كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

یەك ملیۆن داربەڕوو دەچێندرێت

"60 هەزار نەمام و دەنکی بەڕوو لە شەقامی 120 مەتری چێندراوە"

لەڕێگەی پڕۆژەیەكەوە تاوەكوو سێ ساڵی تر بڕیارە یەک ملیۆن داربەڕوو بچێندرێت. بەرپرسێكیش زانیاریی ورد لەسەر ئەو پڕۆژەیە ئاشكرا دەكات و ڕایدەگەیەنێت، 60 هەزار نەمام و دەنکی بەڕوو چێندراون و بەڕووەکان دەستیان بە گەشە کردووە و گەڵایان دەرکردووە.

ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری پارک و ئەندازەکانی هەولێر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکان، ڕێکخراوی هەسار و دەزگای ڕوانگە پرۆژەیەك جێبەجێ دەکەین کە ئامانج لێی چاندنی یەك ملیۆن داری بەڕووە تاوەکوو ساڵی 2025".

پڕۆژەی چاندنی ملیۆنێک داربەڕوو بە یەکەم هەوڵی کرداری لە عێراق دادەنرێت لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا، لەو کاتەی کە زیادبوونی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەهەوای زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا کۆمەڵێک لێکەوتەی نەرێنیی هەبووە لەسەر هەموو جیهان بەگشتی و لە ناوچەکەدا بەتایبەتی.

ڕێبین ئەحمەد ئاماژەی بەوەش دا: "قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە لە کۆتایی ساڵی 2021 دەستی پێ کرد بە چاندنی 60 هەزار نەمام و دەنکی بەڕوو لە ماوەی 10 ڕۆژدا کە لە هەر چاڵێکی چاندندا سێ بەڕووی تێدا چێندرا بۆ ئەوەی ڕێژەی بەڕووە گەشەکردووەکان بەرز بێتەوە، ئێستا بە ڕێژەیەکی بەرز بەڕووەکان دەستیان بە گەشە کردووە و گەڵایان دەرکردووە".

باسی لەوەش كرد، تیمی پڕۆژەکە لە نزیکەوە سەرپەرشتیی بەڕووەکان دەکەن و ئاگاداریان دەبن، هەروەها پڕۆسەی ئاودانیان بۆ جێبەجێ دەکەن و گوتیشی: "شوێنی چاندنی بەڕووەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکانەوە دەستنیشان کراوە کە بریتییە لە شەقامی 120 مەتریی پشت ماجدی مۆڵ''.

زیاتر لە 600 جۆر داری بەڕوو لە جیهاندا هەیە و زۆر جار تا سێ مەتر بەرز دەبێتەوە و هەندێک جۆری هەمیشە سەوزە. داری بەڕوو سەرەتا گوڵێکی سەوزی مەیلەوزەرد دەر دەکات و دواتر گوڵەکە دەبێت بە بەڕوو.

بەڕێوەبەری پارک و ئەندازەکانی هەولێر دەشڵێت: "پڕۆژەكە ماوەیەكی پێویستە تاوەكو بزانین سەركەوتووە، یان نا، بەڵام بەگشتی داربەڕوو سوودی زۆری بۆ ژینگە هەیە، پێشتر داربەڕوو لە چیاكان و لە گوندەكان هەبووە، ئێستا وەكو ئەزموونێك لەنێو شار دەڕوێندرێت و هیوادارین سەركەتوو بێت".

بەپێی بڵاوكراوەیكی فەرمانگەی ژینگەی هەرێمی كوردستان داربەڕوو بۆ ژینگەی سروشتی چەندین سوودی هەیە، لەوانە یەكێكه‌ لەو ڕووەكانەیە كە یارمەتیی خاوینكردنەوەی ئاو و خاك دەدات، ئەمەش لەڕێگه‌ی‌ هه‌ڵمژینی هەموو ئەو كانزا و پێكهاتە زیانبەخشانەی كە لەناو خاكدا هەن و بەكاریان ده‌هێنێت وەك پێویستی ئۆرگانی خۆی، داربەڕوو وەك سەرچاوەی خۆراكی بۆ كۆمەڵێك گیانلەبەر و باڵندە دادەنرێت، بەو واتایەیی ئەو ناوچانەی كە داربەڕووی لی بێت هۆكاریكە بۆ بوونی ئەو زیندەوەرانە، ئەمە جگە لەوەی وەك دار شوێن و مۆڵگەی هەندێك گیانلەبەر و باڵندەیە و ئه‌م جۆره‌ داره‌ یه‌كێكه‌ لەو جۆرە دارانەی كە لە كاتی ڕوودانی كارەساتە سروشتییەكان وەكوو ئاگر كەوتنەوە زۆر بەخیرایی گەشە دەكاتەوە، بەتایبەتی ئەگەر هات و داربەڕووەكە لە قۆناغی لاویدا بێت، توانای خۆگونجاندنی هەیە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ژینگە، بەمەش دەتوانیت بۆ ماوەیەكی زۆر بەرگە بگرێت لە بارودۆخی ژینگە سەختەكان وەك وشكی و پلەی گەرمای بەرز.

تەمەنی داربەڕوو بەپێی جۆرەكەی دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی تەمەنیكی زۆریان هەیە كە هەندێك جار دەگات بە 500 ساڵ.

No description available.

No description available.