ترس لە كورد.. ترس لە بارزانی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
ھۆگر نێروەیی 06/06/2022

ترس لە كورد.. ترس لە بارزانی

داگیرکارانی خاکی کوردستان، نەتەوەی ٥٠ ملیۆنیی کوردیان تەنیا وەکوو خێڵ و عەشیرەت قبووڵە، كە بە خێڵیشیان قبووڵ بێت، بەو مەرجەیە کە خۆیان کوێخا و ئاغا بن! گەر خۆیان ئاغا نەبن، کوردیان بە خێڵیش قبووڵ نیە و ئیدی دەیخەنە ریزی چەتە و رێگر و یاخیبووانەوە!

مێژوو پێمان دەڵێت، دەسەڵاتدارانی تورك و فارس و عەرەب، كە هەریەكەیان داگیركەری بەشێكی كوردستانی مەزنن، ھەمیشە ترسیان لە ھەبوونی کورد بووە، چەند سەدەیە خاکی کوردستانیان داگیر کردووە، ترسیان لەوەیە کورد ببن بە خۆیان نەک بەشێك لەوان، پێیان وایە گەر كورد
لەسەر خاكی خۆی حوكمڕانیی خۆی بكات، ئیدی ئەوان بچووك دەبنەوە و خۆ رەنگە بێ خاك و بێ وڵات بمێننەوە.

هەندێ لەوانە وڵاتیان هەیە، بە رووبەر هێندەی شارێكی كوردستانی مەزن نابێت، لە بوونی كورد دەترسن، هەندێكیشیان وڵاتی گەورە و فراوان و پڕچەك و بەهێزیان هەیە، كەچی لە زمان و فەرهەنگی كورد دەترسن، ترسیان لە یٔاڵای کوردستانە، ترسیان لە ناوی كوردستانە، ھەتا ئێستاش لە کەناڵە تی ڤییەكانی خۆیاندا، ئاڵای کوردستان تەڵخ دەکەن بۆ ئەوەی رەنگەكانی بە ڕوونی دیار نەبێت، ترسیان لە بیستنی ھەر پرس و بابەتێك ھەیە کە پەیوەندیی بە کوردەوە ھەبێت.

‏‎چونکە لە دیدی ئەوانەوە، جوگرافیایەك یان خاکێک نیە بە ناوی (کوردستان)، نەتەوەیەک نیە بە ناوی کورد، تەنانەت بە چاوی مرۆڤبوونیش کورد نابینن، هەمیشە هەوڵ دەدەن كورد لە ھاوکێشە سیاسییەكان دوور بخەنەوە، هەموویان دوژمنی باوككوشتەی یەكترن، بەڵام كە باس دێتە سەر دژایەتیی كورد، هەموویان كوردكوژی پلە یەكن، گەلێ جار سێ بە سێ كۆ دەبنەوە و بڕیاری رەشترین چارەنووس بۆ كورد دەدەن، ئەوان دەیانەوێ كورد لە پەرواێزدا بێت نەك لە مانشێتی رووداوەكاندا.

‏‎لە دیدی ئەوانەوە، كورد یان نابێ سیاسەت بكات، یان كە كردی دەبێ جاش و ملكەچ و گوێلەمست و كۆیلەی ئەوان بێت، دەبێ كورد شەڕ بۆ سەروەریی ئەوان بکات نەک بۆ سەروەریی خۆی، دەبێ كورد كار بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەوان بكات نەك بۆ بەرەژەوەندیی خۆی، ھیچ مافێك بە کورد بە ڕەوا نابینن، كاتێكیش لێدەگەڕێن دوو كورد بە زمانی كوردی پێكەوە قسە بكەن، پێیان وایە خێرێكی زۆر گەورەیان بە كورد كردووە!

یٔەم ڕق و کینەیەی یٔەوان بۆ کوردیان ھەبوو، دوای یٔەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی باشوور لە ساڵی ٢٠١٧دا، سەد ھێندە زیادی کرد، ئاخر چۆن دەبێ خێڵێك یان كۆمەڵێك چەتە و رێگر و كۆیلە و جڕوجانەوەر، رێفراندۆم بكەن و بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن؟ ئەم گرووپە نابێ ریفراندۆم بكەن، بەڵكوو دەبێ بە كیمیایی و بۆمبی فسفۆڕی و دەبابەی ئابرامز تەفەرتوونا بكرێن! دەبێ برسی بكرێن! دەبێ ئەرز و ئاسمانیان لێ بگیرێت!

