شەش پارتە ئۆپۆزسیۆنەكەی توركیا لەسەر بەربژێرێك بۆ ركابەری ئەردۆغان رێك ناكەون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

شەش پارتە ئۆپۆزسیۆنەكەی توركیا لەسەر بەربژێرێك بۆ ركابەری ئەردۆغان رێك ناكەون

شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، جگە لە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، تاوەكوو ئێستا چوار جار كۆبوونەوەیان كردووە، بەڵام لەسەر بەربژێرێك رێك نەكەتوون تا ببێتە ركابەری رەجەب تەییب ئەردۆغان، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی.

وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، لەناو ئەو شەش پارتە سیاسییەدا، كۆكن لەسەر ئەوەی بەربژێر لە پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) بێت، چونكە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، بەڵام لەسەر كەسێك لەناو ئەو پارتەدا رێك نەكوتوون تا بیكەنە بەربژێری هەڵبژادنی داهاتووی سەرۆكایەتیی توركیا.

ئەحمەد تاشتەكین، نووسەر لە رۆژنامەی (قەرار)ی توركی، پێی وایە لەناو جەهەپە سێ بەربژێر هەیە، بەڵام لەسەر یەكێك لەو بەربژێرانە رێك ناكەون، ئەوانیش ”كەمال كلیچدارئۆغڵو (سەرۆكی جەهەپە)، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو (سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبوڵ) و مەنسوور یاڤاش (سەرۆكی شارەوانیی ئەنكەرا).

پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی تر، پێیان وایە دەبێت كەسێك بەربژێر بێت، لەلای كوردیش قبوڵكراو بێت، بەتایبەت لای دەنگدەری هەدەپە.

پێشتریش سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی هەدەپە ئاماژەی دابوو، ئیمامئۆغڵو لە ناوچەی ئەنادۆڵ كەسێكی قبوڵكراوە و بە ناڕاستەوخۆ پەیامی دایە ئۆپۆزسیۆنی توركیا، ئەگەر دەتانەوێت كوردەكان دەنگ بە بەربژێری ئێوە بدەن، ئیمامئۆغڵو بەربژێر بكەن.

بەڵام عەبدوڵقادر سەلڤی، رۆژنامەنووسی نزیكی ئەردۆغان، لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی (حوریەت)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، پێی وایە ركابەری لە نێوان كلیچدارئۆغڵو و یاڤاشە، هەروەها ئاشكرای دەكات كە لە هەفتەی داهاتوو دژایەتیكردنی ئەو دوو كەسایەتییە زۆر تۆخ دەبێتەوە و دەگاتە ئاستێكی خراپ.

بەڵام وەكوو ئەوەی تاشتەكین باسی دەكات، مەرج نییە ئەوەی ببێتە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، بتوانێت بەسەر ئەردۆغاندا سەر كەوێت، دەبێت كەسایەتییەكی كاریگەر بەربژێر بكەن كە ئیمامئۆغڵوش كاریگەرترین كەسایەتیی ناو ئۆپۆزسیۆنی توركیایە.