پڕ و درێژ و هەڵگەڕاوە، روخسارێكی درەوشاوەی هەیڤئاسا، پێستێكی سپی و سۆڵ و جەستەیەكی پڕ و جوان و بەژنزارڤ.

ئاشتی خان پەیمانگەی تەواو كردبوو و تازەكی لە فەرمانگەیەكی حكوومی دامەزرابوو، نیوەڕوان هەموان دەهاتینە دەرەوە تا ئەو كاتەی ئاشتی خان بەو هەموو جوانیە و بەو ناسكی و هەیبەتەوە لە پاسێكی پۆڵۆنی دادەبەزی و هێدی هێدی دەهاتەوە بۆ ماڵی خۆیان، هەموان لەگەڵ دیمەنی تەنوورەی كورت و ئیسكەرپیی سفت و سپی و ئەستوور و تەقەی پێڵاوە بن بەرزەكانیدا، جەرگمان دەبوو بە ئاو!

ئەودەم نەك هەر لە سلێمانی، بەڵكوو لە تەواوی عێراقیشدا، كەمترین ماركەی بۆن لە بازاڕەكاندا هەبوو، لێ كە ئاشتی خان دەهات بەلاماندا، بۆنەكەی تا چارەكە سەعاتێك لەو كۆڵانە نەدەبڕا، بۆیە دوای ئاوابوونی ئاشتی خان، هەموومان كپ دەبووین و لەو كۆڵانەدا تەنیا بۆنمان هەڵدەمژی. هەموو بە خەیاڵ لەگەڵ ئاشتی خاندا دەچووینە ماڵەوە، هەموو بە خەیاڵ دەبووینە ئاوێنەی ماڵ بۆ ئاشتی خان، هەر بەخەیاڵ دەبووینە دەزگیران و دەستلەملانی ئاشتی خان!

هەندێ جار لە گەرمەی ئەو شەڕانەدا ئاشتی خان لە سەری كۆڵانەوە دەردەكەوت، یان لە دەرگای ماڵیانەوە دەهاتە دەرێ، ئیدی كە تڵووع و جوانیی بەژن و باڵای ئاشتی خان دەردەكەوت، شەر كۆتایی پێدەهات، بۆ دەرمانیش گوێت لە جنێوێكی ناشرین نەدەبوو، شەڕكەران ئێخەی یەكتریان بەردەدا و هەموان جلوبەرگی شل و شێواوی خۆیان رێك دەخستەوە و هەریەكە و لە ئاستی خۆی، سەرەپەنجەكانی خۆیان دەكردە شانە و سەروقژیان رێك دەكردەوە، ئەوەی لە ئەنجامی شەق و بۆكس و شەپازلە، دەموقەپۆزی خوێناوی بوایە، هەر زوو گەر بە چمكی كراسەكەشی بوایە، دەیسڕی، كەس حەزی نەدەكرد، لەبەرچاوی ئاشتی خاندا، شەڕ بكات یان جنێو بدات، یان رەفتارێكی ناشیاوی لێ بوەشێتەوە.

ئەوكات هەموو ئەهلی گەڕەك، دەیانزانی ئەگەر خوانەخواستە ماڵی ئاشتی خان لەو گەڕەكە نەمێنێت و ئیدی رووخساری جوانی لە كوڕەیلی گەڕەك ئاوا بێت، هەرزەكاران و نەوجەوانانی گەڕەك، هێندە شەڕ دەكەن دەموقەپۆزی یەكتر دەكەن بە هەڵووژەی قایەری و دەنكەشاتووی بەرەوەبووی فلیقاوە، بۆیە ژنانی كۆڵانەكە نزایان دەكرد: یا ڕەبی خوایە دەست بە باڵای ئاشتی خانەوە بگریت... خوایە بۆ خاتری ئەو قورئانە ئاشتی خانمان بۆ بپارێزیت، خوایە لە عومری ئێمە هەڵگریت و بیخەیتە سەر عومری ئاشتی خان.

ساڵانێكی زۆرە من سلێمانی و گەڕەك و كۆڵانی خۆمانم جێ هێشتووە، مەخابن ئێستا نازانم سەر و سۆراخی ئاشتی خان چیە و لە كوێیە! ماوە یان نا؟ لە كوردستانە یان چووەتە دەرەوەی وڵات؟ شووی كردووە یان نا؟ جوانی و كەشخەیی جارانی ماوە یان نا؟ ئەوانە هیچیان نازانم، لێ دەزانم كە من و هەموو كوڕانی گەڕەك زۆر بیری ئاشتی خان دەكەین! دەزانم ئێستا لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە بینینی بەژن و باڵا و رووخساری فریشتەئاسای ئاشتی خانە! دەخوازم نەمرم و جارێكی تر بیبینمەوە، جارێكی تر گوێم لە تەقەی پێڵاوە بەرزەكانی بێت و نەرم نەرم هەنگاو بنێ و خۆی بكات بە كۆڵانەكەماندا، ئای ئاشتی خان، ئێمەی ئەهلی گەڕەك چەند بیرت دەكەین!


* ئەو دێڕە لە شیعری (لە درزی پەچەوە)ی مامۆستا گۆرانی شاعیر وەرگیراوە، كە هونەرمەندی شەهید قادر كابان كردووێتیە سترانێكی خۆش.