‏‎بەڵام خۆشبەختانە ریفراندۆمێكی سەركەوتوو ئەنجام درا و نزیكەی سەدا ٩٣ی خەڵكی كوردستانی باشوور گوتیان: ”بەڵێ بۆ سەربەخۆیی... نا بۆ پاشكۆیی و داگیركراوی و ملكەچی“ ئەم هاوارەی كورد و كوردستانیان بۆ ئەوان كەم نەبوو، بەڵكوو لە شۆك شۆكتر و لە نامۆ نامۆتربوو، چونكە ئەوان ریفراندۆمیان بە دەستدرێژی بۆ سەر ئیمپراتۆرییەت و مەملەکەتی خۆیان دەزانی! باشە كێ سەرپەرشتیی ئەو ریفراندۆمە سەركەوتووەی كرد؟ كام سەركردەی كورد جورئەتی بە خەڵكی كوردستان دا و ئامادەی كردن تا بە داگیركەران بڵێن: ”نەخێر ئێمە پاشكۆبوونی ئێوەمان قبووڵ نیە و ئێمە لەسەر خاكی رەسەنی خۆمان بڕیار لە چارەنووسی خۆمان دەدەین“ بێگومان ئەوە سەرۆك مەسعود بارزانی بوو ئەوەی كرد.

ئا لەم سۆنگەیەوە و لەپای ئەو بڕیارە گەورەیەی سەرۆك بارزانی و ئەو خەباتە نەپساوەیە، تیری نێو كەوانی داگیركەرانی كوردستان، هەمیشە رووی لە سەرۆك بارزانیە، بارزانی بڵندگۆی ئەو دەنگەی کورد و كوردستانیان بوو کە بەدرێژای مێژوو كپ و خەفە کرابوو، بارزانی سەرپەرشتیی ریفراندۆمی كرد تا لە پرۆسەیەكی دیموكراسییدا، پەیامێکی ڕاشکاوانە بە گوێی جیھان بگەیەنێت و بە دۆست و نەیار بڵێت: کورد نە کۆیلەیە نە بەکرێگیراو و میلشیای ھیچ وڵات و شەخسێکە، نە شەڕ بۆ ھیچ وڵات و ئیمپراتۆریەتێک دەکات، پێشمەرگە تەنیا بەرگری لە بوونی كوردستان و كوردستانیان دەكات، كورد شەڕ بۆ نیشتیمانی خۆی دەکات و دەستبەرداری مافە رەواكانی خۆی نابێت.
‏‎
‏‎بەپێی میدیا و دراما و فیلمەكانی داگیركەرانی كوردستان، سەرۆك بارزانی ھیچ لە سیاسەت نازانێت! چونکە تەسلیمی خواستە داگیركارییەكانی ئەوان نابێت، چونکە بارزانی داوای سەربەخۆیی بۆ کوردستان دەکات و ئەمەش داوایەكی دوور لە عەقڵ و ناواقیعیە!
داگیركەران لەپاڵ هێرشی میدیایی بەردەوامیان دژی سەرۆك بارزانی، هاوكات پەسنی ئەو كوردانە دەكەن كە خۆیان بەوان فرۆشتووە، كە بوونەتە جاش و خائین، كە بوونەتە ئەوان و چیتر وەك كورد نادوێن و رەفتار ناكەن، ئەو كوردانەی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ئەوان كار دەكەن نەك بەرژەوەندیی كوردستان، ئاخر داگیركەران بەئاشكرا هاوار دەكەن: ”بوونی دەوڵەتێكی كوردی، نەک لەسەر گۆی زەوی، بەڵکوو لە مەریخیش قبووڵ ناکەین“ سەرۆك بارزانییش بەئاشكرا هاوار دەكات: ”بەردەوامیی داگیركاریی ئێوەمان نەك لە رابردوودا قبووڵ نەكردووە، بەڵكوو لە ئێستا و ئایندەش قبووڵی ناكەین“... وابزانم ئێستا روون بووەوە كە بۆچی داگیركەران بە هەموو شێوەیەك رووی هێرشیان لە سەرۆك بارزانیە.